پرۆسەکانی ئاشتی لە توركیا لە ساڵی 1993 وە تا ئێستا
2025-01-04 17:15:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
دوای نزیكەی 40 ساڵ لە پێكدادان و ئاڵۆزییەكانی نێوان سوپای توركیا وپارتی كرێكارانی كوردستان، لە كۆتاییەكانی ساڵی ڕابردوو جارێكی دیكە، پرسی گفتۆگۆكانی ئاشتی لە دوای پێشنیارێكی سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست (مەهەپە) بۆ ئۆجەلان ڕابەری زیندانیكراوی پەكەكە هاتە ئاراوە. لە ساڵی 1993 وە بۆ ساڵی 2015 چەند هەنگاوێك بۆ پرۆسەی ئاشتی نراون، قۆناغی یەکەم لە ساڵی 1993 لە سەردەمی تورگوت ئۆزال، سەرۆک کۆماری تورکیا نرا، قۆناغی دووەم لە ساڵی 1996 لە سەردەمی نەجمەدین ئەربەکان، سەرۆک وەزیرانی تورکیا نرا، قۆناغى سێیەمى هەوڵى چارەسەرى کێشەى کورد لە (2013) وە تا (2015) لەسەردەمى ئاک پارتى دەستیپێکرد، بەڵام هەنگاوەكان ئاشتییان بەدوای خۆیاندا نەهێنا هەرچەندە چەند ساڵێك چەكەكان بێدەنگ كران. قۆناغی ئێستای پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە لە كۆبوونەوەی پارتەكەی لە پەرلەمانی توركیا لە 26ی مانگی 11 ی 2024 وتی، "چاوەڕێ دەکەین کۆبوونەوەی رووبەڕوو لە نێوان ئیمراڵی و دەم پارتی بەبێ دواکەوتن بەڕێوەبچێت." دواتر وەفدی دەم پارتی لە 28ی مانگی 12 ی 2024 لەگەڵ ئۆجەلان لە ئیمڕاڵی كۆبوونەوە و پەیامێكیان بڵاوكردەوە . ئەحمەد سیروانی مامۆستای زانكۆ و شارەزای كاروباری توركیا لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، "جیاوازی پرۆسەی ئاشتی 2012 بۆ2025 لە چەند ڕوانگەیەكەوەیە، لەوانە، ئەو گۆڕنكارییانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوویان داوە لە شەڕەكانی غەززە و ئیسرائیل و لوبنان و سوریا و هەروەها دروستبوونی هێزی كوردی لە سوریا كە پێشتر ئەمانە نەبوون. لەلایەكی دیكەوە پێشنیاری ئەم جارە لەلایەن سەرۆكی مەهەپەوە كراوە كە بزوتنەوەیەكی ڕەگەزپەرستە و پێشتر دەوڵەت باخچەلی نەیاری ئەم پرۆسە بوو لە 2012. توانا سەربازییەكانی توركیا و پەكەكە ئێستا جیاوازن، كە زیانەكان بۆسەر پەكەكە زۆر زیاتربوون. ئەحمەد سیروانی وتیشی،" پەرلەمان وەك باڵاترین دەسەڵات كراوەتەوە ناوەندێك بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە، لەبەر ئەوەی سەرجەم لایەنەكانی لە كورد و تورك هەن، ئەمەش دەكرێت باشتر هەنگاوەكانی تێدا بەڕێوەبچێت، ئەمەش پێویستی بە چەند یاسایەك هەیە بۆ پرۆسەكە، ئەوكات ئەمە ئاسانتر دەبێت. هۆكاری كەوتنی پرۆسەی ئاشتی لە ساڵی 2012 دەگەرێتەوە بۆ ئەو ڕۆڵە نەرێنییەی كە دەوڵەتی توركیا و پەكەكە گێڕایان. قۆناغی دوای سەردانەكەی ئۆجەلان و پەیامەكەی ڕۆژى 28ی مانگی 12 ی 2024 وەفدێكی دەم پارتی كە پێكهاتبوون لە پەروین بوڵدان و سرى سورەیا ئۆندەر، سەردانى عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەرى زیندانیکراوى پەکەکەیان لە زیندانى ئیمراڵى کرد و پاش کۆبوونەوەکە پەیامێكی ئۆجەلانیان بڵاوكردەوە. لە پەیامەکەدا هاتووە کە " ئۆجەلان جەختی لە "برایەتی نیوان کورد و تورک" کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، "بەهێزکردنی برایەتیی تورک - کورد نەک هەر بەرپرسیارێتییەکی مێژویییە، بەڵکو پرسێکی گرنگ و بەپەلەی چارەنوسسازە بۆ کۆی گەلان. بۆ بەهێزکردنی ئەو پرۆسەیە، گرنگە هەموو بازنە سیاسییەکان لە تورکیا لەسەروی حیساباتی تەسک و کورت مەودا بیربکەنەوە، دەستپێشخەریی بکەن، و بونیادنەرانە هەنگاو