نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی تاڵیبان دەکات لەسەر قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان لە ڕێکخراوە ناحکومییەکاندا
2024-12-31 17:10:21 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
سەرۆکی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڤۆڵکەر تورک ڕۆژی سێشەممە وتی بەرپرسانی تاڵیبانی فەرمانڕەوا لە ئەفغانستان دەبێت بڕیارەکەیان بۆ قەدەغەکردنی کارکردنی ژنان لە ڕێکخراوە ناحکومییەکاندا هەڵبوەشێننەوە. لە دوای ئەوەی لە مانگی هەشتی ساڵی 2021 دا کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە، تاڵیبان بە شێوەیەکی بەرچاو ژنانی لە کارە گشتییەکاندا دوورخستووەتەوە، ئەوەش وایکردووە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکۆنەی ئەو " پاکتاوییە ڕەگەزییە " بکات کە تاڵیبان دروستیکردووە. تورک لە بەیاننامەیەکدا وتی " من زۆر نیگەرانم سەبارەت بە ڕاگەیاندنەکانی ئەمدواییانەی بەرپرسانی نافەڕمی لە ئەفغانستان کە تێیدا دەڵێن مۆڵەتی ئەو ڕێکخراوە ناحکومییانە هەڵدەوەشێندرێنەوە ئەگەر بەردەوام بن لە دامەزراندنی ژنانی ئەفغانی. ئەمە بە تەواوەتی ڕێگەیەکی هەڵەیە." وتی وەزارەتی ئابووری تاڵیبان فەرمانی بە ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆ و نێودەوڵەتییەکانیش کردووە پابەندی بڕیارێک بن کە دوو ساڵ لەمەوبەر دەرچووە و قەدەغەی دەکات لەسەرییان ژنانی ئەفغانی بخەنە سەر کار. تورک وتی " دۆخی مرۆیی ئەفغانستان هێشتا زۆر خراپە، زیاتر لە نیوەی دانیشتوانەکەی لە هەژاریدا دەژین. ڕێکخراوە ناحکومییەکان ڕۆڵێکی گرنگییان هەیە لە دابینکردنی یارمەتی ژیان ڕزگارکەردا بۆ ژنان و پیاوان و کچان و کوڕانیش، ئەم ڕێوشوێنەش ڕاستەوخۆ کاردەکاتە سەر توانای دانیشتوانەکە بۆ وەرگرتنی یارمەتی مرۆیی." وتیشی " جارێکی دیکە داوا لە بەرپرسانی نافەڕمی دەکەم کە ئەفغانستان ئەم بڕیارە جیاکارییە هەڵبوەشێننەوە، هەموو ئەو ڕێوشوێنانەی دیکەش کە دەستڕاگەیشتنی ژنان و کچان بە خوێندن و کارکردن و خزمەتی گشتی لە ناودەبەن، بە تەندروستیشەوە." وتی " هیچ وڵاتێک ناتوانێت لە ڕووی سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتیشەوە پێشبکەوێت ئەگەر نیوەی دانیشتوانەکەی لە ژیانی گشتی دووربخاتەوە." هەروەها وتی بەرپرسانی ئەفغانستان دەبێت بۆ داهاتووی وڵاتەکە ئاڕاستەکەیان بگۆڕن. تاڵیبان خوێندنی ناوەندی و ئامادەیی بۆ کچان و ژنان قەدەغە کردووە، کارکردنی ژنانی قەدەغە کردووە و دەستڕاگەیشتنیشیان بۆ پارکەکان و شوێنە گشتییەکانی دیکە قەدەغە کردووە. سەرچاوە/ فرانس پرێس