هەواڵی کوردستان ئێستا

پۆستەکانی پشکی کورد لە خوار وەزارەتەکانەوە

پۆستەکانی پشکی کورد لە خوار وەزارەتەکانەوە
پۆستەکانی پشکی کورد لە خوار وەزارەتەکانەوە

2020-05-14 00:00:00 - سەرچاوە: kdp

بەغدا - KDP.info -  جیگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ، زۆر پۆست هەن لە بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکان و دەستەکان، بەتایبەت كومیسیۆنى هەڵبژاردن و نەزاهە و پشکی سەربازی و دارایی و بازرگانى و تەندروستى، دەبێ کورد پشکداریی کارای تێیاندا هەبێت.

بەشار کیکی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "جگە لە وەرگرتنی سێ وەزارەتەکەی کورد، زیاتر لە چوار هەزار بەڕێوەبەری گشتی و ٣٠٠ وەکیلیش لە عێراقدا هەن، لەنێو ئەم پۆستانەشدا زیاتر لە ٢٠٠ پۆست ده بێ بو کورد بن، ئەم پۆستانە زۆر گرنگن بۆ کورد و دەبێ نوینەریان هەبێ، بەتایبەت ئەوانەی دەسەڵاتی فیدراڵییان هەیە، بۆ نموونە، دەبێ کورد نوینەری لە سۆمۆ و كشتوكاڵ هەبێت و جێگری دەستەی نەزاهەش پشکی کوردە، لە فەرمانگەی بودجەی وەزارەتی دارایی و لە فەرمانگەی قەرز و مینحەکانیش دەبێ کورد نوێنەری هەبێ، بریكارى وەزارەتەكانى بازرگانى و تەندروستى و سوپاسالاری عێراق بۆ کورد دەبێت. ئەمەش بەپێی دەستوور دەبێ پرەنسیپى هاوسەنگی لە نێوان پێکهاتەکاندا بپارێزرێت."

بەشار کیکی ئاماژەیشی دا: "بەهۆی ئەو پەیوەندییە ناجێگیرانەی نێوان هەرێم و حکوومەتی عێراق، لە حکوومەتی عەبادیدا کورد نەمابوو، بەڵام ئەو پۆستانە وەردەگرینەوە، چونکە ئەم پۆستانە پەیوەندییان بە ژیانی خەڵکی هەرێمەوە هەیە و ناکرێ تەنیا بایەخ به پۆستى وەزیر بدەین.

ناوبراو گوتی: "ئەم مەلەفە لەم کابینەیە کارا دەکرێتەوە، دەبێ کورد پشكى خوى وەربگرێت. دواکەوتنی ئەم مەلەفە له ماوەى ڕابردوودا دوو هۆکاری سیاسی و یاساییی هەبوو، چونکە دەبێ لە پەرلەمانیش دەنگی لەسەر بدرێت."

کاروان باعەدری