سویسرا داوای ڕوونکردنەوە لە تاران دەکات سەبارەت بە هۆکاری گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەکەی زیندانیکراوی لە ئێران
2025-01-10 21:20:18 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
وەزارەتی دەرەوەی سویسرا ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند سویسرا داوای زانیاری زیاتر لە بەرپرسانی ئێران دەکات دوای ئەوەی هاووڵاتییەکی سویسرایی لە ئێران دەستگیرکرا و لە زیندانێکی ئەو وڵاتەدا گیانی لە دەستدا. دەزگای هەواڵی میزانی سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە زاری بەرپرسی دادوەری پارێزگای سمنانی ئێرانەوە بڵاویکردەوە هاووڵاتییەکی سویسرایی کە لە ئێران دەستگیرکرا و بە تۆمەتی سیخوڕیکردن تۆمەتبار کرا، ڕۆژی پێنجشەممە لە زینداندا خۆی کوشتووە. وەزارەتی دەرەوەی سویسرا وتی کۆماری ئیسلامی ئاگاداری کردوونەتەوە سەبارەت بە دەستگیرکردنی پیاوێکی تەمەن 64 ساڵ لە 10 ی مانگی دوانزەدا بە تۆمەتی سیخووڕیکردن. وەزارەتەکە وتی پیاوەکە وەکو گەشتیار گەشتی بۆ ئێران کردووە، ماوەی 20 ساڵە لە سویسرا ناژی، وتیشی لە باشووری ئەفریکا ژیاوە. وتیشی " وەزارەتەکە داوا دەکات بەرپرسانی ئێران زانیاری ورد بدەن لەسەر هۆکاری دەستگیرکردنەکەی و لێکۆڵینەوەیەکی تەواو لە هەلومەرجی مەرگەکەی." وتیشی لە ئێستادا هیچ هاووڵاتییەکی سویسرایی لە ئێران دەستبەسەر نیە. لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا پاسدارانی ئێران دەیان هاووڵاتی بیانی و هاووڵاتییانی هەڵگری دوو ڕەگەزنامەیان دەستگیرکردووە، زۆربەیان بە تۆمەتی پەیوەست بە سیخوڕی و ئاسایشەوە. گروپەکانی مافەکانی مرۆڤ ئێران تۆمەتبار دەکەن بە تۆمەتی سوود وەرگرتن لە دەستگیرکردنی هاووڵاتیانی بیانی لە بەرامبەر وەرگرتنی سازش وڵاتانی دیکەوە. ئێران ئەوە ڕەت دەکاتەوە. سویسرا ڕۆڵێکی نێوەندگری گرنگ دەبینێت لە نێوان واشنتن و تاراندا، لە کاتێکدا کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەکات لە ئێران و پەیامەکانی دوو وڵاتەکە بە یەکتر دەگەیەنێت. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز