هەواڵی کوردستان ئێستا

لە وەڵامی بۆردومانەکانی تورکیا لە دژی هاووڵاتیان، هەسەدە هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی تورکیا

لە وەڵامی بۆردومانەکانی تورکیا لە دژی هاووڵاتیان، هەسەدە هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی تورکیا
لە وەڵامی بۆردومانەکانی تورکیا لە دژی هاووڵاتیان، هەسەدە هێرش دەکاتە سەر بنکەکانی تورکیا

2025-02-02 17:30:17 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


هێزەکانی سوریای دیموکراتیک ( هەسەدە) ئەمڕۆ یەکشەممە ڕایگەیاند، لە وەڵامی هێرشەکانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا، لە دژی هاووڵاتیان، بنکە و پێگەکانی سەر بە تورکیایان لە دەوروبەری قەرەقۆزەق و باکوری بەنداوی تشرین و تەل تەمر کردووەتە ئامانج. هەسەدە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی" لە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی هێزەکانماندا، ڕادارێک و سیستمێکی چاودێری هێزە داگیرکەرەکانی تورکیا لە قەرە قۆزەق و تەل تەمیر تێکشکێندراون، ئەوەش وەکو وەڵامێک بۆ ئەو تاوانانەی کە تورکیای داگیرکەر و بە کرێگیراوەکانییان دژی خەڵکەکەمان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ئەنجامییان داون." وتیشی " هێزەکانمان زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆنی بە ئامانجییان دژی ئەو بنکە سەربازییانە ئەنجام داوە کە تورکیای داگیرکەر خەریکی دروستکردنییانن لە ناوچەکانی پردی قەرە قۆزەق و مەنبج. لە ماوەی سێ ئۆپەراسیۆنی ورددا دژی بنکەیەکی تورکیای داگیرکەر لە گردی قەرە قۆزەق، هێزەکانمان چوار بە کرێگیراوییان کوشت و 10 ی دیکەیان بریندار کردووە، هەروەها زیانییان بە ئوتومبێلێکی سەربازیی بە کرێگیراوەکان گەیاندووە." لە ئەنجامی بۆردومانەکانی تورکیا کە ماڵێکی لە گوندی ئاشمای سەر بە کۆبانی کردە ئامانج، بەهۆیەوە 11کەس بریندار بوون کە لە نێویاندا ژن و منداڵ هەن. هەسەدە لە ڕاگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوە کرد " فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیای داگیرکەر بەردەوامن لە تاوانە دڕندانەکانییاندا دژی گەلەکەمان، بۆردومانی ماڵەکانی هاووڵاتیانی سڤیلییان کرد لە گوندی ئاشمای ڕۆژئاوای کۆبانی، لە ئەنجامدا 12 هاووڵاتی سڤیل بریندار بوون کە زۆربەیان ژن و منداڵ بوون. ئەم هاووڵاتییانە لە ژێر داروپەردبووەکاندا ڕزگارکران و گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەکان بە مەبەستی چارەسەر وەرگرتن. لەگەڵ ئەوەشدا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیای داگیرکەر گوندی مونیر حەبیبی ڕۆژئاوای کۆبانییان بۆردومان کرد، هاوکات دڕۆنێکی تورکیاش گوندی ئیدقای کردە ئامانج و زیانی ماددی لێکەوتەوە." " لە باشووری کۆبانیش، فڕۆکە جەنگی و دڕۆنەکانی تورکیای داگیرکەر هێرشی ئاسمانییان کردە سەر گوندەکانی بیر هیسۆی و غەزەق و مێلها و خەروس و تەل تینە و جەدە، لە ئەنجامدا یەکێک لە شەڕکەرەکانمان شەهید بوو و چوار شەڕکەری دیکەمان بریندار بوون. هێزەکانی داگیرکەر سێ گوندی دیکەیان بە تۆپهاوێژ و تانک بۆردومان کرد و لە ئەنجامدا موڵک و کێڵگە کشتوکاڵییەکانی هاووڵاتیانی سڤیل زیانییان بەرکەوت. لە بەنداوی تشرینی باکوور و ناوچەی دەیر حەفیر، فڕۆکە جەنگی و دڕۆنەکانی تورکیای داگیرکەر زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانییان ئەنجام داوە، لە ئەنجامدا یەکێک لە شەڕکەرەکانمان شەهید بووە. لەگەڵ ئەوەشدا دڕۆنێکی تورکیای داگیرکەر کۆبوونەوەیەکی هاووڵاتیانی سڤیلی لە بەنداوی تشرین کردووەتە ئامانج و دوو کەس بریندار بوون." لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا دەڵێت " سەرەڕای بەکارهێنانی سەرجەم جۆرەکانی چەک لەلایەن تورکیای داگیرکەرەوە، بە هێرشی ئاسمانی و تۆپهاوێژ و تانکیشەوە، شەڕکەرەکانمان بەرخۆدانێکی سەرسوڕهێنەرییان پیشاندا، زیانێکی گەورەیان بە سەربازانی دوژمن و بە کرێگیراون و ئوتومبێلە سەربازییەکان گەیاندووە. لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا و لە ماوەی شەڕێکی سەختدا لە بەرەکانی کۆبانی و قەرە قۆزەق و بەنداوی تشرین، شەش لە هاوەڵەکانمان لە دەیرەزوور و ڕەققە و کۆبانی شەهید بوون. قوربانییەکانییان ڕۆحی یەکگرتوویی کورد و عەرەبن لە کۆششەکەدا دژی تورکیای داگیرکەر."