هەواڵی کوردستان ئێستا

سوریا کۆتوبەند دەخاتە سەر هاتنی لوبنانییەکان بۆ ناو وڵاتەکەی

سوریا کۆتوبەند دەخاتە سەر هاتنی لوبنانییەکان بۆ ناو وڵاتەکەی
سوریا کۆتوبەند دەخاتە سەر هاتنی لوبنانییەکان بۆ ناو وڵاتەکەی

2025-01-03 17:00:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


دوو سەرچاوەی ئاسایشی لوبنان بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسییان وت سوریا کۆتوبەندی نوێی سەپاندووە بەسەر هاتنە ناوەوەی هاووڵاتیانی لوبنانیدا بۆ ناو سوریا، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای لوبنان وتی لەسەر سنوورەکە بەیەکدادانێک لەگەڵ سوریاییە چەکدارەکاندا ڕوویداوە. پێشهاتەکە وادیارە یەکەمین نموونەی گرژییە دیبلۆماتییەکەی نێوان دوو وڵاتە دراوسێکە بێت، لەو کاتەوەی کە یاخیبووەکان بە سەرکردایەتی ئیسلامییەکان ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدییان ڕووخاند. پێشتر هاووڵاتیانی لوبنانی بەبێ ڤیزا توانیویانە بێنە ناو سوریاوە، بە بەکارهێنانی تەنها پاسپۆرت یاخود ناسنامەکانییان. بەڵام بەرپرسێکی ئاسایشی گشتی لوبنان بە فرانس پرێسی وت کە " توشی سەرسوڕمان بوون لەوەی کە بینیویانە سنوورەکە لە دیوی سوریاوە بە ڕووی هاووڵاتیانی لوبنانیدا داخراوە." بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی سوریا تاوەکو ئێستا لە هیچ ڕێوشوێنێکی نوێ بۆ سنوورەکە ئاگاداری نەکردووینەتەوە. سەرچاوەیەکی ئاسایش لە خاڵی سنووری مەسنا کە خاڵی سەرەکی سنووری وشکانییە لە نێوان سوریا و لوبناندا، وتی بەرپرسانی سوریا " ڕێوشوێنی نوێیان " گرتووەتەبەر، تەنها ڕێگە بەو لوبنانییانە دەدەن بێنە وڵاتەکەوە کە مۆڵەتی دانیشتن یاخود مۆڵەتێکی فەڕمییان هەیە. سوپای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا لە ئێکس وتی سەربازەکانی و سوریاییەکان لەسەر سنوورەکە شەڕییان کردووە لە کاتێکدا کە هێزە چەکدارەکانی لوبنان هەوڵییان داوە " خاڵێکی سنووری نایاسایی " دابخەن. وتی " سوریاییەکان هەوڵییان داوە خاڵێکی سنووری بکەنەوە لە ڕێی بەکارهێنانی بوڵدۆزەرەوە، لەبەرئەوە سەربازەکانی سوپا تەقەی ئاگادارکردنەوەیان بە ئاسماندا کردووە. سوریاییەکان تەقەیان لە سەربازەکان کردووە و یەکێکییان بریندار کردووە و ئەوەش بووە هۆی کەوتنەوەی شەڕەکە." وتیشی " یەکەکانی سوپا ڕەوانەی ئەو میحوەرە کراون و ڕێوشوێنی توندی سەربازییان گرتووەتەبەر." پێشتر بەرپرسێکی سەربازیی لوبنانی وتی ئەو جووڵەیەی سوریا " دوابەدوای شەڕێکی نێوان سوپای لوبنان و چەکدارە سوریاییەکان هات لەسەر سنوورەکە "، چەکدارەکانیش بۆ ماوەیەکی کورت لەلایەن سوپاوە دەستبەسەرکراون. سەرچاوە/ فرانس پرێس