بەپرسێکی باڵای ئێران: ئیسرائیل لەناو ئامێرە کڕدراوەکانی ناوکی کۆماری ئیسلامی تەقەمەنی چاندووە
2025-01-15 19:55:16 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
جێگری سەرۆک کۆماری ئێران بۆ کاروباری ستراتژیک ڕایگەیاندووە لەو کەرەستانەی سەنتەرفۆجی ئەتۆمی کە لە لایەن تارانەوە کڕدراون، تەقەمەنی چێندراون بۆ تەقاندنەوەیان. محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی پێشووی ئیران کە ئێستا جێگری سەرۆک کۆمارە بۆ کاروباری ستراتژیک لە چاوپێکەوتنێکدا کەمێک وردەکاریی لەسەر ئەم بابەتە دەخاتەڕوو، بەڵام ئەو بانگەشەیەی بەستەوە بە کێشەی ئەمنی فراوانتر کە بە وتەی خۆی بە هۆی سزاکانی ڕۆژئاواوە ڕووبەڕووی ئێران بووەتەوە. بە گوتەی زەریف، سزاکانی ڕۆژئاوا حکومەتی ئێران و هاوپەیمانەکانی ناچار کردووە بۆ کڕینی ئەو کەلوپەلانەی پێویستیان پێیەتی پشت بە نێوەندگران ببەستن و ئەمەش لاوازییەکی دروستکردووە کە وڵاتانی "وەک ئیسرائیل دەتوانن خراپ دژی ئێران بەکاری بهێنن." زەریف لە درێژەی قسەکانیدا ڕایگەیاندووە "هاوکارەکانمان سەنتەرفۆجیان بۆ ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران کڕیبوو کە دواجار بۆیان دەرکەوت تەقەمەنی لەناویدا چێندراوە." ناوبراو ڕێکەوتی دۆزینەوەکە و وردەکاری زیاتری نەخستەڕوو، بەڵام ئاماژەی بەوەشکردووە تەقەمەنییەکە "بە سەرکەوتوویی" لابراوە. دوابەدوای تەقینەوەیەک لە مانگی چواری ساڵی 2021 کە بووە هۆی پچڕانی کارەبا لە دامەزراوەی پیتاندنی یۆرانیۆمی نەتەنز، کۆماری ئیسلامی ئێران ڕووداوەکەی بە "تیرۆری ئەتۆمی" ناو برد و ئیسرائیلی بە تێوەگلان لەو ڕووداوەدا تۆمەتبار کرد. ئیسرائیل کە مێژوویەکی هەیە لە هێرشی ئەلیکترۆنی و تیرۆرکردنی ئامانجدار بە ئامانجی بەرپەرچدانەوەی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و دواخستنی زیاتری پێشکەوتنەکانی، لەو کاتەدا لە بەرامبەر ئەو تۆمەتە بێدەنگ بوو. زەریف بانگەشەی "چاندنی تەقەمەنی" لە ئامێری سەنتەرفیوژ کە لە "نیوەندگەرانی" بیانی کڕدراون، وەک بەشێک لە "هەڵمەتێکی هاوئاهەنگی ئیسرائیل" وەسف دەکات بۆ ئەوەی بتوانیت لەو ڕێگەیەوە پلانەکانی دژی کۆماری ئیسلامی ئێران جێبەجێ بکات. زەریف وتی ئێران لەبری ئەوەی ڕاستەوخۆ ئامێرەکان لە بەرهەمهێنەران داوا بکات، دەبێت پشت بە ژمارەیەک نێوەندگیری ببەستێت و ئەگەر ئیسرائیل "تەنانەت بتوانێت دزە بکاتە ناو یەکێک لەو نێوەندگرانەوە، ئەوا دەتوانێت هەر شتێک بچێنێت وئەمەش ڕێک ئەوەیە کە ڕوویداوە." هەروەها ئاماژەی بە زنجیرەیەک تەقینەوە لە لوبنان کرد لە هاوین و پاییزی ئەمساڵدا، کاتێک ئیسرائیل پیجەر و ڕادیۆکانی پەیوەندییەکانی سەر بە گروپی چەکداری لوبنانی حزبوڵای تەقاندەوە؛ تەقینەوەکان کە تێیدا دەیان ئەندامی حزبوڵا کوژران و زیاتر لە سێ هەزار هێزی دیکەی ئەو گرووپەی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران بە سەختی بریندار بوون. یەکێک لە بریندارەکان باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران بوو لە لوبنان کە چاوێکی و پەنجەکانی لەدەستدا. زەریف وتی "پرسی پیجەر پرۆسەیەکی چەند ساڵە بووە کە بە وردی لە لایەن زایۆنیستەکان (ئیسرائیلییەکان)ەوە پلانی بۆ داڕێژرا و ڕێکخرابوو." سەرکردەکانی ئیسرائیل بەرپرسیارێتی تەقینەوەی پیجەرەکانیان قبوڵکردووە، ئەمەش بەهۆی ئەو شەڕەی کە ماوەی 14 مانگە لەلایەن حزبوڵای لوبنانەوە دژی ئیسرائیل ئەنجامدراوە بۆ پشتیوانیکردن لە گروپی توندڕەوی حەماس. بەگوێرەی ئاژانسە هەواڵییەکان، دوابەدوای تەقینەوەی پیجەر و کەرەستەی پەیوەندییەکانی دیکەی حزبوڵا، سوپای پاسداران بەکارهێنانی ئەو کەرەستەی لەلایەن هێزەکانیەوە قەدەغە کرد و لێکۆڵینەوەی بەرفراوانی لە هێزەکانی دەستپێکرد. هەر لەو ڕۆژەدا نیگەرانیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە دووبارەبوونەوەی تەقینەوە هاوشێوەکانی پیجەر لە لوبنان و سووریا بووە هۆی ئەوەی ڕێکخراوی فڕۆکەوانی مەدەنی هەڵگرتنی کەرەستەی پەیوەندی و مۆبایل لە گەشتەکاندا قەدەغە بکات. محەممەد جەواد زەریف لە چاوپێکەوتنێکدا دانی بەوەدانا کە سزاکان نەک هەر کێشەی دارایی بۆ ئێران دروستکردووە بەڵکو کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕووی مەترسییە ئەمنییەکانی کردووەتەوە. وتەکانی زەریف لە کاتێکدایە کە بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن لە ڕۆژانی کۆتاییدایە و دانۆڵد ترامپ کە لە ئیدارەی پێشوویدا پاڵپشتێکی گەورەی ئیسرائیل بووە، لە 20ی مانگی دوودا دەگەڕێتەوە سەر دەسەڵات.