جۆو بایدن نامەی ماڵئاوایی لەگەڵ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە کارەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی بڵاودەکاتەوە
2025-01-15 17:15:56 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
لەکاتێکدا کەمتر لە هەفتەیەک ماوە بۆ کۆتایی هاتنی خولی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، سەرۆک جۆو بایدن بە بڵاوکردنەوەی نامەیەکی ماڵئاوایی، لیستێکی درێژی دەستکەوتەکانی بەڕێوبەرایەتییەکەی لە بوارە جیاجیاکان لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا لە شێوەی ڕاپۆرتێکدا خستنەڕوو. لە نامەکەدا بایدن بە ئاماژەدان بە پەتای کۆڤید-19 و هێرشی سەر کۆنگرێسی ئەمەریکا لە 6ی ژانویەی 2021 لە سەرەتای دەسەڵاتەکەیدا نووسیویەتی "چوار ساڵ لەمەوبەر لە زستانێکی مەترسیداردا وەستابووین. ئێمە ڕووبەڕووی خراپترین پەتای سەدە بووین. لەوەتای 'قەیرانی ئابووری گەورە'، ئیمە خراپترین قەیرانی ئابووری بەرۆکی گرتبووین و لەوەتای شەڕی ناوخۆشەوە، خراپترین هێرشمان بۆ سەر دیموکراسیمان هەبوو. بەڵام وەک ئەمەریکایی کۆبووینەوە و بەسەر ئەم کێشانەدا زاڵ بووین. ئێمە بەهێزتر و سەرکەوتووتر و پارێزراوتر دەرکەوتین. 46هەمین سەرۆکی ئەمەریکا لە بەشێکی دیکەی نامەکەیدا ڕایگەیاندووە "ئەمڕۆ ئێمە خاوەنی بەهێزترین ئابووری جیهانین و 16 ملیۆن و 600 هەزار هەلی کاری نوێمان بە شێوەیەکی پێوانەیی ڕەخساندووە. مووچە زیاد بووە. هەڵاوسان بەردەوامە لە دابەزین. کەلێنی سامانی ڕەگەزی لە ماوەی 20 ساڵدا گەیشتوەتە نزمترین ئاستی خۆی." بایدن ئاماژەی بەوەشکردووە " من خۆمم کاندید کرد بۆ سەرۆکایەتی ئەمەریکا، چونکە باوەڕم وابوو ڕۆحی ئەمەریکا لە مەترسیدایە. جەوهەر و ناسنامەی ئێمە لە مەترسیدا بوو و ئەم پرسە هێشتا بەردەوامە. ئەمەریکا بیرۆکەیەکە لە هەموو سوپایەک بەهێزترە و لە هەموو ئۆقیانوسێک گەورەترە. ئەم بیرۆکەیە بەهێزترین بیرۆکەیە لە مێژووی جیهاندا. ئەمەش ئەو بیرۆکەیە کە هەموومان وەک یەک دروستکراوین و لەلایەن دروستکەرەکەمانەوە مافی بێبەشنەکراومان پێبەخشراوە، وەک ژیان و ئازادی و بەدواداچوون بۆ بەختەوەری. ئێمە هەرگیز بە تەواوی بەم بیرۆکە پیرۆزە نەژیاوین، بەڵام هەرگیز لێی دوور نەکەوتوینەتەوە وە باوەڕناکەم گەلی ئەمەریکا لەم بیرۆکەیە دوورکەوتبێتەوە." جۆو بایدن ئاماژەی بەوەشکردووە "خزمەتکردنی ئەم گەلە بۆ من زیاتر لە 50 ساڵ شانازی ژیانم بووە. لە هیچ شوێنێکی جیهاندا نەبووە منداڵێک کە زمانی دەگیرێت و ژیانێکی سادە و ساکاری لە شاری سکرانتۆن لە ویلایەتی پێنسیلڤانیا و کلایمۆنت لە ویلایەتی دێلاوێر هەبووبێت، بتوانێت ڕۆژێک لەسەر مێزی سەرۆکی ئەمەریکا دانیشێت. دڵ و گیانم بەخشیوە بەم گەلە و لە