بنێن و ئەرێنییانە بەشداریی بکەن." د. سەلام عەبدول كەریم شارەزای كاروباری توركیا و مامۆستای زانكۆ لە لێدوانێكدا بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاند، گوتەكانی پەروین بوڵدان و سرى سورەیا ئۆندەر و ئەحمەد تورك دوای دانیشتن و كۆبوونەوەكان ئاماژە بۆ بەردەوامی گفتوگۆكان دەدەن. توركەكان بەو پێیەی ئەندامی ناتۆن، ڕەنگە لەو دۆخەی لە سوریا هاتووەتە ئاراوە بیانەوێت كە بەكەمترین زیان دەربازیان بێت. ترسی ئێستای توركیا، بونی كوردە لە سوریا بە دەسەڵاتێكی بەرفران و لەناو توركیاش بەڕێژەیەكی زۆر، ئەمە ترسێكی ڕوونی توركیایە و بەرپرسانی باڵا لە لێدوانەكانیاندا نەیانشاردووەتەوە." د. سەلام عەبدول كەریم وتیشی، "ئۆجەلان لە پەیامەكەی باسی برایەتی كورد و تورك دەكات، ئەگەر دەسەڵاتدارانی توركیا مەرج دیاریبكەن، ڕەنگە ئەوە پرۆسەكە قورس بكات، بەتایبەتی دانانی چەك لەلایەن قەندیلەوە، هەرچەندە ئەوان پاڵپشتیان بۆ پەیامەكەی ئۆجەلان ڕاگەیاند، بەڵام ئەو مەرجە قورسە. پێویستە قەندیلیش بەشداربن لە دانوستانەكان، بەڵام توركیا دەیەوێت لەم پرۆسەیەدا دوو لایەن بخاتە دەرەوەی گفتوگۆكان كە یەكیان قەندیلە كە بەڕێوبەرایەتی كۆماجڤاكی كوردستان ڕای خۆیان هەیە و ئەوان مەترسین لەسەر ئاسایشی توركیا و لەلایەكی دیكەشەوە سەلاحەدین دەمیرتاش لەدەرەوەی گفتوگۆكان بێت، ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەگەر ئەمانە بەشداربن پرۆسەكە كاریگەرتر دەبێت." هەڵوێستی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا لەسەر پرۆسەی ئاشتی هەڵوێستی دەم پارتی تولای هاتیمئۆغوڵاری، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) ڕۆژی 21 ی 12 ی 2024 لە چاوپێكەوتنێكدا ڕایگەیاند ، ''لە دۆخێکی وەهادا کە ئەگەری جەنگی سێیەمی جیهانی هەیە، بوونی کەسایەتی وەک ئۆجەلان لە رۆژهەڵاتی ناوە ڕاست زۆر پێویستە. باوەڕمان بەوە هەیە." هەڵوێستی جەهەپە ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە) دەڵێت، "ئەگەر پرۆسەیەکی نوێی لەم جۆرە بە شێوەیەکی ڕاستگۆیانە و شەفاف بەڕێوە بچێت، دەڵێم بەڵێ. مەرجی ئێمە ئەوەیە پرۆسەکە لە پەرلەمان بەرێوە بچێت و هیچ پارتێکی سیاسیش فەرامۆش نەکرێت." هەڵوێستی یەنیدەن رەفا فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی یەنیدەن رەفا لەسەر پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەڵێت: بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ ئامادەین، هەموو ئەو مافانەی كە داوا دەكرێن پێویستە لە چوارچێوەی یەكپارچەیی توركیا فەراهەم بكرێن." ئۆجەلان لە 15ی مانگی 2 ی ساڵی 1999 لە ئۆپەراسیۆنێکی میت لە کینیا دەستگیرکرا و گەڕێندرایەوە تورکیا. دوای دادگاییکردنی، رۆژی 29ی 6 ی ساڵی 1999 فەرمانی لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو، بەڵام بەهۆی نەمانیسزای لە سێدارەدان لە تورکیا، حوکمەکەی گۆڕدرا بۆ زیندانی تاهەتایی قورسکراو. هەرچەندە زانیارییە نافەرمییەكان ئاماژە بە دیدارێكی دیكەی ئیمراڵی دەدەن لەسەر پرۆسەی ئاشتی، بەڵام تا ئێستا ئەم زانیارییانە پشتڕاست نەكراونەتەوە. شاندی دەم پارتی بڕیاریداوە لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەكان كۆببێتەوە و دواتر بە ڕەسمی پەیامێك بلاوبكەنەوە، ئەمەش لەكاتێكدا دەوڵەت باخچەلی دەڵێت، بەشێك لە دیدارەكە لە میدیادا بڵاوكراوەتەوە و هیوای برایەتی كورد و تورك و دیموكراسی زیاد كردووە.