پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی نوێ بە شێوەی تێست خرایە كارەوە
هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری شارەدێی كەسنەزان ڕایدەگەیەنێت، پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی نوێ بە شێوەی تێست خرایە كارەوە و، لە ماوەی یەك هەفتەشدا ئەنجامی كارەكان بەدیار دەكەوێت.
ساهیب هاڕوون، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "رۆژی سێشەممە ژمارەی ترومپاكانی پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی نوێ كرا بە دوو ترومپا و بە شێوەی تێست خرایە كارەوە، چاوەڕێ دەكەین بۆ ئەوەی لە ماوەی یەك هەفتەدا ئەنجامی كارەكان ببینین بۆ چارەسەری كێشەی ئاو لە چەند گەڕەكێكدا".
هاڕوون دەشڵێت: "پڕۆژەكە ستراتیژییە و كێشەی ئاوی چەند گەڕەك و شارەدێیەك لە سنووری شاری هەولێر چارەسەر دەكات، بە تایبەت ئاوی كەسنەزان و قەرەبوو و قەڵای نوێ".
ئاماژەی بەوەش دا: "بۆ ئەم ناوچانە هێشتا بیری ئاو كاری پێ دەكرێت و پشتی پێ دەبەسترێت، تا ئەو كاتەی ئەنجامی ئەو تێستە دەردەچێت، كە لەسەر ئیفرازی نوێ تاقی دەكرێتەوە بۆ دابینكردنی ئاوی خاوێن بۆ كەسنەزان و چەند شوێنێكی دیكە، چونكە گرفتی پچڕانی ئاو هەیە لە سنووری قەرەبوو و كەسنەزان، بەڵام ئێستا لە هەوڵی چارەسەركردنیدان و بە تەواوبوونی پڕۆژەكەش، كێشەی كەمیی ئاو لەو ناوچانە تا رادەیەكی باش چارەسەر دەبێت".
لای خۆیەوە، ئەندازیار ئاری محەمەد، بەڕێوەبەری ئاوی هەولێر، لەسەر هەمان پرس، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "ئەو تاقیكردنەوەیەی لە چەند رۆژی رابردوودا لەسەر پڕۆژەی ئاوی ئیفرازی نوێ كراوە، تا ئێستا سەركەوتوو بووە و دەتوانێت هەمان بڕە ئاو دابین بكات، كە ئێمە پلانمان بۆ دانابوو، كە راستەوخۆ دوای جەژنیش تاقیكردنەوەی دووەمی لەسەر ئەنجام دەدەین، بە تایبەت بۆ گەڕەكی قەرەبوو، كە ئەگەر ئەویش سەركەوتوو بوو، ئەوا پڕۆژەكە بە تەواوكراوی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە و كێشەی ئاوی ئەو گەڕەكانە بە تەواوی چارەسەر دەبێت، كە ئاویان دەكەوێتە سەر ئەم پڕۆژەیە".
هێدی كاكەیی