وەزیری تەندروستی: هۆكاری سەرهەڵدانەوەی كۆرۆنا، پابەندنەبوونی هاووڵاتیانە بە رێنماییەكان
هەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هۆكاری دووبارە سەرهەڵدانەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو ڤایرۆسە هێشتا ماوە و بەركەوتنیش لە نێوان خەڵك زۆرە، بۆیە پێویستە خۆیان بپارێزن بۆ ئەوەی تووشی ئەو نەخۆشییە نەبن و پابەندی رێنماییەكان بن.
د. سامان بەزرنجی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: "هۆكاری دووبارە سەرهەڵدانەوەی نەخۆشیی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ئەو ڤایرۆسە لە هەرێمی كوردستان هەر ماوە و بەركەوتنیش لەناو خەڵك دروست دەبێت، كە ئەمەش وا دەكات حاڵەتی نوێ تۆمار بكرێت، بۆیە ئەوەی باس لەوە دەكات ئەمە شەپۆلی دووەمە، ڕاست نییە".
وەزیری تەندروستی گوتیشی، پێویستە هاووڵاتیان رێنماییەكان پشتگوێ نەخەن و پابەند بن و خۆشیان بپارێزن لە بەركەوتن و تێكەڵاوبوون لەگەڵ خەڵك، بۆ ئەوەی سەلامەت بن.
بەرزنجی ڕوونیشی كردەوە: "ئێمە سێ رۆژمان ڕاگەیاندووە بۆ رۆژانی جەژنی رەمەزان، چونكە لەو سێ رۆژەدا زۆرترین بەركەوتن لە نێوان هاووڵاتیان روودەدات، بۆیە بۆ سەلامەتیی هاووڵاتیان ئەو بڕیارەمان داوە".
بڵند ئیبراهیم