هەواڵی کوردستان ئێستا

شارەزایەکی سەربازی: چەکدارکردنی ھۆزەکان ھەڵەیەکی دیکەی حکوومەتی عێراقە

شارەزایەکی سەربازی: چەکدارکردنی ھۆزەکان ھەڵەیەکی دیکەی حکوومەتی عێراقە
شارەزایەکی سەربازی: چەکدارکردنی ھۆزەکان ھەڵەیەکی دیکەی حکوومەتی عێراقە

2020-05-14 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

هەولێر - KDP.info - ژمارەیەک ھۆز و عەشیرەت و تیرەی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و پاراستنی ڕەوشی ئەمنیی ناوچەکانیان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە پڕچەک کراون و شارەزایەکی سەربازیش دەڵێ، مەترسی ھەیە ئەو چەکدارانە چەکەکانیان دژی حکوومەت بەکار بێننەوە.

عەقید ھێمن ساڵح، شارەزای زانستی سەربازی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چەکدارکردنی ھۆزەکانی عێراق ھەڵەیەکی دیکەی حکوومەتی عێراقە، چونکە دوای پڕۆسەی ئازادیی عێراق چەندین جار ھۆز و عەشیرەتەکانی عێراق لەلایەن حکوومەتەوە پڕچەک کراون بۆ پاراستنی ناوچەکانیان و دواتر ھەڵگڕاونەتەوە و چەکەکانیان دژی حکوومەت بەکار ھێناوە، لە ڕووی سەربازییەوە چەکدارکردنی خەڵکی عەشایەر کێشەی زیاتر دروست دەکات بۆ حکوومەت و چارەسەری ڕەوشی ئەمنیش ناکرێت."

ئەو شارەزایەی بواری سەربازی، پێکھێنانی ھێزی سەحوە بە نموونە دەھێنێتەوە و دەڵێت: "پێشتر حکوومەتی عێراق ھێزێکی بە ناوی سەحوە لە عەشیرەکانی عێراق پێک ھێنا و چەک و تفاقی سەربازیی بەسەر ئەو عەشایەرە عەرەبانەدا دابەش کرد، بەڵام لە کۆتاییدا لوولەی چەکەکانیان کردە ھێزەکانی سوپای عێراق و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان."

عەقید ھێمن ساڵح جەختی کردەوە: "پێویستە لە ھەموو وڵاتێک چەک تەنیا لە دەست ھێزی فەرمی و سەربازیدا بێت، بەپێچەوانەوە کارەساتی لێ دەکەوێتەوە."

عەقید ھێمن ساڵح ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "بەداخەوە ھێزە عێراقییەکان نەیانتوانیوە خاکی عێراق لە تیرۆریستانی داعش پاک بکەنەوە، تەنیا لە جادەی سەرەکی نەبێت، ئێستاش کە داعش جووڵە دەکات، تەنیا ھەنگاو گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگەیە بۆ ناوچەکانی پێشووتر و ھیچ پلانێکی دیکە جگە لە گەڕانەوەی پێشمەرگە سەر ناگرێت و ئەو ناوچانە ئارامی بەخۆیانەوە نابینن."

قائید میرۆ