بەردەوامی هێرشی حوسییەکان بۆ سەر ئیسرائیل و ئاکامەکانی
2025-01-16 16:30:16 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
حوسییەکانی یەمەن هێشتا بەردەوامن لە هێرشەکانیان بە موشەک و درۆن بۆ سەر ئیسرائیل، سەرەڕای هوشدارییە بەردەوامەکانی کاربەدەستانی ئیسرائیل. ڕۆژی هەینی لە پاش هێرشی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچەکانی یەمەنی ژێر دەستی حوسییەکان و گەیاندنی زیانێکی زۆر بە چەند شوێنێکی ستراتیجی لەوانە هەردوو بەندەری حودەیدە و ڕەئس عیسا، ئیسرائیل کاتز، وەزیر بەرگری ئیسرائیل ڕێبەرانی حوسی ئاگادارکردەوە کە ئەوانیش دەکرێنە ئامانج. پێشتریش لە کۆتایی مانگی ڕابردوو دانی دانۆن، نوێنەری ئیسرائیل لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی ئاسایش داوای لە کۆمەڵی نێودەوڵەتی کرد فشار بخەنە سەر حوسییەکان بۆ ڕاگرتنی هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل، ئەگەر نا ئەوا ئیسرائیل زۆر بە توندی کاردانەوەی دەبێت و ئەو کات کەس ناڕەزایی دەرنەبڕێت. دەپرسین: سەرچاوەی توانا لەشکرییەکانی حوسییەکان چین؟ بۆچی حوسییەکان بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ئیسرائیل لە کاتێکدا وڵاتەکەیان بۆخۆی بە شەڕ وێرانبووە؟ وەک باس دەکرێت، ئێران لە پشت ئەم شەڕەوەیە. چۆن و بە چی؟ ئایا ئیسرائیل دەتوانێت بە هاوشێوەی حەماس و حزبوڵا، حوسییەکان لاوازبکات؟ دکتۆر حەسەن ئەحمەد، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دکتۆر سەنگەر سەید قادر، توێژەر لە ناوەندی ئیمارات بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیژی مامۆستا حسێن ڕابی، شیکەرەوەی سیاسی، مامۆستای زانکۆی سلێمانی د.حەسەن ئەحمەد *لەڕاگەیاندنەکانی کوردستان زیاتر باس لە بابەتی فەلەستین و غەززە و لوبنان و سوریا دەکرێت، کەمتر باس لە یەمەن دەکرێت، وێنەکە بۆ ئێمە وێنەیەکی ڕوونە. * ئێستا یەمەن بە ئەندازەی گەڕەکێکی هەولێر لێمان نزیکە، یەمەن و سوریا و لونان و هەولێر یەک زۆنی جەنگن، یەمەن کاریگەری لەسەر عێراقیش دەبێت، لەسەر لە قاڵبدانەوەی ئەو گروپە میلیشیایانەی عێراق کە موشەکەکانیان بە ئاسانی دەگەیشتنە هەولێر، من پێموایە هەتا فۆرم و دیزاینێکی ڕۆژهەڵاتێکی نوێ دەچەسپێت یەمەن و سوریا و لوبنان هەمووی کاریگەریان لەسەر هەولێر دەبێت بەپێچەوانەوە، زۆر گرنگە، چونکە سیاسەت مەداکەی بچوک بووەتەوە و کاریگەری لەسەر یەکتر هەیە. ئەم وڵاتە لەچاو غەززەدا تۆرا بۆرایە، ئاسان نیە کۆنتر بکرێت و ئەو بەڵێنانەی ناتانیاهۆ لەبارەی