کۆمارییەکان سەرەڕای کۆنتڕۆڵکردنی کۆنگرێس و کۆشکی سپی ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە
2025-01-03 19:15:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
119هەمین کۆنگرێسی ئەمەریکا ڕۆژی هەینی دەست بە کۆبوونەوە دەکات. دوای شەڕێک لەسەر خەرجی حکومەت لە مانگی ڕابردوودا، هەرچەندە پارتی کۆمارییەکان کۆنتڕۆڵی هەردوو ئەنجوومەنەکەی کۆنگرێس و سەرۆکایەتییان کردووە، ڕووبەڕووی ئاستەنگ بوونەتەوە. ئەنجومەنی سینات کۆبوونەوەی نوێی خۆی دەست پێدەکات لە کاتێکدا کە کۆمارییەکان زۆرینەیان لە دیموکراتەکان سەندەوە و بۆ یەکەمین جار دوای 18 ساڵ سیناتۆر میچ مککۆنێڵی کۆماریی دەستبەرداری سەرکردایەتیکردنی پارتەکە دەبێت. سیناتۆری کۆمارییەکان جۆن ثون دەستنیشان کراوە بۆ سەرکردایەتیکردنی پارتە زۆرینەکە. کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سینات 53 کورسیان دەبێت و دیموکراتەکان 47 کورسی. لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش کۆمارییەکان 219 کورسییان دەبێت و دیموکراتەکان 215 کورسی، سەنگەکە لە ئەنجومەنی نوێنەران لەسەر دەنگدانەکەیە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێک بۆ ئەنجومەنەکە. پۆستەکەی سەرۆکی ئێستای ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا مایک جۆنسن لە مەترسیدایە دوای ئەوەی مانگی ڕابردوو لەگەڵ دیموکراتەکاندا ڕێککەوت بۆ دابینکردنی خەرجی بۆ حکومەت و خۆبەدوورگرتن لە داخستنی حکومەت. تەنها دوو دەنگی کۆماریی دەوێت دژی جۆنسن تاوەکو پۆستەکەی بکەوێتە مەترسییەوە. پێشبینی دەکرێت دیموکراتەکان سەرکردەی کەمینە دیموکراتەکان هاکیم جێفریس دەستنیشان بکەن بۆ پۆستی سەرۆکایەتیکردنی ئەنجومەنەکە، بەڵام پێدەچێت دەنگی تەواو بە دەست نەهێنێت. سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ ڕۆژی دووشەممە پشتگیری خۆی بۆ جۆنسن ڕاگەیاند، وتی " سەرۆکەکە پیاوێکی باشی کارکەر و ئایینییە." بەڵام ئەندامی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران چیپ ڕۆی و تۆماس ماسی پێشتر گومانی خۆیان دەربڕیوە لەسەر سەرکردایەتییەکەی جۆنسن و هاوپەیمانەکەی ترامپ و ڕاوێژکارەکەی ستیڤ بانن داوای لە کۆمارییەکان کردووە جۆنسن لە سەرکردایەتیکردنی ئەنجومەنەکە دووربخەنەوە. سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا