هەواڵی کوردستان ئێستا

کوردەکان پێشنیاری دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیا دەکەن، ئەمەریکاش دەڵێت لە سوریا دەمێنێتەوە

کوردەکان پێشنیاری دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیا دەکەن، ئەمەریکاش دەڵێت لە سوریا دەمێنێتەوە
کوردەکان پێشنیاری دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیا دەکەن، ئەمەریکاش دەڵێت لە سوریا دەمێنێتەوە

2025-01-09 16:15:16 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت پێویستە هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بمێننەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش. هاوکات کوردەکانی سوریاش داوای پشتیوانی ئەمەریکا و فەرەنسا دەکەن بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیا. لۆید ئاستین وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێسی ڕاگەیاندووە پێویستە ئەمەریکا هێزەکانی لە سوریا بپارێزێت بۆ ئەوەی ڕێگری لە سەرهەڵدانەوەی داعش بکات کە ڕەنگە "مەترسییەکی گەورە" لەدوای ڕووخانی بەشار ئەسەد سەرۆک کۆماری تورکیا دروستبکات. ئاماژەی بەوەشکرد بوونی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا "پێویستە"، بەتایبەتی بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی ئەو کەمپانەی کە دەیان هەزار چەکداری پێشووی داعش و ئەندامانی خێزانەکانیان تێیدا نیشتەجێن. ژەنەڕاڵ ئاستین ڕۆژی چوارشەممە 9ی مانگی یەک لە بنکەی ئاسمانی ڕامشتاینی ئەمەریکا لە ئەڵمانیا، لە یەکێک لە دوایین چاوپێکەوتنە میدیاییەکانیدا پێش کۆتایی هاتنی بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن، بۆ ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس قسەی کرد. بە گوتەی ئاستین، ئەگەر سوریا بێ پاراستن بمێنێتەوە، داعش سەرهەڵدەداتەوە و "بۆ ئەوەی پێمان لەسەر قوڕگی داعش بهێڵینەوە، کارمان بە دەستەوەیە." ژمارەی ئەو هێزانەی داعش کە لە کەمپەکانی باکور و باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگیراون تا دە هەزار کەس مەزەندە دەکرێت و لەگەڵ ئەندامانی بنەماڵەکانیان، ژمارەی دانیشتوانی کەمپەکان بۆ دەیان هەزار کەسیش زیاد دەکات. دەوترێت لانیکەم دوو هەزار چەکداری داعش لەم کەمپانەدا وەک ئەندامی "زۆر مەترسیدارەکان" پۆلێنکراون. ئەو کەمپە ئاماژە پێکراوانە لەژێر کۆنترۆڵی کوردەکانی سوریادان کە هاوپەیمانی ئەمەریکا و ڕۆژئاوان. پنتاگۆن لەم دواییانەدا ڕایگەیاند کە ژمارەی سەربازانی ئەمەریکا لە سوریا کە پێشتر 900 کەس بوون، بۆ دوو هەزار سەرباز زیاد کردووە. ئەم هێزانە شانبەشانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بە سەرۆکایەتی کوردەکان شەڕی داعش دەکەن. لۆید ئاستین ئاماژەی بەوەشکرد هێزەکانی سوریای دیموکرات هاوبەشێکی باش بوون بۆ ئەمەریکا و ئێستا خەریکن دەبن بە بەشێک لە سوپای وڵاتەکەدا (لە حکومەتی نوێی سوریادا) و هەروەها دەکرێت هیوای ئەوە بخوازین کە خوودی سوریا هەموو کەمپەکانی داعش کۆنترۆڵبکاتەوە. بەڵام تا ئەو کاتە ئەمەریکا دەبێت لەوێ بەرژەوەندییەکانی خۆی بپارێزێت. داواکاری لە فەرەنسا بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش لە ناوچە کوردنشینەکانی سوریا لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی باڵای کورد لە سوریا ڕایگەیاند هێزەکانی ئەمەریکا و فەرەنسا دەتوانن ئاسایش و ئەمنییەتی تەواوی ناوچەی سنووری باکوری سوریا دەستەبەر بکەن بۆ ئەوەی ڕێگە لە شەڕی نێوان هێزە کوردەکانی سوریا و تورکیا بگرن. ئیلهام ئەحمەد، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە بۆ حکومەتی خۆسەری کورد لە سوریا ڕۆژی چوارشەممە بە تەلەفزیۆنی فەرەنسا 5ی ڕاگەیاند، هێزەکانی ناوچەکە ئامادەن بۆ ئەوەی ئەمەریکا و فەرەنسا ئاسایش بۆ ئەو ناوچانە دابین بکەن و ئەو بەرپرسیارێتییە لە ئەستۆ بگرن. بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆیتەرز ئیلهام ئەحمەد ڕایگەیاندووە کورد ئامادەیە پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ تورکیا دەست پێ بکات هەر کە فەرەنسا تورکیا ڕازی بکات ئەو پێشنیارە قبوڵ بکات. لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەرۆک کۆماری تورکیا و وەزیری دەرەوەی تورکیا دیسانەوە هۆشدارییان دا کە ئەگەر داواکارییەکانیان بۆ نەهێشتنی هێزە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی تورکیا لە سووریا و داماڵینی چەکەکانیان جێبەجێ نەکرێت، ئەوا سوپای تورکیا ئامادەیە هێرش بکاتە سەر یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد (یەپەگە) لە سوریا. لە کاتێکدا یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد هاوپەیمانی هێزەکانی سوریای دیموکراتن کە بە "هەسەدە" ناسراون، تورکیا تۆمەتباریان دەکات کە سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستانن و ئەوانیش ئەمە ڕەتدەکەنەوە. ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەم هەفتەیەدا ڕایگەیاند وڵاتەکەی دەستبەرداری هێزەکانی سوریای دیموکرات نابێت. بەرپرسێکی فەرەنسی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند گفتوگۆ لەسەر جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا و فەرەنسا لەسەر سنووری نێوان تورکیا و کوردەکانی سوریا بەردەوامە، بەڵام دیار نییە گفتوگۆکان تا چەند بەرەوپێشچوون. ئەمەریکا هەوڵ دەدات تورکیا لە هێرشکردنە سەر کوردەکانی سوریا بوەستێنێت وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەمەریکا هەوڵدەدات چارەسەری نیگەرانییەکانی تورکیا لە سوریا بکات و ئەنکەرە لە هێرشکردنە سەر هێزە کوردییەکان لە سوریا ڕابگرێت. ئەنتۆنی بڵینکن لە دوایین سەفەری خۆیدا بۆ فەرەنسا وەک وەزیری دەرەوە وتی تورکیا "نیگەرانی ڕەوای" هەیە سەبارەت بە چەکدارانی پەکەکە لە سوریا. بڵینکن وتی داواکاری تورکیا بۆ کشانەوەی هەموو "چەکدارە تیرۆریستییە بیانییەکان" لە سوریا، پرۆسەیەکە کە کاتی دەوێت و لە هەمان کاتدا ململانێیەکان سوودی بۆ هیچ لایەنێک نابێت و ئەمەریکاش کار دەکات بۆ ئەوەی دڵنیابێت لەوەی شتێکی لەو شێوەیە ڕوونەدات. دانۆڵد ترامپ ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە فلۆریدا ڕایگەیاند "کورد و تورکیا دوژمنن، بەڵام ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە ئەو (هێرشکردنە سەر کورد)ی دەستپێکردبوو، پابەندی داواکارییەکانی من بوو بۆ ئەوەی ڕێگری لە هێرشکردنە سەر کورد بکرێت." ترامپ ئاماژەی بە خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەی دەکرد. دانۆڵد ترامپ کە تا چەند ڕۆژی دیکە دەگەڕیتەوە بۆ کۆشکی سپی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە فلۆریدا ڕۆژی سێشەممە وردەکاریی لەبارەی سیاسەتی ئەگەری خۆی سەبارەت بە پاراستنی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا نەخستەڕوو، بەڵام ڕایگەیاند "تورکیا دوو هەزار ساڵ بە شێوەی جۆراوجۆر بەدوای سوریاوە بووە دەستی بەسەردا بگرێت و ئەو خەڵکەی ئێستاش لەوێدان (حوکمڕانە نوێیەکانی سوریا) لە تورکییەوە هاتوون." "سپاردنی چارەنووس"ی گروپ و سەرکردەکانی حەیات تەحریر شام بە بەڕێوبەرایەتی ترامپ لەلایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆست ڕۆژی پێنجشەممە بڵاوی کردەوە کە بڕیارەکەی جۆو بایدن بۆ هێشتنەوەی ناوی حەیات تەحریر شام و سەرکردەکانی لە لیستی تیرۆریستی ئەمەریکا، بڕیاری دوورخستنەوەی ئەو گرووپە و سەرکردەکانی بە شێوەیەکی کرداری جێهێشتووە بۆ بەڕێوبەرایەتی دانۆڵد ترامپ. سێ بەرپرسی ئەمەریکایی ئاگادار لەو بابەتە ڕایانگەیاند، بەڕێوبەرایەتی بایدن پێی وایە ئەم گرووپە ئیسلامییە جیهادییەی پێشوو دەبێت بیسەلمێنێت کە پەیوەندییەکانیان بە تەواوی لەگەڵ گروپە توندڕەوەکان پچڕاندووە و پێویستە چاودێری ئەدای کارەکانیان بکرێت. یەکێک لەو سێ بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکرد دانانی چەکدارانی بیانی و جیهادییەکانی پێشوو بۆ پۆستە باڵاکانی وەزارەتی بەرگری سوریا جێگەی نیگەرانییە. باربارا لیف، یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن دوای سەفەری بۆ دیمەشق و چاوپێکەوتن لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرع ناسراو بە ئەبو محمد ئەلجولانی، ڕایگەیاند کە خەڵاتی 10 ملیۆن دۆلاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا کە بۆ ئەحمەد ئەلشەرعی دانابوو بۆ دەستگیرکردنی، هەڵوەشێندراوەتەوە. ئەحمەد ئەلشەرع و گروپەکەی کۆنتڕۆڵی سوریایان کردووە و دەسەڵاتی 54 ساڵەی بنەماڵەی ئەسەدیان ڕووخاند، ئەمەش وایکرد بەشار ئەسەد هەڵبێت بۆ ڕووسیا.   سەرچاوەکان/دەنگی ئەمەریکا/ڕادیۆ فەردا