هەواڵی کوردستان ئێستا

پارێزەرانی سوریایی داوای هەڵبژاردنێکی ئازادی کۆمەڵەی پارێزەران دەکەن

پارێزەرانی سوریایی داوای هەڵبژاردنێکی ئازادی کۆمەڵەی پارێزەران دەکەن
پارێزەرانی سوریایی داوای هەڵبژاردنێکی ئازادی کۆمەڵەی پارێزەران دەکەن

2024-12-31 19:05:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


پارێزەرێکی سوریایی ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، پارێزەرانی سوریایی داواکارییەکییان لە ئۆنلاین پێشنیار کردووە و تێیدا داوای هەڵبژاردنێکی ئازاد دەکەن بۆ کۆمەڵەی پارێزەران، ئەوەش دوای ئەوەی فەرمانڕەوا نوێیەکانی وڵاتەکە ئەنجومەنێکیان دەستنیشان کرد بۆ فەرمانڕەواییکردنی کۆمەڵەکە. پێشتر لەم مانگەدا گروپە چەکدارییە یاخیبووەکان بە سەرکردایەتی ئیسلامییەکان ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدییان ڕووخاند و کۆتاییان بە دەسەڵاتە 50 ساڵەییەکەی بنەماڵەی ئەسەد هێنا. پارێزەر عەبدولهای سەعید کە داواکارییەکەی واژۆ کردووە، بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت فەرمانڕەوا نوێیەکانی سوریا " ئەنجومەنێکی نوێیان دەستنیشان کردووە " بۆ فەرمانڕەواییکردنی کۆمەڵەی پارێزەران بەبێ ئەوەی " داهاتووەکەی دیار بێت." لە داواکارییەکەدا هاتووە دەڵێت " ئەمڕۆ، لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمە لە پۆست دوورخراوەکەدا، کۆمەڵەی پارێزەران نابێت چیتر لە ژێر دەستی ئارەزووی هیچ فەرمانڕەوایەکدا بن. ئەوە زۆر گرنگە کە کۆمەڵەکە ڕۆڵە ڕەواکەی خۆی لە ژیانی گشتیدا وەربگرێتەوە و ئەندامەکانی پشتئەستوور بکات بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی تاک و پاراستنی بوونی کۆمەڵگە، تەنانەت دژی بەهێزترین کاربەدەستانیش." داواکارییەکە دەڵێت نابێت لە جێی ئەنجومەنەکانی " ئەنجومەنێک دابنێن کە هەڵنەبژێردراون." وتیشی " ئەم پەیڕەوە تەنها پاوانخوازییەک دەگۆڕێت بۆ پاوانخوازییەکی دیکە، ئەمەش دەبێتە هۆی بەردەوام بوونی سەرکوتکردنی ڕۆڵی گرنگی پارێزەر لە چاودێریکردن و پاراستنی مافەکاندا." " لەم کاتە هەستیارەدا، زۆر گرنگە بەبێ دواکەوتن هەڵبژاردنێکی ئازاد و سەربەخۆ بۆ کۆمەڵەی ناوەندی پارێزەران و لقەکانی لە سەرانسەری پارێزگاکاندا ڕێکبخرێت." سەعید وتی " ئامانج لە داواکارییەکە گەڕاندنەوەی ڕۆڵی مێژوویی کۆمەڵەی پارێزەران و سەربەخۆییەکەیەتی." کۆمەڵەکە ڕۆڵێکی پێشەنگی بینیوە لە دژایەتیکردنی سەرکوتکارییەکانی حکومەتدا، بە تایبەتی لە سەرەتای ساڵەکانی هەشتاکاندا، پێش ئەوەی لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە سەرکوت بکرێت. بەرپرسانی نوێی سوریا دەستوور و پەرلەمانییان بۆ ماوەیەکی کاتی سێ مانگی ڕاگرتووە و حکومەتێکی کاتییان پێکهێناوە بۆ سەرکردایەتیکردنی وڵاتەکە لەو ماوەیەدا. سەرکردەی کرداریی سوریا ئەحمەد ئەلشەرع وتی ڕێکخستنی هەڵبژاردنێکی نیشتیمانی ڕەنگە چوار ساڵی بوێت و دووبارە نوسینەوەی دەستووریش ڕەنگە دوو یاخود سێ ساڵی بوێت. سەرچاوە/ فرانس پرێس