ئەو بێچوە مشکەی لە دوو نێر خرابوویەوە گەیشتە تەمەنی باڵغبوون
2025-01-29 00:10:18 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
بۆ یەکەمجار لە میژووی زانستدا، مشکێک کە تەنها بە پشتبەستن بە تۆوی دوو مشکی نێرینە و بەبێ هێلکەی مێینە خراوەتەوە دەگاتە تەمەنی "باڵغی." هەنگاوەکە بە وەرچەرخان لە تەکنەلۆجیای دەستکاری و بژاری جینات دادەنرێت. توێژەران لە ئەکادیمیای چین بۆ زانستەکان لە ڕێگەی 'ئەندازیاری خانە بنەڕەتییەکانی ئاوڵەمەیی' و تەکنەلۆجیای کریسپەر هاستاون بە وەرگرتنی جینەکانی تۆوی مشکێکی نێر و لە تاقیگە گۆڕیویانە بۆ هێلکە. دواتر ئەو هێلکەیەیان لە ڕێگەی تۆوی مشکێکی تر پیتاندووە. زانایانی ئەکادیمیاکە دەڵێن کردارەکە بە سەرکەوتویی بووەتە هۆی خستنەوەی بێچوێک، وە دواتر بێچوەکە گەشەی کردووە و گەیشتووەتە تەمەنی 'باڵغی'. لێکۆڵینەوەکە نزیکەی شەش ساڵی خایاندووە و ئەنجامەکەی ئەمڕۆ سێشەممە لە جۆرناڵی سێڵ پرێس بڵاوکرایەوە. سەرپەرشتیاری لێکۆڵینەوەکە، دکتۆر وێی ڵی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا ڕایگەیاند، "ئەم هەنگاوە یارمەتیدەر دەبێت بۆ نەهێشتنی کۆمەڵێک بەربەست لە توێژینەوەکانی تایبەت بە خانە بنەڕەتییەکان و زانستی پزیشکی بونیادنانەوە." ئەکادیمیای چین بۆ زانستەکان ساڵی 2018 هەمان تاقیکردنەوەی بەسەرکەوتوویی لەسەر مشکی مێینە ئەنجامدا، بەڵام ئەوکات ئەنجامەکان لەسەر مشکی نێرە سەرکەوتوو نەبووب و بێچوی مشکە نێرەکان هەر دوای خستنەوەیان دەمردن. لە تاقیکردنەوەکەی ساڵی 2018 توانرا بە ڕێگەی تەکنەلۆجیای کریسپەر بۆ بژارکردنی جینات 210 ئاوڵەمە لە هێلکەی مێینە دروستبکرێت و لەو ژمارەیە 29 مشک هاتنە ژیان. توێژەران ئەوکات وتیان مشکەکان بە ئاسایی ژیاون و گەورەبوون و تەنانەت دواتر وەچەشیان خستووەتەوە. زانایان دەڵێن پرۆسەی بژارکردنی جینات لە خانەکانی نێر بەراورد بە مێ ئەستەمترە چونکە پێکهاتەی کرۆمۆسۆمی نێرینە (Y) بچوکترە و ژمارەی جینەکانی کەمترە. توێژەرانی ئەکادیمیای چین بۆ زانستەکان لە 6 ساڵی دواتردا سەرنجیان خستە سەر ئەوەی چۆن ئەو بەربەستانەی بەردەم دەستکاری جینەکانی نێرینە چارەسەربکەن کە دەبوونە هۆی مردن بێچوەکان یان گەشەنەکردنیان یاخود کەمئەندامی زۆر لە گەشەکردندا. لەو توێژینەوەیەی کە ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، زانایانی چین دەڵێن دوای دەستکاریکردنی 20 جیناتی جیاوازی نێرینە، توانیویانە ئەو بەربەستانە نەهێڵن و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا بێچووە مشکەکان کە لە دوو باوانی نێرەوە هاتونەتە ژیان هەتا قۆناغی باڵغی گەشە بکەن. سەرەڕای پێشکەوتنەکە، توێژەران دەڵێن بەربەستی زۆر لەبەردەم کارەکەیاندا ماوە؛ دەڵێن لە کۆی ئەو ئاوڵەمانەی گەشەیانکردووە، تەنها نزیکەی 12٪ بوونەتە کۆرپەلە و هاتوونەتە ژیان. هەروەها ئەو مشکانەی بۆ قۆناغی باڵغی گەورەبوون، کێشەی گەشەکردن و ژیان کورتییان هەبووە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی نەزۆک بوون. بەڵام سەرەڕای بەربەستەکان، توێژینەوەکە بە هەنگاوێکی گرنگ دادەنرێت لە زانستی دەستکاری و بژاری جیناتدا کە لێکەوتەی گەورەی بۆ مرۆڤایەتی دەبێت. هەفەتی ڕابردووش دەسەڵاتی پیتاندنی مرۆڤی و کۆرپەلەناسی لە بەریتانیا ڕایگەیاند بەهۆی ئەو پێشکەوتنە زۆرەی لە بواری خانە و تەکنەلۆجیای پزیشکی بەدیهاتووە، ئەگەری هەیە لە نێوان 2 بۆ 10 ساڵی تر بتوانرێت لە تاقیگەکان پرۆسەی دروستکردنی تۆو و هێلکەی مرۆڤ ئەنجامبدرێت.