هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای پاراستنی مافەکانی تورکمان لە سوریا دەکات

وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای پاراستنی مافەکانی تورکمان لە سوریا دەکات
وەزیرێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای پاراستنی مافەکانی تورکمان لە سوریا دەکات

2025-01-09 04:30:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


هەولێر/ واشنتن- وەزیری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕێوەبردنی دۆسیەی کاروباری پێکهاتەکان داوای پاراستنی مافەکانی داوای پاراستنی تورکمانەکانی سوریای کرد و ڕایگەیاند، هیوادارە لە سوریای نوێدا مافی هیچ نەتەوەیەک فەرامۆش نەکرێت. ئایدن مەعروف لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا وتی،"پێویستە لە ئیدارەی داهاتووی سوریا هەموو لایەنەکان بەشداربن تێدا و لەناویشاندا نەتەوەی تورکمان، چونکە تورکمان لە سوریا نەتەوەیەکی ڕەسەنی ئەو وڵاتەیە و پێویستە بەشداری پێبکرێت لە پرۆسەی سیاسی داهاتووی ئەو وڵاتەدا، بەو پێیەی لە ڕابردوودا زوڵمێکی زۆر گەورە لە نەتەوەی تورکمان کراوە." بەڕێز مەعروف کە ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانیشە، وتیشی،"نزیکەی دوو ملیۆن تورکمانی ڕەسەن لە سوریادا نیشتەجێن و لە ڕابردوودا زوڵمێکی زۆریان لێکراوە." هەرچەندە سەرژمێرییەکی نوێی فەرمی لە سوریادا نەکراوە و هیچ ئامارێکی فەرمی نییە باس لە ژمارەی پـێکهاتەکان لەو وڵاتە بکات، بەڵام بەپێی ماڵپەڕی دەزگای زانیاری ئەمەریکا CIA مەزەندە دەکرێت ژمارەی دانیشتوانی سوریا نزیکەی 24 ملیۆن کەس بن و کەمینەکان دورزی و ئیسماعیلی و ئیمامی و نوسەیری و ئاشوری و تورکمان و ئەرمەن، بە هەموویان نزیکەی 15% ی دانیشتوانی وڵاتەکە بن، واتە نزیکەی 3.6 ملیۆن کەس. شارەزایانی ناوچەکە دەڵێن تورکمانەکانی سوریا زیاتر لە حەلەب و دیمەشق و لازقییە و و چەند بەشێکی گۆلان دەژین. لەم بارەیەوە مێژووناس برادۆست میتانی بە دەنگی ئەمەریکای وت،"تورکمان لەو ناوچانە هەن، بەڵام بە شێویەکی پەرشوبڵاو . هەندێک دەزگا و ڕێکخراوی تورکمان باس لە ملیۆنان دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا ئەو ژمارانەی دەیڵێن ڕاست نین. بەڕێز میتانی کە پەرتووکی لەسەر مێژووی گەلانی ناوچەکە نووسیوە، دەڵێت بەپێی هەندێک سەرچاوەی سەربەخۆ ژمارەی تورکمان لە سوریا لە 500 هەزار کەس زیاتر نییە. هەرچەندە هەندێک لە تورکمانەکانی سوریا هێشتا بە زمانی خۆیان دەدوێن، بەڵام زۆربەیان لەگەڵ عەرەبدا تێکەڵ بوون و بە عەرەبی دەدوێن. زارا ساڵح، شیکەری سیاسی لە لەندەن بە دەنگی ئەمەریکای وت، تورکیا دەیەوێت بابەتی تورکمان لە سوریا بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆی بەکاربهێنێت. بەڕێز ساڵح دەڵێت،"تورکیا دۆسێی تورکمان گەرم دەکات و هەوڵ دەدات گەورەی بکات، چونکە ئەو دەیەوێت وەک کارتێک بەکاربهێنێت بۆ بەدیهێنانی ئەجینداکانی لە سوریای نوێدا." دەشڵێت،"تورکیا دەیەوێت لە دوو لایەوە ئامادەبوونی سیاسی خۆی لە سوریا بەهێزبکات. لە لایەک هاوکاری و کۆمەکی هێزە عەرەبییە سوونەکان دەکات و لە لایەکی دیکە دەیەوێت تورکمان وەکو هێزێکی سەربەخۆ لە سوریای ئایندە بەکاربهێنێت." بەڵام لە پاش ڕووخاندنی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە مانگی ڕابردوو، کاربەدەستانی تورکیا جەختیانکردووەتەوە سەر گرنگی پاراستنی مافەکانی هەموو پێکهاتەکانی سوریا. تورکیا ڕۆڵێکی سەرەکی هەبوو لە پشتیوانیکردنی گروپەکانی دژی ڕژێمی ئەسەد. هەر لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریا لە ساڵی 2011، چەندین کۆمەڵی سیاسی و چەکداری بە پشتگیری تورکیا دامەزران. بۆ نمونە لە ساڵی 2012 دامەزراندنی ئەنجومەنی تورکمانی سوریا لە ئەستەنبوڵ ڕاگەیەندرا. هەروەها لە چەندین کۆبوونەوەی ئەو کۆمەڵانە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان و کاربەدەستانی دیکەی باڵای تورکیا ئامادەبوون. لە نێو کۆمەڵە چەکدارەکان، هەردوو کۆمەڵی سوڵتان موراد و سولەیمان شا هەن لەگەڵ چەند کۆمەڵێکی دیکەی نزیکی تورکیا. ئەم کۆمەڵانە لە هەندێک ناوچە شەڕی ڕژێمی ئەسەدیان کردووە، بەڵام ڕۆڵێکی سەرەکییان هەیە لە شەڕی هێزەکانی سوریای دیموکرات. بەپێی ڕاپۆرتەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەمەریکا بەشێک لەو کۆمەڵانە مافەکانی مرۆڤیان پێشێلکردووە لە عەفرین و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەستی هێزەکانی تورکیا .