"کریستیانەکانی عێراق و کوردستان جەژنی سەری ساڵ ناکەنەوە"
هەولێر-KDP.info- بەھۆی ئاڵۆزییەکانی عێراق و وەک رێزگرتنێک بۆ قوربانیان، کریستیانەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان بڕیاریاندا بۆ سەری ساڵ، ھیچ رێوڕەسمێکی جەژن ئەنجام نەدەن، نوێنەرێکی کریستیانیش دەڵێ، تەنیا نوێژ بۆ ئاشتی دەکەین.
کلارا عودیشو، نوێنەری کریستیانەکان لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "رەوشی عێراق ئاڵۆزە و بەھۆی ئەو ئاڵۆزیانەوە زیاتر لە ٤٠٠ ھاووڵاتی کوژراون و، بەھەزارانیش برینداربوون، بۆ رێزگرتن لە خوێنی قوربانیان، لویس رۆفائیل پاتریاکی کەنیسەی کلدانی لە جیھان و عێراق، بڕیاری داوە ھیچ رێورەسمێکی ئاھەنگ گێڕان لە سەری ساڵ و جەژنی لە دایکبوونی حەزرەتی مەسیح ئەنجام نەدەن، بەڵکو تەنیا نوێژ لە کەنیسەکان دەکەن".
نوێنەرەکەی کریستیانەکان دەشڵێت: "کریستیانەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان ھیچ ئاھەنگێ ناگێڕن، ھەموو ئەو ئامادەکارییانەی بۆ رازاندنەوەی شوێنەکان دەکرا و، گەڕانی بابانوئێل لە ناوچە کریستیان نشینەکان ئەنجام نادرێت".
کلارا عودیشو ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "بەداخەوە کریستیانەکان قوربانی یەکەمی سیستمی خراپی دەستەڵاتن لە عێراق، جگە لە ھەرێمی کوردستان کریستیانەکانی ناوچەکانی دیکەی عێراق زۆربەیان عێراقیان بەجێ ھێشتوە و، ئەوانەشی ماون لە عێراق، لە تاو پاراستنی ژیانی خۆیان ناتوانن دەربچن، چونکە بەھۆی ئاڵۆزییەکانی ئێستاوە دەکرێنە ئامانج".
قائید میرۆ