حوسییەکان دەیدا بە ئاسانی بچنەسەر، بۆیە دواجار دەبێت بیر لە سوڵح بکرێتەوە لەگەڵ حوسییەکان، چونکە(باب المەدیب)یەکێک لەقەرەباڵغترین ڕێڕەوەکانی جیهانە. *ئێران یەکجار بریندارە، لەساڵی 1979وە یەکەمجارە ئێران بەوجۆرە کەوتبێتە بەر هەڕەشەی جدییەوە، شەڕەکە هاتووەتە ناو ماڵی خۆی، ئەوەی بەدەستی ماوە تەنها یەمەنە هەمووشتێک دەکات هەتا حوسییەکان شکست نەهێنن، یارمەتییان دەدات، حوسییەکانیش لە 7ی ئۆکتۆبەرەوە هەموو شتێکیان وەلانا هەتا ئێران لەخۆیان ڕازی بکەن، حوسی یەکەم و براکەشی کە مرد، ئێجگار لەژێر کاریگەری ئێراندان، زۆر زۆر بڕوایان بە سیستمی قوم و کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە. *ئەگەر بویسترێت عێراق یان هەرێمی کوردستان جێگیر بکرێ دەبێت چەند لایەنێکی ناوخۆ و دەرەوە ڕازی بکرێت، بۆ یەمەنیش دەبێت تورکیا، قەتەر و ئیمارات و ئەمەریکا بە هەردوو ئیدارەکەوە کە دەستی تێوەردەدەن دەبێت ڕازی بکرێن، کە ئەمەش بەڕاستی ناکرێت، حوسییەکان هیچ ئامانجێکی دیارکراویان نەماوە شەڕی بۆ بکەن چونکە ئەو جەنگەی ئەوان لەگەڵ ئیسرائیل دەیکەن هیچ سودێکی ئەوتۆ بەمێژوو، سەروەری ئەوان و ئابوری ئەوان ناگەیەنێت چونکە هەرخۆیان حوسییەکان لە شوێنێکی زۆر زۆر گرنگن. *یەمەن دواجار دەبێت بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت و یەکلایی بکرێتەوە، واتە بە ڕێگای سیاسی، نەک هاوشێوەی حزبوڵا و حەماس لەڕێگای سەربازیەوە، مەگەر ئەوەی مرۆڤی لێنەهێڵدرێت چونکە ناوچەکەیان جیاواز و ناوچەیەکی شاخاوی و سەختە، حوسیییەکان دەتوانن بە گروپێکی 10 کەسی هەفتانە زیانی ملیارەها دۆلاریان لێبدەن، بۆیە دەبێت دواجار بیر لە چارەسەری سیاسی بۆ حوسییەکان بکرێتەوە، بەڵام قوەتە دوورهاوێژییەکەیان لەدەست دەربێت زۆر گرنگە. *بەلای منەوە زۆر زووە هێشتا کە بگەمە ئەو بڕوایەی کۆماری ئیسلامی ئێران بگۆڕن، نەخێر تەنها لە قاڵبی دەدەن. دکتۆر سەنگەر سەید قادر *بۆ ئیسڕائیل قورسە هەمان مامەڵەی یەمەن و سوریا و لوبنان لەگەڵ یەمەندا بکات، بەدرێژایی مێژوو ئەو ناوچانەی کە حوسییەکانی لێیە ناوچەی سەختن، هەروەها دووری یەمەن لە ئیسڕائیلەوە، هەروەها کۆمەڵگای حوسی کۆمەڵگایەکی بیروباوەڕن و زۆر قورسە بۆ ئیسڕائیل دەستی پێییان بگات نابنە هەواڵگری بۆ ئیسڕائیل. * بەڕاستی بابەتی یەمەن و حوسییەکان کاریگەری هەیە لەسەر نرخی نان لە کوردستان چونکە لە ٢٠%ی بازرگانی جیهان لە بەندەری (باب المەدیب) دەکرێت، یەمەن دواین هێڵی بەرگری ئێرانە کە دوای ئەوە سەرەی عێراق و هەرێمی کوردستانە، بۆیە ئێران دەیەوێت هەرچی لەدەست بێت بۆ یەمەنی بکات هەتا یەمەن نەکەوێ، واتە ئێران شەڕی مان و نەمان دەکات لە یەمەن، کۆتایی ئاگرەکەی یەمەن لە عێراق و هەرێمی کوردستانە، بەداخەوە نوخبەی سیاسی ئێمە تێگەیشتنی بۆ دۆخی ناوچەکە نیە هەتا شەڕەکە دەگاتە بەردەم دەرگای، چەندین ساڵە داوا لە هەرێمی کوردستان دەکرێت کە هێزەکانی پێشمەرگە یەکبخاتەوە. * گۆڕانکاری گەورە لە هەرێمی کوردستان دێتە ئاراوە، بەدڵنیاییەوە شەڕ و گۆڕانکارییەکان بەردەرگای کورد دەگرێت، کاتەکەش تەواو بوو کورد هیچی لەدەست نایەت جگە لەوەی چاوەڕێ بکات، چونکە کورد کارلێکراوە نەک بکەر. مامۆستا حسێن ڕابی حوسییەکان بەکرێگیراون، ئەو کارەی کە دەیکەن ڕێک بۆ بەرژەوەندی ئێرانە، هەر وەکو چۆن پێشتر بە فەرمانی ئێران هێرشییان دەکردە سەر سعودیە. ئەوان کە پێشتر هێرشییان دەکردە سەر ئیسڕائیل بۆ ئەوەبوو کە تەرکیزی ئیسڕائیل لەسەر لوبنان لابدەن، ئێستا کە سەرە هاتووەتە سەر حەشدی شەعبی عێراق حوسییەکان هێرش دەکەنە سەر ئیسڕائیل هەتا تەرکیزی ئیسڕائیل لەسەر عێراق لابدەن، ئەمەش هەوڵێکی نەزۆکە، دەیانەوێت کاتی مەرگی حەشدی شەعبی درێژ بکەنەوە، بەڵام ناتوانن هەروەک چۆن نەیانتوانی ڕێگری لە تیاچوونی حەماس و حزبوڵا بکەن، بەس بۆ ئەوەیە بڵێین ئەوەتا ئێمەش هەین، وە دوای حەشدی شەعبی لە عێراق بێگومان سەرەی بەرنامە ئەتۆمیەکەی ئێرانە، بەدڵنیایی ئەوکاتیش حوسییەکان هێرش دەکەنەوە سەر ئیسڕائیل، بەڵام ئەوەش هەر هەوڵێکی نەزۆکی ترە، چونکە ئیسڕائیل باج بە کەس نادات، هێرشی حوسییەکان کاریگەری ئەوتۆی لەسەر ئیسڕائیل نیە، زیاتر کاریگەرییەکە دەرونیە، خۆی هێرشی حزبوڵا کاریگەریی لەسەر ئیسڕائیل نەبوو چ جای حوسییەکان بەو دورییە، ئەمەریکا و ئیسڕائیل دەتوانن حوسییەکان لەناو ببەن و بیانسڕنەوە ئەوەش لەڕێگای پشتیوانی لەو حکومەتە یاساییەی لە عەدەن هەیە، شتی وانیە بڵێیین حوسییەکان هەتاسەر دەمێنن ڕاستە ڕێگاکە ئاسان نیە بەڵام دەکرێت، شیعەی عێراق وەک حزبوڵای لێدەکەن کە کەڵبەیان دەرهێنا و توانای گاز لێگرتنی نەما، ئێرانیش وا لاواز دەکەن کە ئیتر حەقی وڵاتانی دەوروبەری وەک عێراق و سوریای نەمێنێ، بۆیە ئەگەری لاوازکردنی ئێران و ڕووخانی ڕژێمەکە هەردووکی لەئارادان. من پێموایە هێشتا جیهان ئەوەندە شعوری تێداماوە کە بتوانن بەشێوەی سیاسی چارەسەری کێشەی حوسییەکان بکەن، ئێستا ئێران ڕێگەنادات بەو چارەسەرە سیاسییە، بەڵام کە ئێران لاوازکرا ئەوە دەکرێ چونکە ئەوکات ئێران واز لە تەماحەکانی دەهێنێت لە بەکارهێنانی ئەو گروپە تیرۆریستیانە بۆ بەرژەوەندی خۆی.