هەواڵی کوردستان ئێستا

لە کامپە قەرەباڵغەکانی غەززەدا، ژنان لەگەڵ ژیاندا دەجەنگن و لە تایبەتمەندییەکانیان بێبەش بوون

لە کامپە قەرەباڵغەکانی غەززەدا، ژنان لەگەڵ ژیاندا دەجەنگن و لە تایبەتمەندییەکانیان بێبەش بوون
لە کامپە قەرەباڵغەکانی غەززەدا، ژنان لەگەڵ ژیاندا دەجەنگن و لە تایبەتمەندییەکانیان بێبەش بوون

2025-01-05 19:25:18 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


بۆ ژنانی غەززە، لەگەڵ سەختی ژیان لە کامپەکانی خێوەتگە فراوانەکانی ناوچەکە، ڕۆژانەش ڕووبەڕووی سوکایەتی ئەوە دەبنەوە کە هیچ ژیانێکی تایبەت بە خۆیان نەماوە. ژنان هەوڵ دەدەن جلی مامناوەند لەبەر بکەن لە کاتێکدا لە خێمەکاندا لەگەڵ ئەندامانی خێزانە گەورەکانییاندا کۆدەبنەوە، بە پیاوانیشەوە، و لەگەڵ کەسانی بێگانەشدا تەنها چەند هەنگاوێک دوورن لە خێمەکانی دراوسێکانییانەوە. دەستگەیشتن بە بەرهەمەکانی سوڕی مانگانە سنووردارە، لەبەرئەوە پەرچەف یان جلوبەرگی کۆن دەدڕن بۆ ئەوەی وەک پاد بەکارییان بهێنن. توالێتەکان بە شێوەیەکی ئاسایی تەنها لە کونێک لە لمدا پێک دێن کە دەورە دراوە بە پەردەیەک کە لە هێڵێکەوە شۆڕ بوونەتەوە و دەبێت لەگەڵ دەیان کەسی تر هاوبەش بکرێن. عەلا حەمامی بەردەوام مامەڵەی لەگەڵ ئەوەدا کردووە و جلوبەرگی نوێژکردنەکەی لەبەردەکات، کە جلێکی ڕەشە و سەر و بەشی سەرەوەی لەشی دادەپۆشێت. وتی " هەموو ژیانمان بووە بە جلی نوێژ، تەنانەت بۆ بازاڕیش ئەوە لەبەردەکەین. شکۆمەندی نەماوە." عەلا دەڵێت لە کاتی ئاساییدا، تەنها لە کاتی نوێژکردندا ئەو جلە لەبەردەکات، بەڵام لە کاتێکدا کە پیاوێکی زۆر لە دەوروبەری هەن، بەردەوام لەبەری دەکات، تەنانەت کاتێکیش کە دەخەوێت، ئەوەش لەبەرئەوەی ئەگەر لە ناکاو لە شەودا هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیل ڕووبدات ئەوا دەبێت بە خێرایی هەڵبێت. جەنگەکەی ئیسڕائیل لە غەززە بووەتە هۆی ئاوارەبوونی زیاتر لە لەسەدا 90 ی دانیشتوانە 2.3 ملیۆنەکەی. سەدان هەزاران کەسییان ئێستا لە کامپی خێوەتگەکاندا دەژین. ئاوەڕۆ بەسەر شەقامەکاندا دەڕوات، خۆراک و ئاویش قورسن بە دەستبهێندرێن. خێزانەکان زۆرجار ئەو جلەی کە لەبەری دەکەن بۆ چەندین هەفتە لەبەرییاندا دەمێنێتەوە چونکە جل و زۆربەی شتەکانی دیکەیان لە ماڵەکانییان جێهێشتووە کاتێک بە خێرایی هەڵاتوون. هەمووان لە کامپەکاندا ڕۆژانە بە دوای خۆراک و ئاوی پاک و داردا دەگەڕێن. ژنانیش بەردەوام وا هەست دەکەن کە دەرکەوتوون. غەززە هەمیشە کۆمەڵگەکەی پارێزگار بووە. زۆربەی ژنان لە غەززە حیجاب دەکەن لە کاتێکدا کە لەو شوێنەدا پیاوێک هەبێت کە سەر بە خێزانەکەیان نەبێت. بابەتەکانی تەندروستی ژنان و دووگیانی و سووڕی مانگانە بە ئاشکرا باس ناکرێن. وەفا نەسڕەڵای دایکی دوو منداڵ، دەڵێت ژیان لە کامپەکاندا وادەکات سادەترین شتەکانیش دەستکەوتنییان قورس بێت، لەوانە دەستکەوتنی پادی سووڕی مانگانە، کە ناتوانێت بیکڕێت. پارچە جل و تەنانەت دایبی بەکارهێناوە، کە ئەوەش نرخەکەی گران بووە. بۆ توالێتیش چاڵێکی هەیە لە لمەکەدا کە بە بەتانی لەملاو لاوە داپۆشراوە. نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت زیاتر لە 690,000 کچ و ژن لە غەززە پێویستییان بە بەرهەمەکانی پاککردنەوەی سووڕی مانگانە هەیە، هەروەها ئاوی پاک و توالێتیش. کارمەندانی یارمەتییە مرۆییەکان نەیانتوانیوە لە ئاست ئەو داواکارییەدا بن، لە کاتێکدا کە یارمەتییەکان لەسەر خاڵە سنوورییەکان لەلایەن ئیسڕائیلەوە ڕاگیراون. کەلوپەلەکانی خاوێنکردنەوەش تەواو بوون، نرخەکانیش زۆر گران بوون. زۆرێک لە ژنان کەوتوونەتە بەردەم ئەو بژاردەیەی کە ئایا پاد بکڕن یان ئاو و خۆراک بکڕن. دوعا هەلیسی دایکی سێ منداڵ کە لە کامپێکدا دەژی وتی جلە کۆنەکانی دەدڕێت و بەکارییان دەهێنێت بۆ سووڕی مانگانە. وتی " هەرشتێک قوماش بێت دەیدڕین و بەکاری دەهێنین." ئەنیرەی چالاکەوانێکی مافەکان لە غەززە دەڵێت هەندێک لە ژنان دەرمانی مەنع بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی سووڕی مانگانەیان ڕابگرن. ئەوانی دیکە ڕووبەڕووی ناڕێکی بوونەتەوە لە سووڕەکانییاندا، ئەوەش بەهۆی ئەو فشار و چەندین جار ئاوارەبوونییانەوە. ئەمەل سییەمی بەڕێوبەری ناوەندی کاروباری ژنان لە غەززە کە کەلوپەل بۆ ژنان دابین دەکات و ئەزموونییان دەگێڕێتەوە، وتی هەلومەرجە خراپەکە مەترسییەکی ڕاستەقینەی لەسەر تەندروستی ژنان دروست کردووە. وتی هەندێک لە ژنەکان 40 ڕۆژ دەبێت جلەکانییان نەگۆڕیوە. ئەو شتانەشی کە لە جیاتی پاد بەکارییان دەهێنن بە دڵنیاییەوە توشی " نەخۆشی پێست و نەخۆشییەکانی دیکە و نەخۆشی دەروونییان دەکات." وتی " بیر بکەرەوە ژنێک لە غەززە هەستی چۆن دەبێت کاتێک نەتوانێت کۆنتڕۆڵی دۆخەکەی پەیوەست بە پاکوخاوێنی و سووڕەکانی مانگانەی بکات." هێلیس دەڵێت " ژن ئێستا لە هەموو شتێک بێبەش بووە، جلی نیە، توالێتی نیە، باری دەروونی ژن بە تەواوەتی لە ناوچووە." سییەم وتی ناوەندەکەی چەندین حاڵەتی تۆمار کردووە کە تێیدا کچانی خوار تەمەنی 18 ساڵ هاوسەرگیرییان کردووە بەس لەبەرئەوەی ئەو ژینگە خنکێنەرەیان بەجێبهێڵن لە خێمەکانی خێزانەکانییاندا هەبووە. جەنگەکە " بەردەوام دەبێت لە دروستکردنی کارەساتی مرۆیی و ژنانیش هەمیشە گەورەترین باج دەدەن." سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا