دەست بە دابەشکردنی خۆراکی خێزانە هەژارەکان دەکرێت
هەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، سەرجەم ئەو خۆراكانە گەیشتنە هەرێمی كوردستان كە حكوومەت بۆ دابەشكردنیان بەسەر خێزانە هەژارەكان کڕیبوونی.
كەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، بۆردی خۆراك كە سەرۆكی حكوومەت پێكی هێناوە، زۆرترین ڕێژەی خۆراكیان هێناوەتە هەرێمی كوردستان.
وەزیری بازرگانی گوتی، بۆردی خۆراك بە فەرمانی سەرۆكی حكوومەت، بڕێكی زۆر خۆراكی كڕیوە و لەو چەند ڕۆژە دەست بە دابەشكردنیان دەكرێت، كاری ئێمە كۆتایی هاتووە و كارەكان دەدرێتە لیژنەیەكی تر بۆ دابەشكردنی.
باسی لەوەش كرد، كۆی گشتی پارەی خەرجكراو بۆ كڕینی خۆراك، نۆ ملیۆن و 747 هەزار و 240 دۆلارە كە لە پارەی هاوكاریی دەوڵەمەندەكان كۆ كراوەتەوە و خەرج كراوە.
ژمارەی ئەو خێزانە هەژارانەی ناویان تۆمار کراوە، لە هەولێر 70 هەزار، لە سلێمانی 50 هەزار، لە دهۆك 50 هەزار، لە هەڵەبجە هەشت هەزار، لە گەرمیان 10 هەزار و لە ڕاپەڕین 12 هەزار خێزان دەبن.