هەواڵی کوردستان ئێستا

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌ حكومه‌ت ئاماده‌كاری بۆ ناردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2020 ده‌كات

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌ حكومه‌ت ئاماده‌كاری بۆ ناردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2020 ده‌كات
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كۆده‌بێته‌وه‌ حكومه‌ت ئاماده‌كاری بۆ ناردنی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2020 ده‌كات

2019-12-04 00:00:00 - سەرچاوە: خەندان

خەندان-

ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق ئاماده‌كاری بۆ ناردنی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ ده‌كات، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانیش تایبه‌ت به‌یاسای كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان سبەی كۆده‌بێته‌وه‌.

ته‌ها حه‌مه‌دئه‌مین، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق  به‌ خه‌ندان-ی راگه‌یاند، بڕیاره‌ سبه‌ینێ پێنجشەممە په‌رله‌مانی عێراق كۆببێته‌وه‌، "هه‌رچه‌ند تا ئێستا خشته‌ی كاری كۆبونه‌وه‌كه‌مان به‌ده‌ست نه‌گه‌یشتوه‌، به‌ڵام چاوه‌ڕوانده‌كرێت گفتوگۆكردن بێت له‌سه‌ر یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران".

 كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌رده‌وام ده‌بن بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و پرۆژه‌یاسایانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌

 

ئاماژه‌ی به‌وه‌شکرد، كۆبونه‌وه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران به‌رده‌وام ده‌بن بۆ تێپه‌ڕاندنی ئه‌و پرۆژه‌یاسایانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه‌.

تا ئێستا پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2020 نه‌گه‌یشتوەته‌ په‌رله‌مان

 

لەبارەی رەوانەکردنی پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی 2020 لەلایەن حکومەتی عێراقەوە ئەو پەرلەمانتارە رونیکردەوە، "تا ئێستا پرۆژه‌یاسای بودجه‌ی گشتی عێراق بۆ ساڵی 2020 نه‌گه‌یشتوەته‌ په‌رله‌مان، له‌ئێستاشدا له‌ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران گفتوگۆی له‌سه‌ر ده‌كرێت و سه‌رقاڵی ئاماده‌كاریه‌كانن بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌".

رونیشیکردەوە، "هه‌رچه‌ند حكومه‌تی ئێستا كاربه‌ڕێكه‌ره‌ به‌ڵام ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، پرۆژه‌یاساكه‌ په‌سه‌ند بكات و ڕه‌وانه‌ی په‌رله‌مانی بكات".

دوێنێ حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی هەریم بۆ گفتوگۆ لە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ تایبەت بە پرسی بودجەی 2020 کۆبوەوە و وردەکاری ئەو رێککەوتنەیان خستەڕو، کە لە ژێر رێنمایی و بە چاودێری سەرۆکی حکومەت لە گەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق لە بارەی بودجەوە ئەنجامدراوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق گەیشتوەتە دەرئەنجامی کۆتایی لە سەر پڕۆژەی بودجەی 2020

 

شاندی هەرێمی کوردستان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق گەیشتوەتە دەرئەنجامی کۆتایی لە سەر پڕۆژەی بودجەی 2020، ئەوەش یەکەمجارە حکومەتی هەرێمی کوردستان لە قۆناخی سەرەتایی ئامادەکردنی رەشنووسی بودجەی فیدراڵ بەشدار بێت.

پێشتر دەزگایی میدیایی خەندان لە راپۆرتێکدا بڵاویکردبوەوە، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی پرسی نەوتی و  پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2020ی عێراق گەیشتنە رێککەوتنی کۆتایی، بەگوێرەی رێککەوتنەکە، هەرێم 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا دەکات و لە بەرامبەردا پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی 2020 رەوانە دەکرێت.