واشنتن بەنیازە گەشتی هاووڵاتیانی کۆمەڵێک وڵات بۆ ئەمەریکا قەدەغە بکات

2025-03-15 17:55:57 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا
بەپێی کۆمەڵێک سەرچاوەی نزیک لە بابەتەکە و یاداشتێکی ناوخۆیی کە دەست ڕۆیتەرز کەوتووە، بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ تاوتوێی قەدەغەکردنی گەشتی هاووڵاتیانی دەیان وڵات دەکات بۆ ئەمەریکا. یاداشتەکە ناوی 41 وڵاتی تێدا هاتووە و دابەشکراون بەسەر سێ بەشدا. بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، لیستەکە بەسەر سێ گروپی جیاوازدا دابەشکراوە، گروپی یەکەمیش 10 وڵاتی تێدایە لەوانە ئێران، ئەفغانستان، بۆتان، کوبا، لیبیا، کۆریای باکور، سۆماڵ، سودان، سوریا، ڤەنزوێلا و یەمەن و بڕیارە پێدانی ڤیزا بۆ ئەوان بەتەواوی ڕەتبکرێتەوە. لە گروپی دووەمیشدا پێنج وڵات لەوانە بیلاڕووس، ئێریتریا، هایتی، لائۆس، میانمار، پاکستان، ڕووسیا، سیرالیۆن، باشووری سودان و تورکمانستان ڕووبەڕووی ڕاگرتنی بەشەکی پێدانی ڤیزا دەبنەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ڤیزەی گەشتیاری و خوێندکار و هەروەها ڤیزەی دیکەی کۆچبەران دەبێت. هاووڵاتیانی ئەو وڵاتانە بەتەواوەتی لەهاتنە ناو ئەمەریکا قەدەغە ناکرێن و ڕەنگە ڕێگە بە گەشتیارە بازرگانییە دەوڵەمەندەکانی ئەو وڵاتانە بدرێت بچنە ناو خاکی ئەمەریکاوە. گروپی سێیەم بە گشتی 26 وڵات لەخۆدەگرێت کە بڕیارە پێدانی ڤیزەی ئەمەریکا بەشێوەیەکی بەشەکی بۆیان ڕابگیرێت مەگەر ئەوەی حکومەتەکانیان "هەوڵ نەدەن بۆ چارەسەرکردنی کەموکوڕییەکان لەماوەی 60 ڕۆژدا". لیستەکە بریتین لە ئەنگۆلا، ئەنتیگوا و باربودا، بێنین، بورکینا فاسۆ، کەمبۆدیا، کامیرۆن، کیپ ڤێرد، چاد، کۆماری کۆنگۆ، کۆماری کۆنگۆی دیموکراتی، دۆمینیکا، گینیا ئیکواتۆریال، گامبیا، لیبریا، مالاوی، مالی، مۆریتانیا، سانت کیتس و نیڤیس، سانت لوسیا، ساو تۆمێ و پرینسیپی، ڤانواتو و زیمبابۆی. لە لیستەکەدا ئەگەری گۆڕانکاری هەیە و تا ئێستا لەلایەن ئیدارەی ترامپەوە پەسەند نەکراوە. سەرچاوە/ ڕۆیتەرز