ڕۆڵی ژنان لە سوریای نوێدا
2025-01-07 19:20:19 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
لە پاش گەیشتنی هەیئەت تەحریر ئەلشام بۆ سەر دەسەڵات لە دیمەشق، نیگەرانییەک لە بارەی ئایندەی ماف و ڕۆڵی ژنان لەو وڵاتە دروستبووە، بە تایبەتی لە پاش چەند لێدوانێکی دەسەڵاتدارانی نوێ. لەگەڵ ئەوەی ئەو وڵاتە لە نەتەوە و ئاین و ئاینزای جیاواز پێکهاتووە و هەر یەکەیان تێڕوانینی جیاوازی سەبارەت بە ژن هەیە، بەڵام بە گشتی ژنان هەموویان کۆکن کە دەبێت لە خوێندن و کارکردن و گرتنەدەستی دەسەڵات لە دامودەزگا حکومی و ناحکومییەکاندا بێبەش نەکرێن وە بە چاوێکی کەمتر لە پیاو سەیر نەکرێن. دەپرسین: لە سایەی دەسەڵاتی نوێدا چ پێشێلکارییەک بەرامبەر ژنان کراوە؟ دەسەڵاتدارانی سوریا چ مافێک بۆ ژنان ڕەتدەکەنەوە؟ ئایە ژنانی سوریا دەتوانن پێکەوە خۆیان یەک دەنگ بکەن بۆ بەدەستهێنانی مافە سەرەکییەکانیان؟ ژنانی سوریا دەتوانن بەبێ ئەجیندای سیاسی نوێنەرانی خۆیان بۆ نووسینی دەستوری نوێی وڵاتەکە دەستنیشان بکەن؟ لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری: نەسرین چەتۆ ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی ئەنەکەسە. ڕێزان شێخ دلێر ، پارێزەر و چالاکوانی مافەکانی ژنان. مونیرە عەبدولعەزیز، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بزاتنەوەی ئیسلامی کوردستان. نەسرین چەتۆ: وەک ژنانی سوریا بەگشتی جیاوازی نابینین لە دۆخی پێش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد وە ئێستاش ، چونکە لە دوای ڕووخانی ڕژێمەوە دۆخێک دروستبووە کە هەم هەموو گەلانی سوریا وە میلـلەتی کوردیش نازانێت دۆخەکە بەرەو کوێ دەڕوات، بەڕاستی هەندێک ئاماژە دەرکەوتوون لەم دەسەڵاتەی تەحریر ئەلشام کە جێگای مەترسین، هەر تەوقەنەکردنی محەمەد جۆلانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی مەترسیدارن نەک بۆ ژنانی سوریا کە سبەی ئەو فکرە توندڕەوییەی بەسەر ژناندا بسەپێنن، بەڵکو بۆ هەموو کۆمەڵگای سوریش ئاماژەی مەترسیدارە، چونکە کۆمەڵگای سوریا کۆمەڵگایەکی کراوەبووە لە پێشتردا، فکری توندڕەوی پێ قبوڵ ناکرێت، ڕاستە ئەو ئازادە وەک بیروبۆچونی خۆی، بەڵام ئاماژەکانی مەترسیدارن، تەنانەت کە دەڵێم وەک ژنان دەترسین لە داهاتووی سوریا، هەر ئێستا ئەو ژنانەی محەمەد جۆلانی لە دامودەزگاکان دایناون، ئەو ژنانەن کە لە حزبەکەی خۆیدان و هەڵگری فکرەیەکی توندڕەوین، ئێمە تازە لە دیکتاتۆرێک ڕزگارمان بووە قبوڵ ناکەین بچینەوە ژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرێکی تر بە تایبەت لە بواری جلوبەرگماندا کە ئەوە زۆر جێی نیگەرانیمانە و هەرگیز قبوڵی ناکەین تەحریر ئەلشام بە زۆر جلوبەرگی شەرعیمان بەسەردا بچەسپێنێت، قبوڵی ناکەین لایەنێکی توندڕەو فکرە توندڕەوییەکەی بەسەر ژنان و کۆمەڵگا بچەسپێنێت، هەر بابەتی وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا نییە، بەڵکو یەکەم ڕۆژی هاتنە سەر دەسەڵاتییان کاتێک کچێکی سوری داوا لە محەمەد جۆلانی دەکات بۆ وێنەگرتن ئەو داوای داپۆشینی سەری دەکات، ئەمەش ئاماژەیەکی خراپبوو کە ئەم کەس و گروپە فکرە توندڕەوییەکەیان بەسەر کچان و ژنانی سوریادا بسەپێنن، لە کاتێکدا لە ڕژێمی پێشوودا بە زۆر جلوبەرگی شەرعی بەسەر ژناندا نەسەپێنراوە، لەکاتێکدا ژنان ستەمی تریان لێدەکرا بەڵام هیچ کات ئەوەیان بەرامبەر نەکراوە، چونکە کۆمەڵگای سوری و کوردی کۆمەڵگایەکی کراوە و ئازادبوون، بۆیە بڕیاری زۆرە ملێی لایەنێکی توندڕەوی دینی یان کۆمەڵایەتی بەسەر ژناندا کۆمەڵگاکە دەکاتە کۆمەڵگایەکی ڕەش و دواکەوتوو. مونیرە عەبدولعەزیز: ئەو بارودۆخەی لە سوریا هاتووەتە ئاراوە هێشتا زووە هەست بە مەترسی بکرێت، هێشتا چی بووە هەتا هەست بە مەترسی بکرێت! لەبری باس لە ستەم و کارە خراپەکانی ئەو ڕژێمە بکرێت کە چەندین ساڵە ئەو خەڵکەی چەوساندووەتەوە، ئێستا کە ئەو شۆڕشگێرانە هاتوون، دەبێت چاوەڕێ بکەین وەزیرێکی دەرەوەی فەرەنسا هاتووە هیچ ڕێزێک لە پاشخانی فکری و تایبەتمەندییەکانی ئەو سەرۆکە نەگرێت ئەو چ مەجبورە ڕێز لەو وەزیرە بگرێت و تەوقەی لەگەڵدا بکات! بۆچی نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان کە دەچێتە لای سیسستانی لەچکە دەدا بەسەریدا و ڕێز لەو دەگرن، بەڵام بۆ کەسێکی ئەهلی سوننە ڕێزی لێناگرن، پێویست بە هیچ ترسێک لە دەسەڵاتی ئەحمەد ئەلشەرع ناکات، ئەو بەرنامەیەی ئەلشەرع هەیەتی ئەگەر وەک خۆی جێبەجێ بکات یەکەم چینی سودمەند ژنان دەبن، لە ئیسلامدا مافی ژنان، منداڵ و هەموو مرۆڤ و تەنانەت ئاژەڵ و ژینگەش پارێزراوە، ئەو ترسەی بۆ سوریا باس دەکرێت ترسێکی لە خۆڕایە، خۆی ئەحمەد ئەلشەرع چەند جار دڵنیایی داوە لە سوریای نوێدا مافی هەموو نەتەوە و چین و توێژەکان و ئاینەکان پارێزراو دەبێت، خۆ ئەوەی مافی ژن و منداڵ پێشێل دەکات خودی دەوڵەتە زلهێزەکان خۆیانن، ئیسڕائیلە کە ئەو کۆمەڵکوژییە لە غەزە دەکات، یان ئەوەی پرسیاری لێدەکەن سەبارەت بە تورکیا کە لە ڕۆژئاوای کوردستان یان هەرکوێ دەیکات، خۆ تورکیاش بە یاسای