English | عربي

زانیاری لەبارەی کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ٢ی فەرمانبەران


زانیاری لەبارەی کاتی دابەشکردنی مووچەی مانگی ٢ی فەرمانبەران

2019/04/27 | 13:25

(هەواڵ كوردستان)- وەزارەتی دارایی ئامادەکاری دەکات

وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەکاریی خۆی بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشکردنی مووچە ناکرێت.

 

بەپێی ئەو زانیارییانەی کە (باسنیوز) لە سەرچاوەیەکی نێو وەزارەتی داراییەوە دەستی کەوتووە، بەهۆی ئەوەی بڕە پارەی تایبەت بە مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان لە ڕۆژانی ١٧ تا ٢٠ی هەموو مانگێک دەنێردرێتە کوردستان، وەزارەتی دارایی پرۆسەی دابەشکردنی مووچە پێش ناخات.

 

سەرچاوەکە ڕوونی کردەوە کە هاوشێوەی مانگەکانی ڕابردوو، لە ڕۆژی چوارشەممە ٥ی ئایاری ٢٠١٩، دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت و سەرەتا مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە، دواتر وەزارەتی پەروەردە، پاشان دارایی و تەندرووستی و کەسوکاری شەهیدان دابەش دەکرێت.

بەم جۆرەش بێت، دابەشکردنی مووچە دەکەوێتە نیوەی دووەمی هەفتەی داهاتوو.

 

ڕۆژی ١٧ی نیسانی ٢٠١٩، عابد مزووری، بەڕێوەبەری گشتیی لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند، فەرمانی خەرجکردنی پارەی مووچەیان لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە ئاراستە کراوە و ڕۆژی ١٨ی نیسان پارەکە ڕادەستی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان دەکەن.

 

هەرچەندە چەند پەرلەمانتارێکی کوردی ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، دەنگۆی بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر بڵاو دەکەنەوە و دوودڵیش لەمبارەیەوە لەنێو فەرمانبەران درووست دەکەن، هەروەها پەرلەمانتارانی سەر بە عەبادی و نەیارانی هەرێمی کوردستان کە دواترینیان عالیە نسەیف، ژنە پەرلەمانتاری عێراقە کە بە هەموو جۆرێک فشار لە حکوومەتی عێراق دەکەن بۆ ئەوەی یاسای بودجەی ٢٠١٩ی عێراق جێبەجێ نەکات و مووچەی فەرمانبەران نەنێرێت، بەڵام ئەمڕۆ شەممە ٢٧ی نیسانی ٢٠١٩، ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ئەندامی فراکسیۆنی کۆمەڵ لە پەرلەمانی عێراق جەختی کردەوە کە هیچ مەترسییەک لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان نییە.

 

پێشتر فواد حوسێن، وەزیری دارایی عێراق لە پشکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕای گەیاندبوو کە هەتا ئەوکاتەی لە پۆستی وەزیری دارایی عێراقدا بێت، مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان دەنێرێت.

بەگوێرەی بودجەی 2019ی عێراق، مانگانە حکوومەتی عێراق 454 ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران و 68 ملیار دیناریش بۆ پێشمەرگە دەنێرێت كە كۆی پارەكە دەكاتە 522 ملیار دینار.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending