ئێران و وڵاتانی ئەوروپا بەردەوام دەبن لە گفتوگۆکان لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی تاران
2025-01-14 19:25:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
دەزگای هەواڵی فەڕمی ئێران بڵاویکردەوە گفتوگۆکان لە جنێڤ لە نێوان ئێران و بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیادا سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییە جێناکۆکی لەسەرەکەی تاران بەردەوام دەبن. جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران کازم غەریبابەدی وتی " گفتوگۆکان جددی و ڕاشکاو و بونیادنەرانە بوون. تاوتوێی بیرۆکەکانمان کرد سەبارەت بە چەند وردەکارییەکی دیاریکراو لە بوارەکانی لابردنی سزاکان و ئەتۆمیدا کە پێویستن بۆ ڕێککەوتنێک." وتیشی " لایەنەکان ئاماژەیان بەوە داوە کە گفتوگۆکان دەبێت دەستپێبکەنەوە و بگەن بە ڕێککەوتنێک، سەرجەم لایەنەکان دەبێت کەشە گونجاوەکە دروست بکەن و بیپارێزن. ڕێککەوتووین لەسەر بەردەوامیدان بە گفتوگۆکانمان." گفتوگۆکانی ڕۆژی دووشەممە دوابەدوای گفتوگۆکانی مانگی یانزە هاتن. لەو کاتەدا بەرپرسێکی ئێرانی بە ڕۆیتەرزی وت کە دروستکردنی نەخشەڕێگایەک لەگەڵ ئەوروپاییەکاندا " تۆپەکە دەخاتە گۆڕەپانی ئەمەریکاوە بۆ زیندووکردنەوە یاخود کوشتنی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکە." لە ساڵی 2018 دا سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و شەش وڵاتی زلهێزدا کشایەوە و سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا. ئەوەش وایکرد تاران بەرپرسیارێتییەکانی لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەدا پێشێل بکات و دووبارە دەستیکردەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم و کۆکردنەوەی، ئامێری پیتاندنی پێشکەوتووی داناوە بۆ خێراکردنی پڕۆسەی پیتاندنەکە. گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و تاران بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنەکە شکستییان هێناوە. ترامپ بەڵێنیداوە بگەڕێتەوە سەر سیاسەتی " ئەوپەڕی فشار " بۆ سەر ئێران کە تێیدا هەوڵی وێرانکردنی ئابوورییەکەی ئێرانی دەدا تاوەکو تاران ناچار بکات دانوستان بکات لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکەی و موشەکە باڵیستیکییەکانی و چالاکییەکانی لە ناوچەکەدا. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز