English | عربي

نەمانی قەیران و پاشەکەوتی مووچە نرخی خانووبەرەی بەرز کردەوە


نەمانی قەیران و پاشەکەوتی مووچە نرخی خانووبەرەی بەرز کردەوە

2019/05/01 | 16:45

(هەواڵ كوردستان)- نووسینگەیەکی کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە: تا گوێ لە هەواڵە سیاسییەکان نەگرین هیچ مامەڵەیەک ناکەین

لەگەڵ رێککەوتنی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق و وەرگرتنی یەکەم مووچەی بێ پاشەکەوت، نرخی زەوی و خانووبەرە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان دووبارە بەرز بووەوە.

خاوەنی نووسینگەیەکی خانووبەرەش ئاماژە بەوە دەدات کە بازاڕی خانووبەرە و زەوی لە هەفتەی رابردوودا، لە ساڵی 2013 باشتر بووە و نزیکەی 25% بۆ 30%ی نرخ بەرز بووەتەوە.

ئابووریناسێکیش پێی وایە، ئەوە نرخی راستەقینە نییە، بەڵکوو خاوەن نووسینگەکان و سەرمایەدارەکانن نرخیان بەرز کردووەتەوە.

رێبین تاهیر، ماوەی سێ مانگە، خانوویەکی لە کۆمەڵگەی لاوانی شاری هەولێر کڕیوە، ئەوکاتەی خانووەکەی کڕی هێشتا پاشەکەوتی مووچە لانەبرابوو، هەولێر و بەغداش رێک نەکەوتبوون، باس لەوە دەکات، کە ئەو بە 54 هەزار دۆلار (5 دەفتەر و 40 وەرەقە) خانووەکەی کڕیوە، بەڵام ئەم مانگە لەگەڵ نەمانی پاشەکەوت، نزیکەی 4 بۆ 5 هەزار دۆلاریان قازانج داوەتێ: ”ئەگەرچی من بۆ فرۆشتنەوەم نییە، بەڵام هەموو خانووەکان، نرخیان بەرز بووەتەوە، بەگوێرەی قسەی دەڵاڵەکانیش بێت، ماوەیەکی دیکە 10 هەزار دۆلاریان دێتە سەر، چونکە لەگەڵ گۆڕانی باری ئابووری، نرخی خانوو بەگشتی بەرز دەبێتەوە“.

هاوڕێ حاجی پوشۆ، خاوەنی نووسینگەی حاجی پوشۆ، بۆ کڕین و فرۆشتنی خانووبەرە، بۆ هەفتەنامەی (باس) ئەوە روون دەکاتەوە، کە نەمانی قەیران، نرخی بەرز کردووەتەوە و بازاڕی باش کردووە، بە ڕێژەیەکی گشتی نزیکەی 25% بۆ 30%ی نرخ بەرەو سەروو رۆیشتووە، سەرباری ئەوەش شوێن هەیە، لە 10 هەزار دۆلارەوە بۆ 20 هەزار دۆلار نرخی بەرز بووەتەوە، واتا 100%، بەڵام بەگشتی وا نییە، چونکە شوێنیش هەیە نرخی نەگۆڕاوە: ”لە شوێنە راقی و گرانبەهاکان، نرخەکە ئەوەندە نەگۆڕاوە و بەسەر نەکەوتووە، ئەوانەی نرخیان لە سنووری 5 بۆ 6 دەفتەرە، نرخیان بەرز بووەتەوە و جووڵە کەوتووەتە بازاڕیان، بەڵام ئەوانەی نرخیان لە 12 بۆ 13 دەفتەرە نرخیان زۆر بەرز نەبووەتەوە و لەوانەیە 50 وەرەقە کەوتبێتە سەر نرخیان، بەڵام وردەکان نرخیان بەرز بووەتەوە، ئەوەی بە 2 دەفتەرە بووەتە سێ بۆ سێ و نیو، ئەوەی بە دەفتەرێک بووە، بووەتە 2 دەفتەر یان 2 دەفتەر و 20 وەرەقە، بۆیە 25%ی نرخ بە گشتی لە هەولێر بەرز بووەتەوە“.

ئەو خاوەن نووسینگەیە جەختی لەوەش دەکاتەوە، لە ماوەی رابردوودا، کە پاشەکەوتی مووچە لابرا و بارودۆخی سیاسی باش بوو، مامەڵەی خانوو و زەوی، لە ساڵی 2013ی پێش قەیرانی دارایی باشتر بووبوو، لە جووڵە، پارە و رێژەی ئیش و بازاڕ تەواو گۆڕانکاریی بەسەردا هاتبوو، دەڵێت: ”ئەو هەفتەیەی پێش جەژنی نەورۆز، لە پێشبینی هیچ کەسێک نەبوو، بازاڕ تەواو گەشانەوەی بەخۆیەوە بینی، پێشبینیی ئەوە دەکەین، هیچی دیکە زەوی رەزیل نەبێتەوە بەڵام لەبارەی نرخەوە نازانین، بۆ نموونە لە هەندێک شوێنی باغەمرەی هەولێر، نرخی زەوی گەیشتبووە 90 وەرەقە، ئێستا بووەتە 260 وەرەقە، بۆیە لەوانەیە لە مەودوا گۆڕانکاری بە رێژەی 10 وەرەقە روو بدا، بەڵام قەد بڕوا ناکەم بە دەفتەر دابەزێتەوە“.

محەمەد بڵباس، دەڵاڵی خانووە و زیاتر مامەڵە بە خانووی کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون دەکات، بۆ هەفتەنامەی (باس)، ئاماژە بەوە دەدات کە نەمانی قەیرانی دارایی نرخی خانووبەرەی خۆش کرد و جووڵەیەکی خستە نێو بازاڕەوە، بەڵام پێکنەهێنانی حکوومەت، دووبارە بازاڕی راگرتووەتەوە، دەڵێت: ”لەگەڵ وەرگرتنی یەکەم مووچەی بێ پاشەکەوت، نرخی خانوو و زەوی باش هەستا، جووڵەیەکی تەواو کەوتە بازاڕەوە و رۆژانە مامەڵە دەکرا، بەڵام لەگەڵ ئەو دوو سێ کۆبوونەوەیەی پێکهێنانی حکوومەت، دووبارە جووڵەکە سستیی تێکەوت و بازاڕەکە نزیک لە وەستان بووەوە، ئەگەرنا بازاڕەکە زۆر خۆش بووبوو، خانووی کۆمەڵگەکانی نیشتەجێبوون، نزیکەی 5 هەزار دۆلار نرخیان بەرز بووەوە و بازاڕەکە تەواو جووڵابوو“.

ئەو دەڵاڵە، جەخت لەوە دەکاتەوە، کە پێکهێنانی حکوومەت، جووڵەیەکی زۆر باش دەخاتە بازاڕی زەوی و خانوو: ”ئێستا جووڵە کەوتووەتە ناو بازاڕەکە، بەڵام ئەگەر حکوومەت پێک بێت، ئەوە جووڵەکە زۆر باشتر دەبێت“، بەڵام ئەو لەو بڕوایەدا نییە، نرخی خانوو وەک پێش سەردەمی قەیرانەکەی لێ بێت، چونکە بە قسەی ئەو، عەرەبێکی زۆر گەڕاونەتەوە و خانووەکان بەتایبەت کۆمەڵگەکانی نێشتەجێبوون، چۆڵ بوونە و فرۆشتوویانە، تا دوو ساڵی دیکەی دەوێت، دەشڵێت: ”خانووی چۆڵ ئێستا زۆر بوونە، ئێستا کۆمەڵگەی ئاشتی لە 2 هەزار و 500 خانوو، نزیکەی 700 بۆ 800 ماڵی تێدایە بەپێی ئاماری ئاسایش، زۆربەی عەرەبەکان خانووەکانیان فرۆشت و رۆیشتن، بەیانییش دۆخی مووسڵ باش بێت، هەمووی دەڕۆنەوە، بۆیە زەحمەتە وا زوو نرخ بەرز بێتەوە“.

محەمەد بڵباس، نایشارێتەوە کە نرخی خانوو و زەوی بە ئابوورییەوە نەبەستراوەتەوە، بەڵکوو بە هەواڵی سیاسییەوە بەستراوەتەوە، بەیانی لە مووسڵ شتێک روو بدا، کاریگەریی لەسەر هەرێمی کوردستان دەبێت: ”کەسمان ناتوانین مامەڵەیەک بکەین، تا شەو نەزانین هەواڵەکان چیین“.

یادگار سدیق، توێژەری ئابووری، بۆ (باس) ئەوە روون دەکاتەوە کە بوژانەوەی هەر کەرتێکی ئابووری، پەیوەستە بە چەند لایەنێکەوە، گرنگترینیان لایەنی سیاسیی ئەو وڵاتەیە کە کاریگەریی لەسەر تێکڕای لایەنەکاندا هەیە، بەتایبەت ئابووری.

لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ نزیکبوونەوەی لایەنەکان، کەرتی ئابوورییش جووڵەی تێکەوتووە، سەرەڕای ئەوەش نەمانی پاشەکەوت، گۆڕانکاریی دروست کردووە، ئەمەش وای کردووە دووبارە متمانە دروست بێتەوە و چالاکییەک بکەوێتە بازاڕەوە، چونکە بە قسەی ئەو، رەنگە کەسانێک هەبووبن، کاتی خۆی سەرمایەشیان لا بووە، بەڵام بەهۆی ترس لە بارودۆخی ئابووری و سیاسییەوە، نەیانتوانیوە وەبەرهێنان بکەن، بەتایبەت کەرتی خانووبەرە.

ئەو توێژەرەی ئابووری، جەختی لەوەش کردەوە کە ئەو نرخەی ئێستا هەیە نرخی راستەقینەی خانوو نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک خاوەن نووسینگەن بەو کارە هەستاون و هەر پارەی ئەوانە، لە بازاڕ جووڵە بە خانووەکان دەکەن، چونکە خەڵکی ئاسایی نییە تەنیا سەرمایەدارەکانن: ”ئەوەی ئێستا دروست بووە، نرخی راستەقینە نییە، بەڵکوو بوژانەوەیەکە و خێرا بەرز نابێتەوە، چونکە پێویستە چەند پارەیەکی بێ پاشەکەوت بدرێت، ئینجا جووڵەیەک روو دەدا، لەبەرئەوەی ئێستا خەڵک ترسی لە دووبارەبوونەوە هەیە بەتایبەت لە نرخی نەوت، چونکە ئابووریی کوردستان، لەسەر نەوتە و گومانی دووبارەبوونەوەی پاشەکەوت دروست بێتەوە، بۆیە ئێستا خاوەن نووسینگە و سەرمایەدارەکان ئەو جووڵەیان دروست کردووە، سەقامگیریی سیاسی وەبەرهێنان دروست دەکاتەوە“.

یادگار سدیقی ئابووریناس، پێشبینی ئەوەش دەکات، کە خانووبەرە نرخیان وەکوو جاران لێ نایەتەوە، دەڵێت: ”چونکە خەڵک ترسی هەیە دووبارە نرخ دابەزێتەوە و قەیران دروست ببێتەوە، بۆیە نرخی خانووبەرە لەسەر ئاستی درێژخایەن بەرز دەبێتەوە، نەک بەخێرایی“.

 

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending