هەواڵی کوردستان ئێستا

"بڕیار وایە یەکەم دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لە 2021 ئەنجام بدرێت"

"بڕیار وایە یەکەم دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لە 2021 ئەنجام بدرێت"
"بڕیار وایە یەکەم دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لە 2021 ئەنجام بدرێت"

2020-05-13 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info-  ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکانی حکوومەتی هەرێم دەڵێ، بڕیار وایە یەکەم دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی 2021 ئەنجام بدرێت.

هەولێر-KDP.info-  لە دوای هێرشی تیرۆیستانی داعش حکوومەتی هەرێم هەوڵەکانی خستەگەڕ و چەند تیمێکی دامەزراند بۆ ناساندنی تاوانەکانی داعش، لەوانە پێکهێنانی لیژنەیەک لە ڕێکەوتی 25/11/2014 بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و بەدواداچوونی کەیسی کوردانی ئێزدی و پێکهاتەکانی تر و ئازادکردنیان، هەروەها دەستەی لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگە و چارەسەرکردن و لیژنەیەکی تایبەت بە دیکیۆمنتکردنی تاوانەکانی داعش دامەزراون، تا ئێستا (٢٦٠٠) کەیسی ڕفێندراوانی ئێزیدی، کریستیان، شەبەک و تورکمان تەواو بووە و زیاتر لە (٣٠٠٠) کەیسیش لە لێکۆڵینەوەدایە، لە ڕووی دەروونییەوە (١٢٧٨) ئافرەت لە سەنتەری ڕاوێژکاری پارێزگای دهۆک چارەسەر کراون. ئێستا حکوومەتی هەرێم لە ڕێگای نووسینگەی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان نوێنەرایەتی هەرێم دەکات لە تیمی نیشتمانی سەر بە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ تیمی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ لێپێچینه‌وه‌ له‌ تاوانەکانی داعش (یۆنیتاد) سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەردەوامیدان بەم پرۆسەیە.

سەبارەت بە کارەکانی تیمی یۆنیتاد، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم گوتی: ئێستا تیمی یۆنیتاد (١٢٩) فەرمانبەر لەخۆ دەگرێت لە (٤٨) وڵات کە نیوەیان ئافرەتن، هەروەها بەشی هەرەزۆری پسپۆڕەکانیان هاووڵاتیی عێراق و هەرێمی کوردستانن و لە پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییە جیاجیاکان، تیمی ناوبراو کاری هەڵدانەوەی لە (١٦) گۆڕی بەکۆمەڵ لە گوندی کۆجۆ تەواو کردووە و تا ئێستا (٣٤١) ڕوفات لەو گۆڕانە دەرهێنراون و لە شوێنی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لێکۆڵینەوە لەگەڵ شایەدحاڵەکان کراوە، بەپێی پرەنسیپە نێودەوڵەتی و نیشتمانییە کارپێکراوەکان دانپێدانانی گومانلێکراوان تۆمار کراوە. دوای کۆکردنەوەی بەڵگەکان لەلایەن تیمی یۆنیتادەوە، بەپێی ئەو ستراتیژییەی لە ساڵی 2019 پێشکەش بە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە کاری پێشینەی تیمەکە بریتییە لە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەی کە داعش لە شنگال، نەینەوا و سەربازگەی سپایکەر لە تکریت ئەنجامی داون.

دەربارەی کاری پێشینەی تیمەکە زێباری ڕایگەیاند: کەیسی ئێزیدییەکان و ئەو تاوانانەی لە شنگال ئەنجام دراون و کەیسی سپایکەر کاری زۆریان لەسەر کراوە لە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و لێکۆڵینەوە لەگەڵ گومانلێکراوان و دیکیۆمێنتکردنیان. سەبارەت بەو تاوانانەی کە لە دەشتی نەینەوا دەرهەق بە ئێزیدییەکان و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی تری ئەم ناوچەیە ئەنجام دراون وەک سوننە، ئێزیدی، کریستیان، کاکەیی، شەبەک و تورکمان، ئەمانە دوچاری دەستدرێژی و ڕفاندن بوونەتەوە، هەروەها شوێنە پیرۆز و کەلتوورییەکانیشیان لەلایەن داعشەوە خاپوور کراوە. کەیسەکانی دەشتی نەینەوا تا ڕاددەیەک ئاڵۆزن، بۆیە لێکۆڵینەوەکانیش کاتێکی زۆر دەخایەنێت، تا ئێستا مەترسییەکانی داعش لەسەر ناوچەکە کۆتاییی نەهاتووە و خزمەتگوزاریی پێویستی ژیانی ڕۆژانە لە ناوچەکە نییە و زۆربەی دانیشتوانی نەگەڕاونەتەوە سەر زێدی خۆیان.

