پەیامی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بۆ ساڵیادی شەهید لەیلا قاسم
هەولێر-KDP.info-ئەمڕۆ ۱۲ی ئایار ساڵیادی لە سێدارەدانی لەیلا قاسم کچە تێکۆشەری کورد و ڕێبازی پیرۆزی بارزانییە.
٤٦ساڵ لەمەوپێش ڕژێمی بەعسی فاشیست دوای ئەوەی لەیلا قاسم و هەڤاڵەکانی دەسگیرکرد لە دادگایەکی نادادگەر و ستەمکاردا بڕیاری لە سێدارەدانی لەسەر جێبەجێکردن.
لەیلا قاسم ئەو تێکۆشەرە بوو کە دژ بە ستەمی ڕژێم و بۆ بەرپەرچدانەوەی نکۆڵیکردن لە مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد وەستایەوەو بە تێکۆشانی سیاسی دڵی دەسەڵاتی ستەمکاری هێنایە لەرزە.
بەوەش ڕەوتی مێژووی گۆڕی و سەلماندی کە چەمکەکانی ئازایەتی و گیانفیدایی موڵکی ڕەگەزێک نییەو هەردوو ڕەگەزی مرۆڤ توانای بەرخودان و بەرگرییان هەیە. بەوەش لەیلا قاسم بوو بە ترۆپكی ئازایەتی، بوو بە هێمای بەرەنگاری و بەخشین و بوو بە تێشوی بەردەوامی و نەسرەوتن، ئەو رۆحە هێندە گەورەبوو، كە لە پێناوی كوردایەتی و نیشتیماندا لە بەهاری تەمەنیا بە سرودی ژیان و هیوا، بە خەندەوە بەرەو پەتی سێدارە چوو.
جێی شانازیمانە کە شەهید لەیلا قاسم تێکۆشەرێکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ئەندامێکی ڕێکخراوەکەمان یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بوو.
ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە پارتی هەمیشە ئەو زەمینەیەی ڕەخساندووە کە ئافرەت لە نێو ڕیزەکانیدا تێکۆشان بکات و ئافرەتانیش هەر پارتی و ڕێبازی بارزانییان هەڵبژاردووە بۆ خەبات و تێکۆشانی کوردایەتی.
ئێمە لە کاتێکدا ئەم یادە پڕ شکۆیە بەرز ڕادەگرین و لە ئاست ئەو قوربانیدانە بێ وێنەیە سەری ڕێز دادەنوێنین؛ بەڵێن دوپات دەکەینەوە کە هەمیشە لەسەر ڕێ و ڕێبازەکەی بەردەوام بین و بە کار و تێکۆشان بۆ پرسی ئافرەت و پرسی نەتەوایەتی ڕۆحی شادکەین.
درود و سڵاو بۆ ڕۆحی لەیلا قاسم و هەڤاڵەکانی و گشت شەهیدانی کوردستان، سەروەری شەهیدان بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
١٢ی ئایاری ٢٠٢٠