ئەتاتورک ئەو کۆمەڵکوژی و شەڕانە دەکات، بە هیچ جۆرێک پەیوەندی بە ئیسلامەوە نییە، من کە دەڵێم ئەو مەترسییانەی بۆ سوریا باس دەکرێت بنەمای نییە و هێشتا زووە دڵنیام بەو جۆرە نییە. ئەم دڵنیاییەی من لە دڵنیایمە بۆ ناوەرۆکی بەرنامەی ئیسلام کە وەک ئاماژەم پێیکرد مافی ژن، منداڵ، هەموو کەس و چین و توێژ و ژینگە و ئاژەڵانیشی پاراستووە. ئەوەی دەوترێت بە زۆر لەچک بە ژنانی سوریا دەکەن، بە هیچ جۆرێک ئەوە ڕاست نییە، ئەوە پڕوپاگەندەی میدیاکانە، ئێمەش وەک بزوتنەوەی ئیسلامی ماوەیەک ئەزمونێکی هاوشێوەمان لە هەڵەبجە هەبوو زۆر لەو بوختانانە بۆ ئێمەش کرا کە بە زۆر حیجاب بە ژنان دەکەین، لە کاتێکدا لە ئیسلامدا هیچ شتێک بە زۆر ناکرێت وە خودی ئەحمەد ئەلشەرع ڕایگەیاند، کە بە زۆر شت بە کەس ناکەن و نایانەوێت خەڵکی مونافیق دروست بکەن. ڕێزان شێخ دلێر: هەر حوکمڕانێک دێتە سەر حوکم بەدڵنیایی پێشینەیەکی هەیە، ئێمە ئەگەر لە پێشینە توندڕەوییەکەوە بۆ ئەحمەد ئەلشەرع بڕوانین بێگومان ئەمە خۆی مەترسییەکی گەورەیە، بەڵام وەک ئێستا دەبینین ئەحمەد ئەلشەرع خۆی لە پڕۆسەی گۆڕانکاریدایە و دەڵێت، سیستمێکی دیموکراتی دروست دەکەین، ئەمەش وەها دەکات مافی هەمووان بپارێزرێت، ئەگەر بیانەوێت بەو شێوە توندڕەوییە بەردەوام بن ئەوا بەدڵنیایی بەردەوام نابێت، بەڵکو دەبێت دەسەڵاتی نوێ لە سوریا ڕێزی مافەکانی ژنان و هەمووان بگرێت و پابەندی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بێت، نەک لە ئێستاوە ئەو ژنانەی دایناون هی حزبەکەی خۆین و ژنێکی سەر ڕووت یان کورد یان کریستیانی دانەناوە لە هیچ پۆستێکدا، بێگومان ئەوە ناتوانێت بەو جۆرەی ئێستا بەردەوام بێت، ئەو مەترسییە گەورەیەی ئێستا هەیە ئەوەیە کە ئەو پاشخانە توندڕەوییە بسەپێنن لە حوکمڕانیاندا، بەڵام ئەگەر بەو جۆرەن نەبن و ئەحمەد ئەلشەرع گۆڕانکاری بەسەردا هاتبێت دینی خۆی و بیروباوەڕی خۆی لەناو ماڵ و مناڵی خۆی چۆن جێبەجێدەکات ئازادە بەڵام بیەوێ دەوڵەتداری بەو جۆرە بکات ئەوا ناکرێت، ئەو کات وەک عێراقی لێدێت کە هەر کەس بووە سەرۆک وەزیرانی عێراق بەو جۆرە مامەڵە لەگەڵ خەڵکەکەی دەکات کە ئەوە زۆر قورسە. ژنانی سوریا دەبێت وەک ئێمەی ژنانی باشور نەبن کە پیاوەکان لە دوای ڕاپەڕین بەرهەمی خەبات و ماندوو بونی ژنانی شاخیان خوارد و برد، دەبێت ئەوان بەردەوام بن بۆ داواکردن و چەسپاندنی مافەکانیان لە دەستوری داهاتوو هەروەها بە فیعلی بەشدار بن لە حکومەت و پێگەکانی دەوڵەت، دڵنیام لە توانا و خەباتی ژنانی سوریا.