هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا 'هەواڵێکی هەڵبەستراو' لەسەر کورد ڕەتدەکاتەوە

وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا 'هەواڵێکی هەڵبەستراو' لەسەر کورد ڕەتدەکاتەوە
وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا 'هەواڵێکی هەڵبەستراو' لەسەر کورد ڕەتدەکاتەوە

2025-01-03 23:10:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


هاوکاتی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بۆ سوریا، هەندێک لە میدیاکان هەواڵێک بڵاودەکەنەوە بەناوی "ژان بارۆت"ەوە و نوسیبویان گوایە وتوویەتی داوا دەکات لە پارتی کرێکارانی کوردستان و یەکینەکانی پاراستنی گەل و هەروەهاش هێزەکانی سوریای دیموکرات تا چەک دابنێن و بەشداری لە پرۆسەی سیاسی سوریادا بکەن؛ ئەو میدیایانە بە ناوی وەزیری دەرەوەی فەڕەنساوە نوسیویانە "هەرگیز ڕێگە بە تێرۆریزم نادرێت لە سوریادا." وەزارەتی دەرەوی فەڕەنسا خۆی بێبەری کردووە لەو هەواڵە هەڵبەستراوە بەناوی وەزیرەکەیەوە و لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویە "وەزیرەکەمان هەرگیز لێدوانی وەهای نەداوە و ئەمە هەواڵێکی هەڵبەستراوی (RT) کە لە ئەوروپا قەدەغەکراوە بەهۆی کارە چەواشەکارییەکانییەوە. فەڕەنسا داوای کۆتاییهاتن دەکات بە شەڕ لە باکوری سوریا و داوا دەکات چارەسەرییەکی سیاسی هەبێت کە هاوبەشە کوردەکانمان لە هێزەکانی سوریای دیموکرات، ڕۆڵیان هەبێت لەو پرۆسەیەدا و ئێمە و هەسەدە پێکەوە شەڕی دژی داعشمان کردووە لە پێناو ئایندەی سوریادا." ژمارەیەک لە میدیای کوردی و عەرەبیش ئەو هەواڵە هەڵبەستراوەیان بڵاو کردۆتەوە. وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، هاوکاتی سەردانەکەی بۆ سوریا داوا لە فەرمانڕەوایانی نوێی ئەو وڵاتە دەکات بگەنە ڕێککەوتن لەگەڵ کاربەدەستانی کورددا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا. ژان بارۆت دەڵێت "دەبێت چەکەکان بێدەنگ بن لە باکوری سوریادا و دەبێت بگەنە چارەسەرییەکی سیاسیانە لەگەڵ کورددا کە هاوپەیمانی فەڕەنسان و بەتەواوەتیش ئاوێتەی ئەم پرۆسە سیاسییە بێت کە لەمڕۆوە دەستپێدەکات و دەبێت ئاگربەست هەمیشەیی بێت." ئەم لێدوانەی ژان بارۆت، هاوکاتی دیدارەکەی بووە لەگەڵ نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی سیڤیل لە دیمەشق. وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا، ڕۆژی پێنجشەممە قسەی لەگەڵ ژەنەراڵ مەزڵوم عەبدی، سەرکردەی هێزەکانی سوریای دیموکراتدا کردووە. وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا دەڵێت "لەو پەیوەندیەدا باس لە ڕەوشی ئێستای سوریا کراوە." کورد لە سوریادا، نیگەرانییان هەن لەسەر ئەو نیمچە سەربەخۆییەی خۆی بۆ خۆیی دابینکردووە لەوەتای 13 ساڵ لەمەوبەرەوە کە قەیرانی ناوخۆیی سوریا دەستیپێکرد.