وەزیری ناوخۆ: مەترسیی كۆرۆنا هێشتا لە هەرێمی كوردستان ماوە...دەبێ هەڵوەستەیەكی رژدی لەسەر بكەین
ھەولێر - KDP.info- وەزیری ناوخۆ ڕایدەگەیەنێت، دەبێت لە ڕۆژانی جەژن خەڵكی پابەندی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ بن، چونكە دامەزراوەكانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە دێنەوە سەرشەقامەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی هاتووچۆ.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 21ـی ئایار، ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، مەترسیی كۆرۆنا هێشتا لە هەرێمی كوردستان ماوە و بەپێی ئەو حاڵەتانەی لە سلێمانی و هەولێر لەو ڕۆژانە تۆمار كراون، دەبێ هەڵوەستەیەكی رژدی لەسەر بكەین.
وەزیری ناوخۆ گوتی، ئێمە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕێكاری پێویستمان لە كاتی خۆیدا ئەنجام دا و هۆكاری سەركەوتنی ئێمەش ئەوەبوو كە لە كاتێكی زوودا دەستمان بە ڕێكارەكان كرد، بەڵام ئەو ڤایرۆسە لەناو كۆمەڵگەكەمان هێشتا ماوە و سەركەوتن بەسەر ئەو ڤایرۆسەدا ئەوكاتەیە كە ڤاكسینی پێویست لە ئاستی دنیا بۆ چارەسەریی ڤایرۆسەكە دەدۆزرێتەوە.
لەبارەی بڕیاری قەدەغەی هاتووچۆ لە سێ ڕۆژی جەژن ڕوونی كردەوە، لە ئەنجامی هەبوون و مەترسی و هەڕەشەی ئەو ڤایرۆسەیە لەسەر كۆمەڵگەی كوردستان، داوا دەكەین لە ڕۆژانی جەژن خەڵك پابەندی بڕیارەكان بن و هاتووچۆ نەكەن، چونكە دامەزراوەكانی پۆلیس و ئاسایش و پێشمەرگە دێنەوە سەرشەقامەكان بۆ كۆنترۆڵكردنی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل.