هەواڵی کوردستان ئێستا

مەحموود محەمەد: ئێمە مەرجەعێكمان هەیە.. گرووپ و باڵ لە ناو پارتیدا نە بوونی هەیە و نە دروستیش دەبێت

مەحموود محەمەد: ئێمە مەرجەعێكمان هەیە.. گرووپ و باڵ لە ناو پارتیدا نە بوونی هەیە و نە دروستیش دەبێت
مەحموود محەمەد: ئێمە مەرجەعێكمان هەیە.. گرووپ و باڵ لە ناو پارتیدا نە بوونی هەیە و نە دروستیش دەبێت

2020-05-13 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر-KDP.info- مەحموود محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە دیمانەیەكی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەڵێ، هەندێ حیزب وادەزانن باڵباڵێن نەخۆشییە تا لە خۆیانەوە بیگوازنەوە بۆ پارتی. هاوكات دامەزرێنەری بیرۆكەی لامەركەزییەتیش، بۆ پارتی دەگێڕێتەوە، نموونەش بەو رێككەوتنانەی نێوان پارتی و یەكێتی، پارتی و گۆڕان دێنێتەوە، كە لە یەكێك لە ماددەكاندا لەسەری رێككەوتوون. لەسەر پێكهاتەكانیش ئاماژە بەوە دەدات، گەرچی لە رووی قەومی و ئایینییەوە جیاواز بن، بەڵام سەدان ساڵە بەیەکەوە دەژین و بە هەموو شێوەیەك پارتی كاری بۆ چەسپاندنی مافەكانیان كردووە و خۆیشیان ئەوە دەزانن، كە هەندێ لایەن كاریان بۆ ئەوە دەكرد، كورسییەكانیان لە پەرلەماندا كەم بكەنەوە و پارتی رێگری لەو هەوڵە كرد.

مەحموود محەمەد، رەتی دەكاتەوە باڵباڵێن لە نێو پارتیدا بوونی هەبێت، بەو پێیەی پارتی دیموكراتی كوردستان، تایبەتمەندیی خۆی هەیە، هەرگیز ئەم حیزبە لە نێو خۆیدا تەحەمولی باڵ و گرووپی نەكردووە، نموونەش بە گەڕانەوە بۆ مێژوو دێنێتەوە، ساڵانی پەنجاكان و شەستەكان و حەفتاكانیش، ئەوانەی لە نێو پارتیدا خۆیان وەكو گرووپ یان باڵ نیشان دەدا، نەیانتوانی لە هەناوی پارتیدا بمێننەوە و جیا بوونەوە، كە بوونە كێشەش بۆ بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی كوردستان.

گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، قسەیەكی خوا لێخۆش بێت مام جەلال تاڵەبانی لەسەر ئەو جیابوونەوەیەیان لە پارتی دێنێتەوە، كە گوتوویەتی: "كارێكی باشمان نەكرد، كە لە جەنەڕاڵ بارزانی جیابووینەوە".

جەختیش لەوە دەكاتەوە، كە پارتی دیموكراتی كوردستان، لە نێوخۆیدا تۆكمەیە و مەرجەعییەت و رێبازێكی دیاریكراوی هەیە، ئەو لایەنانەی باسی گرووپ و دەستەگەریی نێو پارتی دەكەن، تەمەننا دەكەن پارتیش تووشی ئەو دەردەی خۆیان بێت، گرووپ و باڵ لە ناو پارتیدا نە بوونی هەیە و نە دروستیش دەبێت.

ئەو نایشارێتەوە كە بۆچوونی جیاواز هەمیشە هەبووە، بەڵام دواجار بڕیارێك دەربچێت، ئیدی هەموو ئۆرگانەكان هەر ئەو بڕیارە جێبەجێ دەكەن، خەڵكێكیش بیەوێت بۆچوونی جیاواز بە باڵباڵێن بزانێت، زۆر هەڵە تێگەیشتووە، هەندێ لایەنیش لە حەسوودیدا تۆمەتی باڵ و گرووپ بۆ پارتی دروست دەكەن، دەشڵێ پارتی وەك هەندێ لایەن بە ناوی رەگ، یا ناوەندی بڕیار، یان ریفۆرم، گرووپ و باڵی تێدا دروست نەبووە، بەڵكو پارتی دیموكراتی كوردستان یەك ئاڕاستە و یەك جێبەجێكردنی هەیە، ئەو برادەرەشی كە دەیگوت ئەو دەردەی لە ئێمە بووە چووە بۆ ئەوان، با دڵنیا بێ نە دێت بۆ ئێمە نە جێیشی دەبێتەوە، ئەوان پێیانوایە باڵباڵێن ڤایرۆسی كۆرۆنایە لەوانەوە بگوازرێتەوە بۆ ئێمە!

مەحموود محەمەد، ئاماژە بە هەیكەلی پارتی دیموكراتی كوردستان دەدات، كە بریتین لە سەرۆك، مەكتەبی سیاسی، سەركردایەتی، ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگاكان تا دەگاتە ئۆرگانەكانی دیكەی خوارەوە، جەختیش لەوە دەكاتەوە، كە سەرۆك مەسعوود بارزانی بڕیارەكانی لە لایەن هەموو كادیر و ئۆرگانەكانەوە قبووڵكراوە، هیچ بڕیارێكی حزبیش كە رەسم كراوە، پێچەوانەكەی لە هیچ ئۆرگانێك نەكراوە و نەبووە، چ بە نووسین، چ بە لێدوانی لابەلا، ئێمە مەرجەعێكمان هەیە، كە نەك پارتی، بەڵكو گەلی كوردستان چاوی لێیەتی.

ناشیشارێتەوە، ئەو كەس و لایەنانەی تۆمەتی باڵباڵێن بۆ پارتی دروست دەكەن، ئەوانەن كە دەڵێن باڵباڵێنمان هەبووە و ئێستا نەمانماوە، یان نەخۆش بوون و ئێستا چاك بوونەتەوە.

پارتی داهێنەری لامەركەزییەتە

گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاشكرای دەكات، كە شۆڕكردنەوەی دەسەڵات، بەشێك بووە لە فیكری پارتی، كە لە كۆنگرەی ١٣دا تایبەتمەندیی پارێزگاكانیان هەڵسەنگاندووە، بۆیەشە بڕیاریان داوە بە دامەزراندنی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارێزگاكان.

سەبارەت بە لامەركەزییەتی ئیداریش لە هەرێمی كوردستان، نموونە بە یاسای ژمارە سێی ساڵی ٢٠٠٩ دێنێتەوە، كە پارتی زۆر بە وازحی لەگەڵ لامەركەزییەتدا بووە، یاساكەش بوونی هەیە، بەڵام بۆ نەكردنی تا ئێستا، وەكخۆی گوتی: "بۆ نەكراوە و كێ نەیهێشت بكرێت، قسەمان لەسەری هەیە"!

مەحموود محەمەد، بەڵگەی رێككەوتنی سیاسییان لەگەڵ هەر یەكە لە یەكێتی و گۆڕان ئاماژە پێدەدات، كە یەكێك لەو ماددانەی لەسەری رێككەوتوون، لامەركەزییەتە، ئەویش لە پێناو لەبەرچاوگرتنی جیاوازیی تایبەتمەندیی پارێزگاكان، تەنانەت لە كاتی خوێندنەوەی كارنامەی حكوومەتیش لە لایەن سەرۆكی كابینەی نۆیەمەوە، یەكێك لە خاڵەكان شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتە لە مەركەزەوە بۆ پارێزگاكان.

پەیوەست بە داواکاری لامەركەزییەتیش، كە ئەوەش لە ئاستی بەرزدا باسی لێكراوە، گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە سەرسوڕمانەوە ئاماژە بە رێككەوتنی نێوان پارتی و یەكێتی دەكات، كە جیا لە بوونی ماددەیەك لەسەر لامەركەزییەت، خاڵێكی دیكە پاراستنی یەكپارچەیی خاكی هەرێمی كوردستانە، هاوكات یەكێك لە ماددەكانی دیكەش كە لەسەری رێككەوتوون، ئەوەیە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، حكومڕانی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان دەكات.

ناشیشارێتەوە، كە هەندێ كەس نایانەوێت حكوومەتی هەرێم دەستەڵاتەكانی لە سەرتاسەری هەرێم جێبەجێ بكات و ئاستەنگی بۆ دروست دەكەن، جەختیش لەوە دەكاتەوە، كە پارتی هیچ بەربەستێكی بۆ جێبەجێكردنی لامەركەزییەت نییە، بەو پێیەی لە جیاوازی و تایبەتمەندیی پارێزگاكان تێدەگەن و دیراسەیان كردووە، دەشڵێ كە بابەتی لامەركەزی نابێ ببێتە هۆی لەتكردنی هەرێمی كوردستان، یانیش وەك كارتێكی گوشار بەكار بهێندرێت، كە مەبەستیان بێ دەسەڵاتی خۆیان لە ناوچەیەك بپارێزن و ئەوانی دیكەش رەش بكەنەوە، ئەوەش هیچ لایەنێكی سیاسی قبووڵیان نییە، هاوكات جەماوەریش قبووڵی وەها كارێك ناكەن.

ناوبراو ئاماژە بەو هەوڵەش دەكات كە بەشێك دەیانەوێت، ئەو رێككەوتنە سیاسییەی لەسەر حكومڕانیی هەرێم كراوە، سەر نەگرێت، هەندێكیش لە نیازباشییانە.

مەحموود محەمەد باس لەوە دەكات، كاتێك لەگەڵ یەكێتی، هاوكات گۆڕانیش رێككەوتنیان ئەنجام داوە، یەكێك لە خاڵەكان لامەركەزییەت بووە، مەجبوور نەكراون، بەڵكو ویستی پارتی بووە، تا رۆتین نەمێنێت و كارئاسانی بۆ هاووڵاتیانی پارێزگاكان بكات و خزمەت بە خەڵكی بكات، نەك خزمەت بە هەندێ لایەن بكات.

پارتی هەمیشە هەوڵی پاراستنی مافەكانی پێكهاتەكانی داوە

لە دوای وەرگرتنەوەی پارێزبەندی لە پەرلەمانتارێك، لێرە و لەوێ قسەی زۆر لەسەر پێكهاتەكان كرا، بە تایبەت هەندێ لایەن، كە كۆی قسەكانیان لە كەمكردنەوەی پێكهاتەكانی هەرێم خۆیان دەبینییەوە. ئەندامی مەكتەبی سیاسی و گوتەبێژی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە بۆچوونی هەندێ كەس و لایەن لەسەر پێكهاتەكان، دەڵێ، فكرەی هاووڵاتی دەرەجە یەك و دوو، كە لە بەغدا هەبوو، ئێستاش ئەو پاشماوە فكرییە لە كوردستان دیارە هەیە، گەرنا توركمان، كلد و سریان و ئاشووری كۆچەر نین، داگیركەر نین، بەڵكو سەدان ساڵە بەیەکەوە دەژین، خەڵكی رەسەنی ئەم وڵاتەن، ناشبێ لە رووی ژمارەوە مامەڵە لەگەڵ پێكهاتەیەكدا بكەین.

نموونەش بەوە دێنێتەوە، كە چۆن كورد داوا لە عێراق دەكات، مافەكانی گەلی كوردستان پێشێل نەكات، دەشبێ ئەوانیش بەرانبەر پێكهاتەكانی هەرێمی كوردستان بەو شێوەیە بن، ناكرێ نەتەوەیەكی ستەملێكراو بووین، ئێستا ستەمكار بین.

جەختیش لەوە دەكاتەوە، كوردێك یا سریانییەك، توركمانێك، موسڵمانێك، یا مەسیحییەك، كە لە پەرلەمان بوون، دەنگیان وەك یەك بێت، گەر بە قسەی کەسی ناو هەندێ لایەن بێ، كەوایە پێكەوەژیان و دیموكراسی تەنیا درووشمە لایان، پێویستە دیموكراسی لایان ببێتە فكرە، تا ئەوەی ئەمڕۆی لێ دروست نەبێت، كە خەڵكانێك بڵێن فڵان ئەوەندە دەنگی هێناوە، چۆن دەبێ دەنگی توركمانێك یا كلد و سریانێك وەكو یەك بن! ئەوەش هەڵەیەكی گەورەیە.

مەحموود محەمەد، ئاشكرای دەكات، كاتێ پڕۆژەی دەستووری كوردستان هاتە گۆڕێ، خودی سەرۆك مەسعوود بارزانی ئیعازی دا، كە خوشك و برا توركمان و كلد و ئاشوور و سریانی و ئەرمەنی، چییان پێ باشە، ئەوە لە نێو دەستوورەكەدا بنووسن، تا حوكمی زاتیش گەر بیانەوێت.

ئاماژە بەوەش دەدات، ئەوان وەكو پارتی ئەوەندەی نیگەران بوون بەو لێدوانانەی لەسەر پێكهاتەكانی كوردستان دران، هێندە بە پڕوپاگەندەی گرووپ و باڵباڵێن نیگەران نەبوون، چونكە دەبینین هەندێ خەڵكی كوردستان خەریكە داوا دەكەن، ئەو مافانە نەدرێنە ئەو پێكهاتانە.

كۆبوونەوەی نێوان پارتی و یەكێتی

چەند جارێك بڕیار بوو پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان كۆببنەوە، بەڵام ئەنجام نەدرا، لەوبارەیەوە مەحموود محەمەد رایگەیاند، سێ جار بڕیار بووە كۆببنەوە، بەڵام هەر لەسەر داوای یەكێتی كۆبوونەوەكان دواخراون، كۆتا دواخستنیش هیچ ئاماژەیەكیان بە بابەتی كۆبوونەوەی پەرلەمان و لێسەندنەوەی متمانە لە پەرلەمانتارێك نەدا، بەڵكو تەنیا گوتوویانە، پێویستمان بە كۆبوونەوەی خۆمانە، كە پێمان باشە دوای كۆبوونەوەی خۆمان، كۆبوونەوەی هاوبەش بكەین.

ئەو جەختیش لەوە دەكاتەوە، وەكو پارتی هەمیشە كاریان بۆ ئەوە كردووە، لە رووی سیاسییەوە ئارامی بۆ خەڵكی دروست بكەن، كە هەر رۆژە و لەسەر بابەتێك نیگەران نەبن، چونكە هەر رووداوێكی سیاسیی ناخۆش رووبدات، ئەوا كاریگەری لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروست دەكات، گوتیشی: "هەڵبژاردن كراوە، پارتی دیموكراتی كوردستان زۆرینەی هێناوە، بۆیە دەبێ زۆر جومگەی ئەم وڵاتەشی بەدەستەوە بێت، ئەوەش كەس نایدا بە ئێمە، ئەوانەشی بەربەست دروست دەكەن، باوەڕیان بە دیموكراسی نییە، دیسان لەگەڵ خۆفەرزكردنن".

روونیشی دەكاتەوە، لە ئێستادا دۆخی ئابووری باش نییە، ئەوەش بە تەنیا هەرێمی كوردستان نییە، بەڵكو بە هۆی نەخۆشیی كۆرۆناوە، هەموو دنیای گرتۆتەوە، هاوكات دابەزینی نرخی نەوتە، كە پێویستە بە هەموو لایەك هەوڵی تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە بدەین، ئیدی هەر لایەنێك و بەپێی توانای خۆی، كە لەم كاتە هەستیارەدا ئەنجامی بدەین، نەك لایەنێك بیەوێت شانی لەژێر باریدا لاببات، هاوكات ئەم بارودۆخەش بقۆزێتەوە كە لە حكوومەتدایە و خۆیشی وەك ئۆپۆزسیۆن نیشان بدات! یان ببێتە ئۆپۆزسیۆن، تا لە پێناویدا چوار دەنگ زیاد بكات، یانیش قورسایی ئەم بارودۆخە بخاتە سەر لایەنێكی دیكە.

 

دیمانە، بەڕێوەبەری نووسین