"بە ھەزاران خەڵکی عەشایەری کەرکووک پڕچەک کراون و کوردیش چەکی لێ وەردەگیرێتەوە"
کەرکووک-KDP.info- حکوومەتی عێراق ژمارەیەک ھۆزی سنووری پارێزگای کەرکووکی بە ناوی بەرگریکردن لە ناوچەکان، پڕچەک کردووە و بەرپرسێکی پارتیش دەڵێ، ژمارەیان ھەزاران چەکدار دەبێت و ماوەکانی ڕابردوو چەکی مامناوەند و قورسیش بەو عەشیرەتانەی کەرکووک دراوە.
د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بەر لە ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر حکوومەتی عەبادی ھەوڵی دا عەرەبەکانی سنووری کەرکووک چەکدار بکات، بەتایبەتی ھۆزەکانی عوبێد و جبوور، بەڵام دوای ١٦ی ئۆکتۆبەر بابەتەکە زیادی کرد و، ئێستایش چەند ھێزێک بە ناوی حەشدی وەتەنی لەو سنوورەدا پێک هێنراون، حکوومەتی عێراق عەشیرەتەکانی جبوور، عوبێد، لعێم و ئەلبوحەمدان، ژمارەی چەکدارەکانیان لە سەرووی ھەزاران کەسەوەیە، حەفتەی ڕابردوو لە نزیک حەویجە نمایشێکیان ڕێک خست."
بەرپرسەکەی پارتی لە کەرکووک دەشڵێ: "لە کاتی گۆڕینی حکوومەتی عێراقیش ماوەکانی ڕابردوو چەکی مامناوەند و قورس بەو چەکدارانەی عەشایەری کەرکووک دراوە، گوایە ناوچەکانیان لە داعش دەپارێزن، بەڵام ئێمە پێمان وایە ھەمان ھەڵەی پێکھێنانی ھێزی سەحوەی ساڵی ٢٠٠٧ دووبارە دەکرێتەوە، چونکە لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش ھەموو ئەو ھێزانە چوونە پال گرووپی تیرۆریستیی داعش و دژایەتیی حکوومەتی عێراق و ھێزی پێشمەرگەیان کرد و چەندین جار ھێرشیان کردووەتە سەر کەرکووک."
د. محەمەد خورشید ئاماژەیشی دا: "ئەو ھۆزانەی پڕچەک کراون لە عەرەب و تورکمانی کەرکووکن و، ئێستا دەستیان بە پشکنینی ناوچەکانی کوردستان کردووە و، خەڵکی کورد چەک دەکەن، ئەمەش بۆ ئێمە جێگەی گومانە کە عەرەب و تورکمان پڕچەک بکرێت و لەبەرامبەردا چەک لە کورد وەربگیرێتەوە."
قائید میرۆ