هەواڵی کوردستان ئێستا

سەردەمی هەناردەی غازی ڕووسیا بۆ ئەوروپا کۆتایی هات، ئۆکرانیا دەڵێت وەرچەرخانێکی مێژووییە

سەردەمی هەناردەی غازی ڕووسیا بۆ ئەوروپا کۆتایی هات، ئۆکرانیا دەڵێت وەرچەرخانێکی مێژووییە
سەردەمی هەناردەی غازی ڕووسیا بۆ ئەوروپا کۆتایی هات، ئۆکرانیا دەڵێت وەرچەرخانێکی مێژووییە

2025-01-02 00:35:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


پرۆسەی هەناردەکردنی غازی ڕووسیا لە ئۆکرانیاوە بۆ ئەوروپا ئەمڕۆ چوارشەممە کۆتایی هات، دوای بەسەرچوونی ڕێککەوتنێکی ترانزێت کە ئۆکرانیا ئامادەنەبوو نوێی بکاتەوە. ئەم پەرەسەندنە دەبێتە هۆی ئەوەی بەشێک لە گەلانی ئەوروپا ناچاربن سەرچاوەی جێگرەوە بۆ غازی ڕوسیا بدۆزنەوە.   لە ماوەی نزیکەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەهۆی لەشکرکێشییەکەی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، زۆرێک لە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا دەستیانکرد بە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی پشتبەستن بە غازی ڕووسیا. جێرمان گالوشچێنکۆ، وەزیری وزەی ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "گواستنەوەی غازی ڕووسیامان ڕاگرت. ئەمە ڕووداوێکی مێژووییە. ڕووسیا بازاڕەکانی لەدەستدەدات و زیانی دارایی پێدەکەوێت. ئەوروپا ئیتر بڕیاری پشتگوێخستنی غازی ڕووسیای داوە." کۆمپانیای گازپرۆمی ڕووسی ڕایگەیاند "مافی تەکنیکی و یاسایی" لەدەست داوە بۆ ناردنی غاز لە ڕێگەی ئۆکرانیاوە. سەرەڕای ئەم بڕیارە، ڕوسیا توانای هەناردەکردنی غازی دەبێت بۆ تورکیا و وڵاتانی ناوەڕاستی ئەوروپی وەک هەنگاریا و سربیا. لە لایەکی دیکەوە حکومەتی مۆڵدۆڤا فەرمانی کەمکردنەوەی بەرچاوی بەکارهێنانی وزەی دەرکردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ ئەگەری دروستبوونی قەیرانی غاز بەهۆی بڕیارەکەوە. بەڵام ڕێکخراوی یەکێتی ئەوروپا لە گرنگی کاریگەرییەکانی ڕاگرتنی غازی ڕووسیای بۆ سەر ئەوروپا کەمکردەوە و ڕایگەیاند، "ژێرخانی غازی ئەوروپا ئەوەندە شیانی خۆگونجاندنی هەیە کە بتوانێت سەرچاوەی غازی تر" بۆ ناوەڕاست و ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا دابین بکات. لە کاتێکدا شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا چارەنووسی نادیارە، هاوڵاتیانی ڕووسیا ڕووبەڕووی سەختییەکی زۆری ئابووری بوونەتەوە بەهۆی بەردەوامی هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی ڕێژەی سوو لە بانکی مەرکەزی بۆ 21٪.  ڤلادیمێر پوتن سەرۆکی ڕووسیا لە پەیامێکیدا بە بۆنەی سەری ساڵی نوێ دڵنیایی دا بە هاوڵاتیانی و وتی "هەموو شتێک باش دەبێت." بەڵام لە پەیامەکەیدا هیچ بەڵێنێکی دیاریکراوی نەدا سەبارەت بە چاککردنی دۆخی ئابووری وڵات و چارەنووسی شەڕ لەگەڵ ئۆکڕانیا.    هەندێک زانیاری ناو ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن ئاژانسی فرانس پرێس و ڕۆیتەرزەوە دابینکراوە.