سەبارەت بە کۆکردنەوەی زانیارییەکان و بە دیکیۆمێنتکردنیان گوتی: تیمی یۆنیتاد، بڕێکی زۆر زانیاری دەست کەوتووە و لایەنە پەیوەندیدارەکان زۆربەی ئەو بەڵگە نووسراوانەی کە دوای نەمانی دەسەڵاتی داعش دەستیان کەوتووە، دیکیۆمێنت کردووە و تا ئێستا زانیاری لەبارەی دەیان هەزار کەیس کۆ کراوەتەوە کە دەکاتە زیاتر لە (14.5) تیرابایت، هەروەها تیمی ناوبراو بڕی (960،000) دۆلاری ئەمەریکی تەرخان کردووە بۆ دابینکردنی کەلوپەل و مەشقکردن بە ئەندامانی تیمی پسپۆڕانی نیشتمانی بۆ کارکردن لە چوارچێوەی یۆنیتاد، و بڕیار وایە قۆناغی داهاتووی کاری لێکۆڵینەوەی تیمەکە لە سەرەتای مانگی ئەیلولی داهاتوو دەست پێ بکات.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم تیشکی خستە سەر تیمی نیشتمانیی عێراق کە کار دەکات لەگەڵ یۆنیتاد گوتی: بڕیار وایە تیمێکی پسپۆڕانی نیشتمانیی دادوەران لەسەر ئاستی عێراق دابمەزرێت بۆ کارکردن لەگەڵ تیمی یۆنیتاد بۆ هەماهەنگی و پەرەپێدانی توانای دادوەرانی عێراق لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو تاوانانەی لەلایەن داعشەوە ئەنجام دراون کە بەگوێرەی پێوەرە نێودەڵەتییەکان دەگاتە ئاستی تاوانەکانی جەنگ، تاوان دژی مرۆڤایەتی و تاوانی کوشتنی بەکۆمەڵ. تیمی دادوەرانی عێراق کە هەرێمیش لەخۆ دەگرێت، یۆنیتاد پرۆگرامێکی مەشق و ڕاهێنان بۆ ئەو دادوەرانە ئامادە دەکات، چونکە بەشداریی ڕاستەخۆیان دەبێت لە لێکۆڵینەوەکان و ئەگەر پێویست بێت لە پرۆسەی دادگاییکردنیشدا ئامادە دەبن، کە بڕیار وایە یەکەم دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی 2021 ئەنجام بدرێت.

سەبارەت بە ڕۆڵی هەرێم لە تیمی پسپۆڕ و دادوەرانی نیشتمانیی عێراق لە چوارچێوەی یۆنیتاد ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی هەرێم گوتی: یۆنیتاد ژمارەیەکی ناوی پێشکەش کرد وەک پسپۆڕی نیشتمانی، ئێمە جەختمان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە دەرفەت بدرێت بە (دادوەران، کەسانی شارەزا و چالاکوانان) بۆ کارکردن وەک پسپۆڕی نیشتمانی لە چوارچێوەی یۆنیتاد، هەروەها هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت بۆ  دڵنیابوون لەوەی هیچ گرفتێکیان نییە، بەتایبەتی لەرووی ئەمنییەوە. بۆ ئەم مەبەستەش لەلایەن خۆمانەوە چەند دادوەرێکمان پێشنیار کرد کە بۆ ماوەیەک ڕاستەوخۆ کاریان لەسەر ئەو کەیسانە کردووە و شارەزاییەکی زۆریان هەیە، بۆیە ڕۆڵیان دەبێت لە گێڕانەوەی مافی کەسوکاری قوربانیان و قەرەبووکردنیان و ئەنجامدانی دادگاییەکی عادیلانە.