هەواڵی کوردستان ئێستا

بە هۆی خراپی دۆخی داراییەوە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوا هەڵدەپەسێردرێت

بە هۆی خراپی دۆخی داراییەوە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوا هەڵدەپەسێردرێت
بە هۆی خراپی دۆخی داراییەوە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوا هەڵدەپەسێردرێت

2024-12-30 23:20:48 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


دەستەی سەرپەرشتیارانی کەمپەینی هاوکاری بۆ ڕۆژئاوا ڕایدەگەیەنن، بە هۆی خراپی دۆخی دارایی هاووڵاتیان و پشووەکانی سەری ساڵ کەمپەینەکەیان کە کۆکردنەوەی پارەبوو بۆ لێقەوماوانی ڕۆژئاوا لە چەند شوێنێک هەڵدەپەسێرن و دەیانەوێت لە داهاتوودا کەپمەینی هاوکاری کەلوپەل و پێداویستی ڕابگەیەنن، بۆیە داوا دەکەن حکومەتی هەرێم دەروازەی سێمێلکا بە ڕوویاندا بکاتەوە تا بتوانن کەمپەینەکە ڕابگەیەنن. دکتۆر شیرکۆ حەمە ئەمین ئەندامی دەستەی سەرپەرشتیاری کەمپەینەکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بە هۆی خراپی دۆخی دارایی هاووڵاتیان و پشووەکانەوە بڕیارماندا کەمپەینەکە لە چەند شوێنیک هەڵپەسێرین جگە لە نوێنەرایەتی خۆسەر کە هێشتا هاووڵاتیان دەتوانن هاوکاریەکانیان بگەیەنن." وتیشی،" لە داهاتوودا دەمانەوێت کەپمەینی پارەکە بگۆڕین بۆ کەمپەینی پێداویستی و لە ڕێگەی مانگی سوورەوە بیگەیەنینە لێقەوماوانی سوریا و ڕۆژئاوا." کەمپەینی هاوکاری ڕۆژئاوای کوردستان لە 7ی مانگی 12 بە سەرپەرشتی چەند کەسایەتی و پەرلەمانتار لەشاری سلێمانی دەستی پێکرد، کەمپەینەکە بە دانانی سندوقی کۆکردنەوەی پارە لە سێ شوێنی سلێمانی کە بریتی بوون لە کتێبخانەی جەمال عیرفان، ڕێکخراوی ئازادبوون و نوێنەرایەتی خۆسەر لە ڕۆژئاوا دەستی پێکرد، دوای تێپەڕبوونی نزیکەی بیست ڕۆژ کەمپەینەکە لە چەند شوێنێک هەڵپەسێرا. گەشە درا حەفید یەکێکی تر لە سەرپەرشتیارانی کەمپەینەکە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەرچەندە بڕی پارەی کۆکراوە هێشتا دیار نییە، بەڵام تێبینیمان کرد کەمپەینەکانی ساڵانی ڕابردوو باشتر بوون، کە ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕیتەوە ب ۆ خراپی دۆخی دارایی هاووڵاتیان." وتیشی،" نووسراوی فەرمیمن ئاڕاستەی حکومەتی هەرێم کردووە، کە دەرگای سێمێلکا بکاتەوە، بەڵام تا ئێستا وەڵامی نەداوینەتەوە، چونکە ئەگەر حکومەتی هەرێم دەرگای سێمێلکای سەر سنور بکاتەوە دەست دەکەینەوە بە کەمپەینەکە بە کۆکردنەوەی کەل و پەل کە پێمان وایە ئەوە باشترە لە کەمپەینی پارە." بە پێی بڕیاری ژمارە 24 کە لە 15ی 10ی ساڵی 2014 دەرچووە و لە پێنج بڕگە پێکهاتووە داوا دەکات حکومەتی هەرێم بە پێی توانای دارایی خۆی هاوکاری پێشکەش بە ڕۆژئاوای کوردستان بکات و بە فەرمی مامەڵەی لەگەڵدا بکات، بە پێچەوانەوە هەر بڕیارێک دژی ئەم یاسایە بێت بە نا یاسایی هەژمار دەکرێت، بۆیە بە قسەی سەرپەرستیارانی کەمپەینەکە داخستنی دەروازەکە " نایاساییە" و "سیاسیە." دەنگی ئەمەریکا سەبارەت بە هۆکاری داخستنی دەروازەکە و ئەگەری کردنەوەی بۆ گەیاندنی هاوکاریەکان بە ڕۆژئاوا پەیوەندی کرد بە وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، بەڵام پەیوەندیەکان بەردەست نەبوون.