ڕێبەری ئێران لە دیدارێکدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق: "پێویستە حەشدی شەعبی بەهێز بکرێن"
2025-01-09 00:05:16 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
سەرۆک وەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری لەگەڵ ڕێبەری باڵا و سەرۆک کۆماری ئیران کۆبووەوە و وتووێژیان کرد. بەگوێرەی ڕاپۆرت و هەواڵە ناوخۆییەکانی ئێران، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە،8ی مانگی یەک محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندی یاوەری لەگەڵ خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئیران و مەسعود پزشکیان، سەرۆک کۆماری وڵاتەکە کۆبوونەتەوە و وتووێژیان کردووە. عەلی خامنەیی لە میانی دیدارەکەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق سەبارەت بە گرنگترین گرووپی چەکداری سەر بە وڵاتەکەی لە عێراق ڕایگەیاند"حەشدی شەعبی یەکێکە لە پێکهاتە گرنگەکانی دەسەڵات لە عێراق و پێویستە هەوڵ بدرێت بۆ پاراستن و بەهێزکردنی ئەو گرووپە تەنانەت زیاتر لە پێشووش." هاوکاتی پێشنیارەکان بۆ چەکداماڵینی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە عێراق بەتایبەتی دوای شکستی ئەو گروپانەی کۆماری ئیسلامی لە لوبنان و سوریا پشتیوانیان لێدەکات، ڕێبەری باڵای ئێران دەڵێت هێزەکانی حەشدی شەعبی یەکێکن لە پێکهاتەکانی دەسەڵات لە عێراق. ڕێبەری ئێران لە میانەی دیدارەکەدا داوای لە عێراق کرد ڕووبەڕووی بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ببێتەوە و بانگەشەی ئەوەی کرد کە ئەمەریکا پلانی هەیە بۆ فراوانکردن و چەسپاندنی ئامادەیی خۆی لە عێراق. ڕیبەری ئیران سەبارەت بە پێشتهاتەکانی سوریاش وتی "ڕۆڵی حکومەته بیانییەکان لەم پرسانەدا به ڕوونی دیارە." ماڵپەڕی فەرمی خامنەیی هەروەها لە زاری سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە نووسیویەتی "هەڵوێستی عێراق هەمیشە پاڵپشتی کردنە لە ئیرادەی گەلی سوریا و پاراستنی سەربەخۆیی و یەکپارچەیی خاکی ئەو وڵاتە و پێکهێنانی حکوومەتێکی گشتگیر بووە." هەروەها مەسعود پزشکیان سەرۆک کۆماری ئێران لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پاشنیوەڕۆی چوارشەممە ڕایگەیاند کشانەوەی ئیسرائیل لە "ناوچە داگیرکراوەکانی سوریا" یەکێک لە نیگەرانییە هاوبەشەکانی ئێران و عێراقە. پزشکیان وتی "سەقامگیری و ئارامی لە سوریا، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی سوریا، ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ چالاکییەکانی تاقمە تیرۆریستییەکان، پێویستی کشانەوەی ئیسرائیل لە ناوچە داگیرکراوەکان و گرنگیدان بە هەستی ئایینی بەتایبەتی لەسەر پرسی شوێنە پیرۆزەکان و مەزارگە شیعەکان، بەشێکن لە نیگەرانییە هاوبەشەکانمان." ئاژانسە هەواڵییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران هەروەها لە زاری سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە ڕایگەیاندووە کە سودانی جەختی لە ئیرادەی وڵاتەکەی بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکان و بەرنامەکانی هاوکاری نێوان دوو وڵات لە پڕۆژەکانی هێڵی ئاسنین و ڕێگاوبان و دامەزراندنی ناوچەی ئابووری هاوبەشی سنووریی و هەروەها پڕۆژەکانی غاز و نەوت کردوەتەوە و ڕایگەیاندوە "ئێمە گرنگی بە بەشداری کۆمپانیا ئێرانییەکان دەدەین لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی ژێرخانی عێراقدا."