سبەینێ شەشەمین ساڵیادی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانی بەڕێوە دەچێت
سبەینێ پێنجشەممە، لە شەشەمین ساڵیادی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانیدا، ژمارەیەك چالاكیی جۆراوجۆر لە شاری كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بەڕێوە دەچن.
شیرین ئەمین، هاوسەری ڕۆژنامەنووسی تیرۆركراو كاوە گەرمیانی، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "سبەینێ پێنجشەممە 5/12/2019 لە شەشەمین ساڵیادی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانیدا ژمارەیەك چالاكیی جۆراوجۆر لە شاری كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان بەڕێوە دەچن".
گوتیشی: "كاتژمێر 10 ی سەرلەبەیانی لە گۆڕستانی كەلاری كۆن، مەراسیمی دانانی تاجەگوڵینە لەسەر گڵكۆی ڕۆژنامەنووسی تیرۆركرکرا بەڕێوە دەچێت و كاتژمێر 3ی پاشنیوەڕۆ لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ڕۆشنبیری و هونەری گەرمیان مەراسیمی سەرەكی ئەنجام دەدرێت كە تێیدا خەڵاتی ساڵانەی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی دابەش دەكرێت".
ئاماژەی بەوەش دا: "كاتژمێر 8.30 خولەكی شەو لە ژووری تایبەتی شەهیدی قەڵەم كاوە گەرمیانی لە گەڕەكی سەركەوتن مەراسیمێكی تایبەت بەڕێوە دەچێت".
كاوە گەرمیانی تەمەن 35 ساڵ، ڕۆژنامەنووسێكی بوێر و دیاری گەرمیان بوو، ئەندامی كارای سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و ئەندامی سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی نێودەوڵەتی بووە، پەیامنێری ڕۆژنامەی (ئاوێنە) و ڕادیۆی (ئازادی) بووە لە گەرمیان، هاوكات سەرنوسەری گۆڤاری (ڕایەڵ) بووە كە گۆڤارێكی سیاسی كۆمەڵایەتی گشتییە و مانگی جارێك لە گەرمیان دەردەچوو، خاوەنی كتێبێكیشە بەناوی (گەرمیان لەنێو بەڵگەنامە رەشەكاندا).
گەرمیانی لە ژیانی پیشەیی خۆیدا چەندین جار ڕووبەڕوی گرتن و ئەشكەنجەدان و هەڕەشەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەرپرسە حزبی و ئەمنییەكان بووەتەوە.
شەوی پێنج شەمە 5 كانوونی یەكەم/دیسەمبەری 2013، لەنێو ماڵی باوكی و لە ئامێزی دایكیدا لە گەڕەكی سەركەوتنی شاری كەلار تیرۆر كرا.