هەواڵی کوردستان ئێستا

منداڵانی پەنابەرانی سیاسی لە هەرێم و عێراق ناسنامەیان پێنادرێت

منداڵانی پەنابەرانی سیاسی لە هەرێم و عێراق ناسنامەیان پێنادرێت
منداڵانی پەنابەرانی سیاسی لە هەرێم و عێراق ناسنامەیان پێنادرێت

2025-03-15 17:55:57 - سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا


هەر منداڵێکی پەنابەرانی سیاسی لە کوردستان و عێراق لە دایک ببێت کەسوکارەکەی ناتوانن وەک منداڵانی عێراقی ناسنامەیان بۆ دەربهێنن ئەوەش گرفتی گەورەی بۆ کاتی گەورەبوونیان دروستکردووە، چالاکێکی بواری مافەکانی مرۆڤیش هۆکارە سەرەکییەکەی پشت پێنەدانی ناسنامە بە منداڵانی پەنابەرانی سیاسی بۆ فشارەکان و دەستێوەردانەکانی ئێران بۆ سەر عێراق دەگەڕێنێتەوە. سەرگوڵی میرزایی، چالاکوانی بواری مافەکانی مرۆڤ کە ساڵانێکی زۆرە کاری لەسەر پەنابەران کردووە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" منداڵی پەنابەران ڕووبەڕووی چەندین کێشە دەبنەوە بەتایبەت لەڕووی یاساییەوە، ڕاستە ڕێکخراوی یوئین کە زۆر هەوڵدەدات بۆ ئەوەی ئەم کێشەیە نەهێڵێت و منداڵان بتوانن وەک خەڵکی خانە خوێی کوردستان و عێراق ئەو هەموو دەرفەتانەی لەپێشیاندایە دەستی ئەوانیش بکەوێت، بەڵام دیسان لە زۆرێک لە شوێنەکان ئەم منداڵانە پێگەی یاساییان پێنادرێت و قبوڵ ناکرێن." وتیشی،" گەر پەنابەرێکی سیاسی منداڵی بێت لە هەرێمی کوردستان لە نەخۆشخانەکان تەنها بەیان ولادەیەکیان پێدەدرێت، بەڵام ئەو بەیان ولادەیە نابێت شوناسی ئەو منداڵە و لە زۆرینەی شوێنەکان قبوڵ ناکرێت و کێشەی گەورەی بۆ دروست دەکات." ئەو چالاکوانەی بواری مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بۆ ئەوەشدەکات عێراق لە ناوچەکە سوڵتە و هەژموونی دەوروبەر کاریگەری زۆری بەسەرەوە هەیە پەنابەرانیش کە لە کوردستان نیشتەجێن چاودێری زۆر دەکرێت لەلایەن وڵاتە ناڕازیەکان لەوەی بۆچی عێراق پەنای ئەم کەسانەی داوە، دەشڵێت،" ئێران یەکێکە لەو وڵاتە زلهێزانەی کە لەناوچەکە هەژموونی سیاسی نەک تەنها بەسەر عێراق بەڵکو بەسەر سوریا و وڵاتانی دیکەش هەبووە، بەداخەوە دەستێوەردانی سیاسی زۆر لەم بابەتە بووە." دەنگی ئەمەریکا بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی پشت پێنەدانی ناسنامە بە منداڵانی پەنابەرانی سیاسی لە کوردستان و عێراق پەیوەندی بە عەمید میقداد میری، وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عیراقەوە کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە وڵامی پەیوەندەیەکەی نەداوەتەوە. سەرچاوەیەک لە کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێران کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" زیاد لە 5 هەزار منداڵی پەنابەرانی سیاسی حزبە ئۆپۆزسیۆنە دژبەرەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستاندا بێ ناسنامەن و تەنها دەتوانن بەو ئیقامەیە و بەیان ولادەیەی کە لەکاتی لە دایکبوونیان پێیان دراوە وەکو خوێندن تا بەکالۆریۆس بخوێنن ودواتر ناتوانن درێژە بەخوێندن بدەن." وتیشی،" جگە لە خوێندن ناتوانن ببنە خاوەنی پاسپۆرت و سەفەر بکەن بۆ وڵاتان، یاخود لەکاتی نەخۆش کەوتنێک کە پێویستیان بە دەرەوەی وڵات هەبێت بیان برێت ئەمەش کێشەیەکی گەورەیە و چەندین جار داوا کاری پێشکەش بە هەرێم و عێراق کراوە، بەڵام هیچ ئەنجامێکی نەبووە، بۆیە پرسەکە تەواو سیاسیە و دەستی ئێران هەیە لەپشت ڕێگریکردن لە پێدانی ناسنمامە بە منداڵانی پەنابەرانی سیاسی." کۆماری ئیسلامی ئێران بانگەشەی ئەوە دەکات کە بوونی حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستان هەڕەشەی ئاسایشی بۆ سەر ئێران دروست دەکات و ئەو حزبانە تۆمەتبار دەکات بە چالاکی سەربازی دژی وڵاتەکەی و بەو بیانووەوە چەندین جار بنکەکانی ئەو حزبانەی کردووەتە ئامانجی موشەکەکانی. سەلاح عەلی ئەنجومەنی پەنابەرانی کۆمەڵگای نەسر و زەڕایەن بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" گرفتی ناسنامە بۆ منداڵانی پەنابەرانی سیاسی زۆر سەختە و پارەیەکی زۆری دەوێت، ئەگەر خزمەتێکت هەبێت لە کوردستان واتا دوو سێ پشت درووتر دەتوانییت بە پارە واتا ئەویش 4 بۆ 5 هەزار دۆلاری پێویستە و ناسنامە بۆ ئەو منداڵانە دەربکرێت، بە پێچەوانەوە کارێکی زۆر ئەستەمە." ئەو حزبە کوردییانەی لە ئێستادا لە هەرێمی کوردستان بنکە و بارەگایان هەیە، بریتین لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران و حزبی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران و حزبی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان و کۆمەڵەی کۆمۆنیستی ئێران و پارتی ئازادیی کوردستان.