ترامپ گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا هێرشی زارەکی دەکرێتە سەر ناتانیاهۆ، بڵاو دەکاتەوە
2025-01-09 20:45:18 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
دانۆڵد ترامپ سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمەریکا لە سۆشیال میدیای خۆی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە کە تیایدا ڕەخنەی توند لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەگرێت و بە زمانێکی زبر هێرشی دەکرێتەسەر. لە گرتە ڤیدیۆییەکەدا کە ترامپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (Truth Social) بڵاویکردووەتەوە، جێفری ساکس، ئابووریناسێکی بەناوبانگ، نەتانیاهۆ تۆمەتبار دەکات بەوەی لە ساڵی 1995ەوە تاکو ئێستا ستراتیژیەتێکی ئامانجداری گرتووەتە بەر بۆ لەناوبردنی بزووتنەوەی حەماس و حزبوڵای لوبنان لە ڕێگەی بە ئامانجگرتنی ئەو حکومەتانەی پشتیوانیان لێدەکات. لەم گرتە ڤیدیۆییەدا کە بەشێکە لە چاوپێکەوتنەکەی لەگەڵ تاکەر کارلسۆن، ڕۆژنامەنووس و شرۆڤەکاری سیاسی لایەنگری ترامپ، زاکس بە ئاماژەدان بە کاریگەریی لۆبیەکانی لایەنگری ئیسرائیل لە ئەمریکا دەڵێت "ناتانیاهۆ ئێمەی ڕاکێشاوە بۆ ناو شەڕێکی بێکۆتایی و لەبەر ئەو دەسەڵاتەی کە لە سیاسەتی ئەمەریکادا هەیانە، ئەم ئامانجەی بەدەستهێناوە". جێفری ساکس، مامۆستای زانکۆی کۆڵۆمبیا ڕەخنە لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەگرێت بەهۆی هەوڵە "وەسوەسە"ییەکانی بۆ پاڵنانی ئەمەریکا بۆ شەڕ لەگەڵ ئێران. لەو گرتە ڤیدیۆییەدا ساکس ڕەخنە لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەگرێت و پاڵنەرەکانی شەڕی عێراق لە ساڵی 2003دا دەکۆڵێتەوە و سەبارەت بە لەشکرکێشی ئەمەریکا بۆ سەر عێراق دەڵێت "ئەو شەڕە لە کوێوە هات؟ ئایا دەزانن جەریانی چییە؟ زۆر سەرسوڕهێنەرە. ئەم شەڕە لە ڕاستیدا لە نەتانیاهۆوە سەرچاوەی گرت." ڕوون نییە مەبەستی ترامپ لە دووبارە بڵاوکردنەوەی ئەم بەشە مشتومڕاوییەی چاوپێکەوتنەکەی جێفری ساکس لەگەڵ تاکەر کارلسۆن چییە، بەڵام ئەم کارە تەنها چەند هەفتەیەک دوای ئەوە دێت کە نەتانیاهۆ ڕایگەیاندبوو گفتوگۆیەکی "زۆر دۆستانە و گەرم"یان لەگەڵ ترامپ هەبووە سەبارەت بە دانوستانەکان بۆ ئازادکردنی بارمتەکان و سیاسەتی سوریا. لە هەمان کاتدا هەوڵی دیپلۆماسی بەرفراوان لەلایەن میسر و قەتەر و بەڕێوبەرایەتی ئێستای ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی جۆو بایدن لە ئارادایە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست کە ئازادکردنی بارمتەکانیش لەخۆدەگرێت. لە لایەکی دیکەوە ئەو گرووپەی کە دانۆڵد ترامپ بۆ بەڕێوبەرایەتی داهاتووی خۆی دەستنیشانی کردوون، زۆرجار لایەنگری سەرسەختی ئیسرائیلن. مارکۆ ڕوبیۆ، سیناتۆری فلۆریدا کە ترامپ هەڵبژاردووە بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، بەڕاشکاوی دژی ئاگربەست لە غەززەیە و داوای کردووە شەڕەکە بەردەوام بێت تا حەماس بە تەواوی لەناو دەچێت. ئەلیس ستیفانیک، نوێنەری نیویۆرک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا کە لەلایەن ترامپەوە وەک باڵیۆزی داهاتووی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان کاندید کراوە، هەروەها لەم دواییانەدا نەتەوە یەکگرتووەکانی بە "کۆمەڵەی دژە جووەکان" ناوبرد بەهۆی ئەوەی ئەو ڕێکخراوە ڕەخنەی لە کوشتنی خەڵکی مەدەنی لە غەززە گرتووە. دانۆڵد ترامپ خۆی ڕایگەیاندووە کە ئەگەر حەماس ئەو بارمتانەی لەلایەتی، پێش دەستپێکردنی سەرۆکایەتییەکەی ئازادیان نەکات، ئەوا دۆزەخێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەخولقێنیت. پەیوەندی نێوان ترامپ و نەتانیاهۆ لەم چەند ساڵەی دواییدا پێشبینی نەکراو بووە. لە یەکەم خولی سەرۆکایەتی دانۆڵد ترامپدا، نەتانیاهۆ سەرکەوتنی دیپلۆماسی بەرچاوی بەدەستهێنا، لەوانە دانپێدانانی سەروەری ئیسرائیل بەسەر بەرزاییەکانی جۆلان و ڕێککەوتننامەی ئاشتی ئەبراهام لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی. بەڵام دوای شکستی ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی 2020 و دوابەدوای پیرۆزبایی ناتانیاهۆ لە جۆو بایدن، پەیوەندییەکانی نێوان ترامپ و سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرژی تێکەوت. لە لایەکی دیکەوە جێفری ساکس لە وەڵامی دووبارە بڵاوکردنەوەی بەشێک لە چاوپێکەوتنەکەی بە ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانیای ڕایگەیاندووە کە هیوادارە ئەم کارە ئاماژە بێت بۆ گۆڕانکاری لە سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریکادا.