هەواڵی کوردستان ئێستا

ئومێد خۆشناو: ئه‌وانه‌ی داوای كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانیان كرد هه‌ر خۆیان داوای دواخستنیان كرد

ئومێد خۆشناو: ئه‌وانه‌ی داوای كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانیان كرد هه‌ر خۆیان داوای دواخستنیان كرد
ئومێد خۆشناو: ئه‌وانه‌ی داوای كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌مانیان كرد هه‌ر خۆیان داوای دواخستنیان كرد

2020-05-14 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هه‌ولێر-KDP.info-  سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان گوتی، ئه‌و فراكسیۆنانه‌ی كه‌ پێشنیاریان كرد ئه‌مڕۆ فراكسیۆنه‌كان كۆ ببنه‌وه‌ هه‌ر خۆیان داوای دواخستنیان كرد و هیچ بیانوویەكیش نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان په‌كی بكه‌وێت، چونكه‌ كارێكی نایاسایی نه‌كراوه‌ تا په‌رله‌مان په‌كی بكه‌وێت، بۆیه‌ ئەوان ئاماده‌ن بۆ هه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك كه‌ ده‌كرێت بۆ ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان ده‌ست پێ بكاته‌وه‌.

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئومێد خۆشناو، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "بڕیار بوو ئه‌مڕۆ په‌رله‌مانی كوردستان كۆ بێته‌وه‌ و هه‌ندێك فراكسیۆن پێشنیاریان كرد كه‌ ته‌نها سه‌رۆكفراكسیۆنه‌كان كۆ ببنه‌وه‌ و ئه‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ باسیان له‌وه‌ كرد كه‌ بایكۆتی كۆبوونه‌وه‌یان كردووه،‌ ئه‌وه‌ بایكۆت نییه‌ و پێویسته‌ بایكۆت له‌سه‌ر پرسێكی دیاریكراو بكرێت، چونكه‌ ئه‌وان ئاماده‌ی كۆبوونه‌وەیەک‌ نه‌بوون کە خۆیان پێشنیاریان كردبوو كۆبوونه‌وه‌كه‌ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆیه‌ك بكه‌ین و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانیش كۆ بینیه‌وه‌ و به‌رنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌كانی په‌رله‌مان دیاری بكرێت، بۆیه‌ خۆیان به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌یان نه‌كرد و باسیان له‌وه‌ كرد پێویسته‌ كاتیان پێ بدرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده ‌بن و سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانیش به‌شدار بێت."

ئومێد خۆشناو گوتیشی: "ئێمه‌ وه‌كو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌گه‌ڵ ئه‌وەداین كه‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ به ‌به‌شداریی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بێت، نه‌ك ته‌نها سه‌رۆكفراكسیۆنه‌كان، به‌ڵام كه‌ قبووڵمان كرد بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كاتێكی دیكه‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كۆ بینه‌وه‌ و هیچ هۆكارێكیش نابینین كه‌ ببێته‌ هۆی ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان په‌كی بكه‌وێت و په‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات و له‌گه‌ڵ هه‌موو ده‌ستپێشخه‌ریه‌كین بۆ ئه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ بكرێت."

خۆشناو باسی له‌وه‌ش كرد: "نابێت سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان تێكه‌ڵی كاری سیاسی بێت. فراكسیۆنه‌كان ئه‌و كاره‌ ده‌كه‌ن و مڵملانێش هه‌بێت نابێت ئه‌وان تێكه‌ڵ بن و پێویسته‌ دوور بن له‌ ململانێی سیاسی و ئاماده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان كاری خۆی بكات و هیچ ئه‌جێندایه‌كی سیاسی له‌پشته‌وه‌ نییە."

سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی باسی له‌وه‌ش كرد: "له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كارێك نه‌كراوه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاسا بێت و به ‌هیچ شێوه‌یه‌ك شكۆی په‌رله‌مان نه‌شكاوه‌ و كۆبوونه‌وه‌ی ڕابردووش به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆ بووه‌ و پێویسته‌ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان به‌شێك بن له‌ چاره‌سه‌ری و خۆیان نه‌كه‌ن به‌ نوێنه‌ری حیزب، چونكه‌ ڕاسته‌ نوێنه‌ری حیزبن، به‌ڵام ئێستا ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانن و پێویسته‌ ئه‌وان تێكه‌ڵی ململانێ نه‌بن."

گوتیشی: "په‌رله‌مانی كوردستان نوێنه‌رایه‌تیی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كات و پێویسته‌ هه‌موو كارەكانیشی له ‌به‌رژوه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان بێت و هیچ بیانووه‌ك نییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مان په‌كی بكه‌وێت، بۆیه‌ هیوادارین هه‌فته‌ی داهاتوو كۆبوونه‌وه‌ی نێوان سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كان ئه‌نجام بدرێت و هه‌ر فراكسیۆنێكیش قسه‌یه‌كی هه‌بێت، له‌وێ قسه‌ی خۆی بكات."

ئومێد خۆشناو ڕایشیگه‌یاند: "ئێمه‌ له‌گه‌ڵ زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ نین و زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ واتا ئارامی و خۆشگوزه‌رانی و یه‌كگرتووبوونی خه‌ڵكی كوردستان بێت و پرسی حه‌وتی مانگ كه‌ بچووك بوو، ناكرێت گه‌وره‌ بكرێت و له ‌په‌رله‌مانی عێراق و هه‌موو دنیا ئه‌و كارە ده‌كرێت و ناكرێت گه‌وره‌ بكرێت."

بڵند ئیبراهیم