هەواڵی کوردستان ئێستا

پێداچوونه‌وه‌ و ڕێكخستن به‌ موڵكه‌كانی حكوومه‌تدا دەکرێت

پێداچوونه‌وه‌ و ڕێكخستن به‌ موڵكه‌كانی حكوومه‌تدا دەکرێت
پێداچوونه‌وه‌ و ڕێكخستن به‌ موڵكه‌كانی حكوومه‌تدا دەکرێت

2020-05-17 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


ھه‌ولێر-KDP.info- سه‌رۆكی لقی سلێمانیی سه‌ندیكای ئابووریناسانی كوردستان دەڵێ، بڕیاری حكوومه‌ت بۆ ئه‌وه‌ی پێداچوونه‌وه‌ به‌ بەكرێدانی موڵکەكانی خۆیدا بكات هه‌نگاوێكی گرینگه‌ و، ئه‌گه‌ر ئه‌وكاره‌ بكرێ ده‌بێته‌ داهاتێكی باش بۆ هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی پێ بكرێت، بۆیه‌ پێویسته‌ موڵكه‌كان ڕێك بخرێنه‌وه‌ و به‌ نرخی ئێستاش به‌كرێ بدرێن.

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی وه‌به‌رهێنانی هه‌رێمی كوردستان، د. محه‌مه‌د شوكری، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران له ‌كۆبوونه‌وه‌ی ڕابردوودا گفتوگۆی له‌باره‌ی چوار پڕۆژه‌یاسا كرد؛ له‌وانه‌ پڕۆژه‌یاسای به‌كرێدان و فرۆشتنی موڵكه‌كانی حكوومه‌ت، كه‌ یاسای عێراقیی ساڵی 1986 هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موار بكرێته‌وه،‌ یان یاسایه‌كی نوێی بۆ ده‌ربكرێت، كه‌ حكوومه‌ت بتوانێ مامه‌ڵه‌ی زیاتر له‌گه‌ڵ موڵكه‌كانی بكات."

سه‌رۆكی لقی سلێمانیی سه‌ندیكای ئابووریناسانی كوردستان، نه‌وزاد شێخ كامیل، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "له‌ ماوه‌ی ڕابردوودا حكوومه‌ت موڵكه‌كانی خۆی به‌كرێ داوه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌و قۆناغە باش بووه‌ و بۆ ئه‌م قۆناغه‌ گونجاو نییه‌ و پێویستی به ‌پێداچوونه‌وه‌ هه‌یه‌، پێداچوونه‌وه‌كه‌ش پێویسته‌ له چه‌ند ڕووه‌وه‌ بێت؛ ئه‌وانیش ڕێكخستنه‌وه‌ی زیاتر بۆ بۆ موڵكه‌كان بكرێت و هه‌موو كرێیه‌كان وه‌ربگیرێت و كرێیه‌كه‌ بچێته‌ ناو داهاته‌كه‌ و كرێدانه‌كه‌ش له‌گه‌ڵ نرخی ئه‌مڕۆ گونجاو بێت، بۆ نموونه،‌ موڵكێك كاتی خۆی به ‌75 هه‌زار دینار به‌كرێ دراوه‌، به‌ڵام بۆ ئه‌م قۆناغه‌ باش نییه‌ و پێویسته‌ پێداچوونه‌وەی‌ پێدا بكرێت، به‌مه‌ش حكوومه‌ت قازانج ده‌كات له‌وه‌ی داهاتی زیاتر ده‌بێت و ڕێكخستنه‌وه‌ی موڵكه‌كانی خۆیشی ده‌كات و ده‌زانیت چه‌ند موڵكی هه‌یه‌."

نه‌وزاد شێخ كامیل گوتیشی: "هه‌ندێك موڵك هه‌یه‌ به‌ كرێیه‌كی ڕه‌مزی دراوە، چونكه‌ ناكرێت پێش 50 ساڵ موڵكێك به‌كرێ درابێت، ئێستاش به‌ هه‌مان نرخ بێت، چونكه‌ ئێستا نرخی هه‌موو شتێك گۆڕاوه‌."

شێخ كامیل باسی له‌وه‌ش كرد: "حكوومه‌ت موڵكی زۆره‌ و موساته‌حه‌شی هه‌یه‌ و زه‌وی و خانوو و باڵه‌خانه‌ و زۆر شتی دیكه‌ی هه‌یه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ ڕێنماییه‌كی گشتی ده‌ربكات و ئاراسته‌ی هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان بکرێت و نرخی به‌كرێدانی هه‌ر موڵكێك له‌گه‌ڵ نرخی ڕۆژ بێت و موڵكه‌كانیش دیاری بكرێت و داهاته‌كه‌ش بۆ حكوومه‌ت بگەڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ئیداره‌ی وڵاتی پێ بكرێت."

لەو بارەیەوە، د. فازڵ نه‌بی، شاره‌زای ئابووری و ماموستای زانكۆش، بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئه‌و بڕیاره‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان داویه‌تی بڕیارێكی گرنگه‌ و له ‌چوارچێوه‌ی چاكسازییه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌، به‌ڵام ئه‌و بڕیاره‌ش تاوه‌كو جێبه‌جێ ده‌كرێت هه‌ندێك كات و ڕێكاری پێویسته‌."

د. فازڵ نه‌بی گوتیشی: "پێویسته‌ په‌له‌ی لێ بكرێت و جێبه‌جێ بكرێت، چونكه‌ به‌كرێدان و فرۆشتنی موڵكه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته‌ داهاتێكی دیكه‌ بۆ حكوومه‌ت، چونكه‌ حكوومه‌ت موڵكی زۆری هه‌یه‌ و ده‌توانێ سوودی لێ وه‌رگرێت و ده‌مێكه‌ من خۆیشم ئه‌و پێشنیاره‌م كردبوو كه‌ حكوومه‌ت ئه‌و هه‌نگاوه‌ بنێت."
بڵند ئیبراهیم