English | عربي

پەرلەمانتارێکی لیستەکەی موقتەدا سەدر لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاتە دەنگ


پەرلەمانتارێکی لیستەکەی موقتەدا سەدر لەسەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاتە دەنگ

2019/04/30 | 16:00

(هەواڵ كوردستان)- "پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا باشن و بەرەو باشتریش دەچن"

ئەسعەد عەبدولسادە عیبادی، پەرلەمانتاری عێراق لە لیستی سائیروون، سەر بە موقتەدا سەدر، لە گفتوگۆیەکی تایبەتی (باس)دا، چەندین پرسی گرنگ دەخاتە ڕوو.

ئاماژەش بەوە دەکات، هیچ کەس ناتوانێت ئاستەنگ لەبەردەم ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستاندا دروست بکات.

راشی دەگەیەنێت، سەردەمی مالیکی وعەبادی کۆتاییان هاتووە و ئێستا عێراق لە قۆناخێکی تازەدایە.

سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، ئێستا پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا زۆر باشن و بەرەو باشتریش دەچن، گوتی: "پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا بەرەو باشتر دەڕوات، هەر تەوافوقێک لەنێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا وا دەکات کێشەکان کەمتر ببنەوە و لایەنی ئیجابی بۆ پەیوەندییەکان دەربکەون، هەردوو حکوومەت هەوڵ دەدەن خزمەتی هاووڵاتییان بکەن و کێشەی کۆن دووبارە نەکەنەوە".

پێیشی وایە: "دووبارەنەبوونەوەی هەڵە و کێشەکان بەستراوەتەوە بە تەوافوق و ئیلتیزامات، ئیلتیزاماتی حکوومەتی ناوەند بەرامبەر هەرێمی کوردستان و ئیلتیزاماتی حکوومەتی هەرێم بەرامبەر ناوەند، ئێستا ئەو بابەتە باش دەڕوات و هەوڵ هەیە کەموکووڕییەکانی چارەسەر بکرێن".

روونیشی کردەوە: "کەسایەتیی عادل عەبدولمەهدی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان وا دەکات، چارەسەرکردنی کێشەکان ئاسانتر بن، هەروەها ئەو بەرنامەیەی کە بۆ حکووتەکەی رای گەیاندووە، باسی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە، بەتایبەت ئەو کێشانەی کە لە دوو کابینەی پێش خۆی روویان داوە".

ئەسعەد عەبدولسادە، دووپاتی دەکاتەوە: "ئێستا قۆناخێکی ترە، سەردەمی مالیکی و عەبادی کۆتایی هات، ئێستا ئەو قۆناخەیە بە چاوی خۆشەویستی و رێز سەیری هەموو لایەک و پێکهاتەیەک بکرێت".

لەمیانەی قسەکانیدا ئاماژە بەوەش دەکات: “وەکوو لیستی سائیروون، پەیوەندیمان لەگەڵ برایانمان لە هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی زۆر باشە، هەموو کاروبارەکانمان لەگەڵیان بە رێچکەیەکی دروست دەڕوات، ئێستا پەیوەندییەکی باش لەنێوان پەرلەمانتارانی کورد و لیستی هاوپەیمانیی سائیرووندا هەیە".

عەبدولسادە عیبادی، جەختی کردەوە: "موقتەدا سەدر رێزی تایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە و سەید سەدر پەیوەندییەکی باشیشی لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی هەیە و ئەو پەیوەندییە باشەش بەردەوام دەبێت، بەتایبەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان".

ئەو پەرلەمانتارەی لیستی سائیروون لەبارەی بەردەوامیی ناردنی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان گوتی: "لە بودجەی 2019دا بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جێگیر کراوە و دەنگی بۆ دراوە و بووەتە یاسا، بۆیە کەس ناتوانێت ئاستەنگی بۆ دروست بکات و ناردنی مووچە و بودجە لە لایەن وەزارەتی دارایی بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت و یاسای بودجە وەکوو خۆی جێبەجێ دەکرێت".

لەبارەی دیاردەی گەندەڵی لە عێراق و چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی، ئەسعەد عەبدولسادە گوتی: “لە عێراق گەندەڵی زۆر بەربڵاوە و خەڵکی عێراق زۆر بێزار بوون لە دز و گەندەڵکارن و ئەو کەسانەی لە لایەن خەڵکانی دەستڕۆیشتوو دەپارێزرێن، بۆیە نابێ خەڵک باجی گەندەڵکاران بدات و لەوپەڕی هەژاری و نەداریدا بن".

دووپاتیشی کردەوە، موقتەدا سەدر رای گەیاندووە: "عێراق رووبەڕووی گەورەترین لێشاوی گەندەڵی و مشەخۆری و مەزهەبگەرایی بووەتەوە، گەندەڵ و لادەرەکان جگە لە گەندەڵی و سامان کۆکردنەوە هیچ تر ناکەن و عێراقیان رووبەڕووی مەترسیی هەرەسهێنان کردووەتەوە”.

ئەو پەرلەمانتارە روونیشی کردەوە، لیستەکەیان و خودی سەدر، کار بۆ نەهێشتنی گەندەڵی دەکات، گوتیشی: "سەید موقتەدا سەدر بەم نزیکانە هەڵوێستی توندی بەرامبەر گەندەڵکاران دەبێت".

ئەو کە خەڵکی پارێزگای بەسەڕەیە، باوەڕی وایە حکوومەتەکانی عێراق بەسڕایان پشتگوێ خستووە: "پێش 5 ساڵ خەڵکی بەسڕا دژی پێنەدانی مافەکانیان خۆپیشاندانیان کرد، چەند خۆپیشاندانی تر کراوە، حکوومەت بەڵێنی داوە و هیچی جێبەجێ نەکردووە، بڕیار بوو 10 هەزار کەس دابمەزرێندرێن و دەرفەتی کار بۆ بێکاران بڕەخسێ و خزمەتگوزاریی خێرا بکرێت، بەڵام هەر بەڵێن بووە و هیچ تر".

لە سەرێکی دیکەوە، لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لەوە دەکرێت، حکوومەتەکەی عەبدولمەهدی ئینقیلابی بەسەردا بکرێت، ئەو رای گەیاند: "هیچ کەس ناتوانێت ئینقیلاب بەسەر شەرعییەتدا بکات، ئەو لیستانەی بەنیازی ئەو کارەن، دەبێت باش ئەوە بزان سەردەمی ئینقیلاب لە عێراق بەسەر چووە و ئێستا حکوومەت لە رێگەی پەرلەمان دەنگی بۆ دەدرێت و متمانەی پێ دەدرێت، هەر لە رێگەی پەرلەمانیشەوە متمانەی لێ دەسەنرێتەوە، ئەگەر پێویست بکات".

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending