نەهێنی تێکشکانی فڕۆکەکەی کۆریای باشوور؛ داتاکان چەند خولەکێک پێش رووداوەکە نەماون
2025-01-11 22:05:16 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
وەزارەتی گواستنەوەی کۆریای باشوور 11ی مانگی یەک ڕایگەیاند فڕۆکەکەی کۆمپانیای 'جێجو ئەیر' چوار خولەک پێش ڕووداوە کوشندەکەی مانگی ڕابردوو، تۆمارکردنی وردەکارییەکانی گەشتەکەی ڕاگرتووە و زانیارییەکانی ئەم ساتەوەختە گرنگانە لەبەردەستدا نین. لێکۆڵەرەوانی کۆریای باشوور پێشتر ئاماژەیان بەوەدابوو کە داتای گەشتەکە و تۆمارکەرەکانی کابینەی فڕۆکەوانەکان گرنگترینن بۆ دۆزینەوەی هۆکاری کەوتنەخوارەوەکەی مانگی ڕابردووی فڕۆکەکە کە بووە هۆی کوژرانی 179 کەس. کەوتنە خوارەوەکە چوار خولەک دوای ئەوە بوو کە فڕۆکەوانەکەی فڕۆکەکەی جیجو ئەیر وتی باڵندەیەک خۆی کێشاوە بە فڕۆکەکەدا. وەزارەتەکە وتی ئەو بەرپرسانەی کە لێکۆڵینەوە لە کەوتنە خوارەوەکە دەکەن دەیانەوێت بزانن بۆچی سندووقە ڕەشەکان لە تۆمارکردن وەستاون. وتیشی تۆمارکەری دەنگەکە سەرەتا لە کۆریای باشوور شیکاری بۆ کرا، دواتر کاتێک کە بۆیان دەرکەوت هەندێک لە داتاکان دیار نین، تۆمارکەرەکە ڕەوانەی تاقیگەی دەستەی پارێزراویی گواستنەوەی نیشتیمانی ئەمەریکا کراوە. تۆمارکەرەکانی سندوقی ڕەش زانیاری لەسەر پەیوەندییەکانی فڕۆکەوانان کۆدەکەنەوە و هەروەها چۆنیەتی کارکردنی سیستەمەکانی فڕۆکە لە کاتی فڕیندا. سیم جەی دۆنگ، لێکۆڵەرەوەی پێشووی ڕووداوەکانی وەزارەتی گواستنەوە دەڵێت دۆزینەوەی داتا ونبووەکان لە دوایین خولەکە گرنگەکانی فڕۆکەی بۆینگ 737-800 دا سەرسوڕهێنەر بوو و ئاماژە بەوە دەدات کە لەوانەیە کارەباکە پچڕابێت، ئەوەش دەگمەنە. وەزارەتی گواستنەوە دەڵێت داتاکانی تر لە لێکۆڵینەوەکاندا بەکاردەهێنرێن و دڵنیایی دەدەن لەسەر ئەوەی کە لێکۆڵینەوەکە شەفافە و زانیارییەکان لەگەڵ کەسوکاری قوربانییەکان هاوبەش دەکرێت. هەندێک لە ئەندامانی خێزانی قوربانییەکان دەڵێن نابێت وەزارەتی گواستنەوە سەرکردایەتی لێکۆڵینەوەکە بکات و دەبێت شارەزایانی سەربەخۆ بەشداری بکەن، بەوانەشەوە کە خۆیان پێشنیارییان کردوون. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز