هەردوو وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و فەڕەنسا لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع کۆدەبنەوە
2025-01-03 17:00:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
هەردوو وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و فەڕەنسا ڕۆژی هەینی گەیشتنە دیمەشقی پایتەختی سوریا و لەوێ لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع، فەرمانڕەوای نوێی سوریا کۆبوونەوە و جەختیان کردەوە کە دەبێت سوریای نوێ وڵاتی هەموو پێکهاتەکان بێت. خانم ئانالینا بێربووک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا و ژان نۆئێل باغو، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا پەیامەکانی یەکێتی ئەوروپایان گەیاندە دەسەڵاتی نوێی سوریا و دووپاتیانکردەوە کە پێویستە هەموو پێکهاتەکانی وڵاتەکە بە ژن و پیاوەوە بواریان پێبدرێت لە پرۆسەی سیاسی وڵاتەکە بەشداربن و لەگەڵیدا مافەکانیان پارێزراوبێت و ئارامی و ئاسایشیان بۆ دابینبکرێت. هەروەها هۆشداریشیان بە دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا دا کە یەکێتی ئەوروپا تەنیا گوێ لە لێدوانەکانیان ناگرێت، بەڵکو سەیری کردەوەکانیشیان دەکات. ئەم دوو کاربەدەستە باڵایەی ئەوروپا بەر لەوەی لەگەڵ شەرع کۆببنەوە، سەردانی زیندانی بەدناوی سەیدنایایان کرد کە لە نزیک دیمەشقی پایتەختە. هەردووکیان چوونە ئەو ژورەی ئامێرێکی پانکردنەوەی تێدایە کە وەک دەڵێن خەڵکیان لە ژێریدا پانکردووەتەوە. پاشان داوایان لە سوریاییەکان کرد بەڵگەکانی پەیوەست بەو تاوانانەی لەو زیندانەدا کراون دۆکۆمێنت بکەن بو ئامانجی سزادانی بەرپرسانی ئەو تاوانانە. بەپێی ڕاپۆرتەکان لەو زیندانە بە کۆمەڵ خەڵک کوژراون و بە هەزاران ئەشکەنجە دراون و بێ سەروشوێن کراون. سەرچاوە/ فڕانس پرێس.