هەواڵی کوردستان ئێستا

وەزارەتی كشتوكاڵ: بەرهەمی گەنم و جۆی ئەمساڵ 2 ملیۆن و 400 هەزار تۆن دەبێت

وەزارەتی كشتوكاڵ: بەرهەمی گەنم و جۆی ئەمساڵ 2 ملیۆن و 400 هەزار تۆن دەبێت
وەزارەتی كشتوكاڵ: بەرهەمی گەنم و جۆی ئەمساڵ 2 ملیۆن و 400 هەزار تۆن دەبێت

2020-05-19 00:00:00 - سەرچاوە: kdp


هەولێر-KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: "دوای ئەوەی لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنم لە بەغدا بڕیاری دا تەنها 389 تۆن گەنمی جووتیاران وەربگرێت، هەوڵ دەدەین كە رێگەیەك بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی كورد بدۆزینەوە، چونكە بەرهەمی ئەمساڵی گەنمی جووتیارانی هەرێم زۆر لەوە زیاترە".

حوسێن حەمە كەریم، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "ئەمساڵ پلانی خۆمان بۆ وەزارەتی كشتوكاڵی بەغدا ناردووە و تێیدا ڕوونمان كردووەتەوە، كە بەرهەمی ئەمساڵی هەرێمی كوردستان نزیكەی 2 ملیۆن و 400 هەزار تۆن گەنم و جۆ دەبێت و داوامان كرد كە هەمووی وەربگرن هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق".

گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ ڕوونیشی كردەوە: "بەداخەوە لە كۆبوونەوەی دوێنێی لیژنەی باڵای وەرگرتنی گەنم لە بەغدا، كە نوێنەری وەزارەتی ئێمەش تێیدا بەشدار بووە، بڕیار دراوە كە تەنها 389 هەزار تۆن گەنم وەربگرن، كە ئەمەش رێژەیەكی كەمە و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زۆر زیادی نەكردووە، كە 360 هەزار تۆن بوو".

حەمە كەریم باسی لەوەش كرد: "هەوڵ دەدەین كە رێگەیەكی دیكە بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی كوردستان بدۆزینەوە".

 

بڵند ئیبراهیم