وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە سوریا داوای ' چارەسەرێکی سیاسیی ' دەکات لەگەڵ کوردەکاندا
2025-01-03 20:35:16 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، هاوکاتی سەردانەکەی بۆ سوریا داوا لە فەرمانڕەوایانی نوێی ئەو وڵاتە دەکات بگەنە ڕێککەوتن لەگەڵ کاربەدەستانی کورددا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا. ژان بارۆت، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و هاوشانە ئەڵمانیاییەکەیشی ڕۆژی هەینی لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع، فەرمانڕەوای نوێی سوریادا کۆبوونەوە. ئەمەش یەکەمین سەردانی ئاست بەرزی کاربەدەستانی وڵاتانی ڕۆژئاوایە بۆ سوریا لەوەتای مانگی ڕابردووەوە کە هەیئەتی تەحریری شام دەسەڵاتی گرتۆتە دەست لە سوریادا. ژان بارۆت دەڵێت "دەبێت چەکەکان بێدەنگ بن لە باکوری سوریادا و دەبێت بگەنە چارەسەرییەکی سیاسیانە لەگەڵ کورددا کە هاوپەیمانی فەڕەنسان و بەتەواوەتیش ئاوێتەی ئەم پرۆسە سیاسییە بێت کە لەمڕۆوە دەستپێدەکات و دەبێت ئاگربەست هەمیشەیی بێت." ئەم لێدوانەی ژان بارۆت، هاوکاتی دیدارەکەی بووە لەگەڵ نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سیڤیل لە دیمەشق. وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ڕۆژی پێنجشەممە قسەی لەگەڵ ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی، سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا کردووە. وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا دەڵێت "لەو پەیوەندیەدا باس لە ڕەوشی ئێستای سوریا کراوە. کورد لە سوریادا، نیگەرانییان هەن لەسەر ئەو نیمچە سەربەخۆییەی خۆی بۆ خۆیی دابینکردووە لەوەتای 13 ساڵ لەمەوبەرەوە کە قەیرانی ناوخۆیی سوریا دەستیپێکرد. لەم هەفتەیەدا بوو ئەلشەرع لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا داوی کرد ئەو هێزانەی کورد سەرکردایەتییان دەکات دەبێت تێکەڵ بکرێن لەگەڵ لەشکری نوێی نیشتمانی وڵاتەکەدا. وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا لە لێدوانەکانیدا جەختیشی کردۆتەوە لەوەی سوریایەکی سەروەر و پارێزراو نابێت جێی چەکی کۆمەڵکوژی تیادا ببێتەوە؛ ئەمەش وەک ئاماژەیەک بە چەکە کیمیاییەکانی بەشار ئەلئەسەد، سەرۆکی پێشووی سوریا. بەڕێز بارۆت، لە دیدارەکەیدا لەگەڵ نوێنەرانی ڕێکخراوە سیڤیلییەکاندا باسی لە دەوڵەتی هاووڵاتییش کردووە و دەڵێت "ئێستا کاتی ئەوەیە سوریاییەکان وڵاتەکەی خۆیان بگرنەوە دەست و ئەمەش لەڕێی پرۆسەیەکی گواستنەوەی سیاسیانەوە دەکرێت کە ڕێگەبدات بە هەموو پێکهاتەکان بەشداربن تیایدا و ڕێگەش بدات بە هەموو سوریاییەکان، ڕەگەزنامەی سوریاییان هەبێت بەبێ هیچ جیاوازییەک." وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا پێشنیازێکی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسای خستۆتە بەردەست فەرمانڕەوایانی نوێی سوریا بۆ کۆنفرانسێکی نێونەتەوەیی لە کۆتایی ئەم مانگی یەکەدا و سوریا و هاوبەشەکانی سوریا کۆبکاتەوە، وەک دەڵێت "بۆ پشتیوانکردنی ئاڕاستە دروستەکەی ئەم قۆناغی گواستنەوەیە لە سوریادا."