هەواڵی کوردستان ئێستا

تاڵیبان دەڵێت پەنجەرەی ئەو بەشانەی باڵەخانەکان دابخرێن کە ژن لێیانەوە دیارە

تاڵیبان دەڵێت پەنجەرەی ئەو بەشانەی باڵەخانەکان دابخرێن کە ژن لێیانەوە دیارە
تاڵیبان دەڵێت پەنجەرەی ئەو بەشانەی باڵەخانەکان دابخرێن کە ژن لێیانەوە دیارە

2024-12-30 19:05:16 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


حکومەتی تاڵیبان لە فرمانێکی نوێدا ڕایگەیاند دەبێت باڵەخانەکان لە ئەفغانستان هەموو ئەو پەنجەرانە دابخەن کە بەسەر شوێنی کارکردنی ژنانەوە، وەکو حەوشەی ماڵ و مەتبەخەکاندا دەڕوانن. لە هەنگاوێکی تردا، تاڵیبان ئێوارەی یەکشەممە ڕایگەیاند هەموو ئەو ڕێکخراوە ناحکومیانە دادەخات کە کارمەندی ژنیان هەیە. وتەبێژی حکومەتی تاڵیبان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند، "بینینی ژنان لەو کاتەی لە مەتبەخ و حەوشەی ماڵن یان ئەو کاتەی ئاو لە بیرەکان دەردەهێنن سەردەکێشێت بۆ کاری ناپەسند." حکومەت داوای لە خاوەنی باڵەخانەکان کردووە دەبێت ئەو پەنجەرانە دابخەن کە بەسەر شوێنی کارکردن و جوڵەی ژنانەوە دەڕوانن، وە لە داهاتوودا دەبێت ڕەچاوی ئەو ڕێنماییە بکرێت بۆ دروستکردنی باڵەخانەی نوێ. لە فەرمانەکەدا هاتووە، لە ئەگەری هەبوونی ئەم جۆرە پەنجەرەیە لە باڵەخانەیەک، خاوەنەکەی هاندەدرێت دیوارێک دروست بکات یان بەربەست لەبەردەم پەنجەرەکە جێگیر بکرێت "بۆ ئەوەی نەبێتە مایەی بێزارکردنی دراوسێکان." هەروەها بە پێی ڕێنماییەکانی حکومەت، شارەوانی و ئیدارە بەرپرسەکان ڕاسپێردراون چاودێری دروستکردنی باڵەخانەکان بکەن بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی شوێنی دروستکردنی پەنجەرەی باڵەخانەکان بەسەر حەوشەی ماڵانەوە ناڕوانێت. فەرمانڕەوایانی تاڵیبان بەردەوام بەوە تۆمەتبار دەکرێن یاسای توند لە پێناو جیاکردنەوەی ژن لە پیاو و بەرتەسک کردنەوەی مەودای ئازادی ژنان دەردەکەن. لە هەنگاوێکی تردا، ئێوارەی یەکشەممە وەزارەتی ئابووری حکومەتەکەی تاڵیبان ڕایگەیاند هەموو ئەو ڕێکخراوە ناحکومیانە دادەخات کە هەتا ئێستا کارمەندی ژنیان تێدایە. تاڵیبان دوو ساڵ لەمەوبەر داوای لە ڕێکخراوە ناحکومییەکان کرد کارمەندی ژن لە کار نەهێڵن، بەهۆی ئەوەی گوایە ژنان لە ڕێکخراوەکاندا پابەند نین بە فرمانی باڵاپۆشی بە شێوەیەکی شەرعی. وەزارەتی ئابووری تاڵیبان دەڵیت هەموو ئەو ڕێکخراوانەی پابەند نەبوون بە بڕیارەکە دادەخرێن و مۆلەتی کاردنیان لێ وەردەگیرێتەوە.