ئەردۆغان دەڵێت 'تیرۆریستان' لە سوریادا جێگەیان نابێتەوە
2025-01-07 21:15:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕۆژی سێشەممە وتی لە ژێر سەرکردایەتییە ئیسلامییەکەی سوریادا " ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان " لەو وڵاتەدا جێگەیان نابێتەوە. ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد ئەگەرەکانی دەستوەردانی تورکیای لە سوریادا دژی هێزە کوردییەکانی سوریا زیاد کرد. ئەنکەرە هێزە کوردییەکانی سوریا بە باڵێکی پارتی کرێکارانی کوردستان دادەنێت، بەڵام کوردەکان ئەوە ڕەتدەکەنەوە. لە دوای ڕووخانی ئەسەد، گروپە چەکدارە سوریاییەکانی سەر بە تورکیا بە پاڵپشتی لەشکری تورکیا بەردەوام هێرش دەکەنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات و بەهۆیەوە دەیان کەس کوژراون و زیانێکی ماددی زۆریش بەر ئەو ناوچانە کەوتوون. ئۆفیسەکەی ئەردۆغان وتی لێدوانەکانی ئەردۆغان لە کاتی کۆبوونەوەیەکیدا بووە لە ئەنکەرە لەگەڵ مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا. ئەردۆغان بە بارزانی وت کە تورکیا کاردەکات بۆ ئەوەی ڕێگە نەدات ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد لە سوریا ببێتە هۆی دروستبوونی ناسەقامگیری زیاتر لە ناوچەکەدا. ئەردۆغان وتی، "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان یاخود ئەوانەی سەر بەوانن لە داهاتووی سوریای نوێدا جێگەیان نابێتەوە." یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە) کە هێزی سەرەکی هێزەکانی سوریای دیموکراتن، لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانییان لێدەکرێت و شان بە شانی هێزەکانی هاوپەیمانان ڕۆڵێکی گەورەیان هەبووە لە شەڕی دژ بە ڕێکخراوی داعش. سەرچاوە/ فرانس پرێس