بەرامبەردا ملیۆنان جار بە خۆشەویستی و پشتیوانی گەلی ئەمەریکا وەڵامم وەرگرتووەتەوە." بایدن لە درێژەی قسەکانیدا و ڕوو لە گەلی ئەمەریکا کرد نووسیوێتی "مێژوو لە دەستی ئێوەدایە. دەسەڵات لە دەستی ئێوەدایە. بیرۆکەی ئەمەریکا لە دەستی ئێوەدایە. تەنها دەبێت ئیمانمان بپارێزین و لەبیرمان بێت کە کێین. ئێمە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکاین و هیچ شتێک نییە پێکەوە نەتوانین بیکەین." سەرۆک بایدن دەشڵێت "من و جێگری سەرۆک کامالا هێرس داوامان لە ستافەکەمان کردووە کە پوختەیەکی ورد لەو پێشکەوتنانە ئامادە بکەن کە پێکەوە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا بەدەستمان هێناوە." لە دریێژەی نامەکەدا لیستی بابەتگەلێکی جۆراوجۆر لە بوارە جیاجیاکانی ناوخۆ و دەرەوە خراوەتەڕوو و بە کورتی ئاماژە بە کارەکانی بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن کراوە، بە تایبەت لە پرسە سەرەکییەکانی پەیوەست بە سیاسەتی دەرەوە کە هەندێکیان بریتین لەمانەی خوارەوە؛ درێژترین شەڕ لە مێژووی ئەمریکادا، ئاماژەیەک بۆ شەڕی ئەفغانستان و کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە. پێکهێنانی هاوپەیمانییەک لە زیاتر لە 50 وڵات بۆ پشتیوانیکردن لە ئۆکرانیا، پێشکەشکردنی هاوکاری ئابووری و دارایی بۆ ئۆکرانیا بۆ بەرگریکردن لە خاکەکەی و سەپاندنی تێچوون بەسەر ڕووسیادا لە ڕێگەی بەهێزترین سزای فرەلایەنە و هەڵمەتی کۆنترۆڵکردنی هەناردەکردن. سڕینەوەی سەرکردە تیرۆریستییەکان لە بەرەکانی شەڕ، لەوانە ئەیمەن زەواهیری، سەرۆکی ئەلقاعیدە و ژمارەیەکی دیکە، وەک ئۆپەراتیڤە سەرەکییەکانی داعش، ئەلسودانی. بەهێزکردنی پێگەی کێبڕکێ و بەڕێوەبردنی بەرپرسیارانە کێبڕکێ لەگەڵ چین. گەڕاندنەوەی زیاتر لە 75 هاووڵاتی ئەمریکایی کە بە ناڕەوا لە زیندانەکانی دەرەوەی وڵات ڕاگیرابوون؛ لەوانە بریتنی گراینەر، پاوڵ ویلان، ئیڤان گرێشکۆڤیچ (پەیامنێری واڵ ستریت جۆرناڵ لە ڕووسیا) سەرکردایەتیکردنی هاوپەیمانییەکی وڵاتان بۆ بەرگریکردن لە ئیسرائیل دوای هێرشە تیرۆریستییەکەی حەماس لە 7ی ئۆکتۆبەر، کاتێک کۆماری ئیسلامی ئێران بە پشتیوانیی هێزە بە وەکالەتەکانی سەدان مووشەکی ئاراستەی ئیسرائیل کرد. بایدن بووە یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا کە لە سەردەمی جەنگدا سەردانی ئیسرائیل بکات. ڕاپۆرتەکە زیاتر جەخت لەوە دەکاتەوە کە بایدن بە درێژایی کاتژمێر کاری کردووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێک کە بریتی بێت لە ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن تیرۆریستانی بزووتنەوەی حەماسەوە دەستیان بەسەردا گیرابوون، لەنێویاندا ئازادکردنی بارمتە ئەمەریکاییەکان و هەروەها هەوڵی داوە بۆ دامەزراندنی ئاگربەستی دەستبەجێ و ڕەخساندنی زەمینە بۆ زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ غەززە و کۆتاییهێنان بە ململانێکان. هەروەها لە نامەکەدا باس لە ئێران کراوە و باس لەوە کراوە کە بایدن هاوپەیمانییەکی ناوچەیی بۆ بەرپەرچدانەوەی هێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل دروست کردووە و دەڵێت ئەمڕۆ بەهۆی پاڵپشتی بایدن لە ئیسرائیل، ڕژێمی ئێران لاوازتر و زیاتر بەر گوشار کەوتووە لە چاو ئەو کاتەی کە بەرێوبەرایەتی بایدن چوار ساڵ لەمەوبەر دەستی پێکرد و بریکارەکانی لەوان حوسییەکان و حزبوڵا و حەماس لاوازتر بوون. هەروەها لە بوارەکانی بازرگانی و تەکنەلۆجیادا باس لە بابەتی جۆراوجۆر کراوە. لە نێوانیاندا بەرهەمهێنانی نیمچە گەیەنەرە پێشکەوتووەکانی 4 نانۆمەتری، کە بۆ یەکەمجار لەسەر خاکی ئەمەریکا بەرهەم هێنران و یەکەمجار بوو لە ماوەی زیاتر لە دە ساڵدا کە چیپی پێشکەوتوو لە بنەڕەتدا لە ناوخۆدا بەرهەم هێنرا. یاسای چیپەکان و زانست، کە دیدگای جۆو بایدن بەدی دێنێت بۆ ئەوەی ئەمەریکا پێشەنگایەتی بکات لە داهێناندا بە وەبەرهێنانی زیاتر لە 50 ملیار دۆلار لە بەرهەمهێنانی نیمچە گەیەنەرەکان و توێژینەوە و پەرەپێدانی هێزی کار لە ئەمەریکا. دروستکردنی هاوبەشی نوێ لەگەڵ 70 وڵات و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ بەرەنگاربوونەوە و ڕێگریکردن لە هێرشە سایبیری و زیانامێرەکان لە ڕێگەی دەستپێشخەری نێودەوڵەتی دژە ئەو جۆرە هێرشانە بابەتێکی دیکەیە کە لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژەی پێکراوە. یەکێک لە گرنگترین کێشەکانی بەردەم بەڕیوبەرایەتی جۆو بایدن، پەتای کۆڤید-19 بووە کە لەم نامەیەدا ئاماژەی پێکراوە و هاتووە "لە یەکەم ڕۆژی سەرۆکایەتییەکەیدا، جۆو بایدن ستراتیژێکی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی Covid-19 خستەڕوو و گەورەترین بەرنامەی کوتانی بێبەرامبەری لە مێژووی وڵاتدا دەستپێکرد. بەرێوبەرایەتی بایدن و هێرس 90 هەزار شوێنی کوتانیان ڕێکخست و زیاتر لە 9 هەزار کارمەندی فیدراڵی بۆ پاڵپشتیکردنی کوتان لە سەرتاسەری وڵاتدا جێگیر کرد و هەروەها نزیکەی 700 ملیۆن ژەمی ڤاکسینی کۆڤید-19ی بەخشییە وڵاتانی دیکە. هەروەها باس لە هاوکارییەکانی ئەمەریکا لەگەڵ زیاتر لە 60 وڵاتی جیهان دەکات بۆ خۆپاراستن و ئامادەکاری بۆ قەیرانە تەندروستییەکانی داهاتوو. بڕیارە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە 16ی ژانویە، جۆو بایدن وتاری ماڵئاوایی خۆی پێشکەش بکات. وتارە تەلەفزیۆنییەکە ڕاستەوخۆ لە میدیاکانەوە پەخش دەکرێت و چاوەڕوان دەکرێت ناوەڕۆکی ئەم نامەیە بخاتەڕوو کە چەند کاتژمێرێک پێشتر بڵاوکرایەوە.