English | عربي

ڕێگەوبانەكانی هەرێمی كوردستان بە 2 ترلیۆن دینار چاك دەبن


ڕێگەوبانەكانی هەرێمی كوردستان بە 2 ترلیۆن دینار چاك دەبن

2019/05/15 | 17:10

(هەواڵ كوردستان)- "لە ڕۆژێکدا 55 هەزار دۆلار زیانی ڕووداوەکانی هاتوچۆیە"

خراپیی ڕێگەوبانەكانی هەرێمی كوردستان، بووەتە هۆكارێكی سەرەكی لە رووداوەكانی هاتوچۆ و كەوتنەوەی زیانی زۆری گیانی و ماڵی، چاككردنەوەی ئەو ڕێگەیانە پێویستیان بە پارەیەكی یەكجار زۆر نییە، بەڵام حكوومەت ناتوانێت بودجەی پێویستی بۆ دابین بكات.

بەرپرسێكیش پێشنیار دەكات دروستکردنی جوتسایدی ڕێگەوبانەكان بدرێتە كەرتی تایبەت.

سدقی ئامێدی، بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بۆ كاروباری ڕێگەوبانەكان بە (باس)ی راگەیاند: "بۆ چارەسەركردنی كێشەی ڕێگەوبانەكانی هەرێمی كوردستان لە چاككردنەوە و نۆژەنكردنەوە، پێویستمان بە بڕی 2 ترلیۆن دینارە، كە دەكاتە یەک ملیار و 666 ملیۆن دۆلار".

بەهۆی قەیرانی داراییەوە، كاركردن لە 100 پڕۆژەی ڕێگەوبان راگیراوە، دوای باشبوونی دۆخی قەیرانی دارایی، كاركردن لە 30 پڕۆژەدا دەستی پێ كردووەتەوە.

بەپێی ئامارێکی دەستەی ئاماری هەرێم 3 ملیۆن ‌و 592 هەزار کەس لە هەرێمی کوردستان تەمەنیان رێگەپێدراوە بۆ لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، نزیکەی یەک ملیۆن ‌و 500 هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمدا هەن.

ئامێدی روونی كردەوە بۆ ئەو پڕۆژە وەستاوانە پێویستیان بە زیاتر لە یەک ملیار دۆلار هەیە، بەهۆی لافاوەكانی ئەمساڵیش نزیكەی 100 ملیار دینار زیان بەر ڕێگەوبان و پردەكان كەوتووە.

لە سەرەتای مانگی 5ی 2019، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەی ڕێگەوبانەكان، كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن ‌و وەزیری شارەوانی و وەزیری دارایی ئەنجام دا.

لەو كۆبوونەوەیەدا ئەوە خرایە ڕوو، حكوومەتی هەرێمی كوردستان چاككردنەوەی هەموو ڕێگەوبانەكانی لە ماوەیەكی كورتدا كردووەتە پێشینەی كارەكانی، بڕیاریش درا بە زووترین كات بودجەی پێویستی بۆ دابین بكرێت.

بریكاری وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بۆ كاروباری ڕێگەوبانەكان، جەخت دەكاتەوە، بە دابینكردنی بودجەی پێویست، دەتوانن كێشەی زۆربەی ڕێگەوبانەكان چارەسەر بكەن.

بەهۆی خراپیی ڕێگەوبانەكان، رووداوەكانی هاتوچۆ لە كوردستان زیادیان كردووە، بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی كوردستان لە 2018دا 690 كەس بە رووداوی هاتوچۆ گیانیان لەدەست داوە، بە ئاماری وەزارەتی تەندروستییش بێت، 892 كەس گیانی لەدەست داوە.

زاهیرمحەمەد، بەڕێوەبەری هاتوچۆی كۆیە بە (باس)ی راگەیاند، ڕێگەوبانەكانی كوردستان پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە و بە دووساید هەیە، گوتی: "بۆمان دەركەوتووە 20%ی هۆكارەكانی روداوەكانی هاتوچۆ بۆ یەك سایدی و خراپیی ڕێگەوبانەكان دەگەڕێتەوە".

روونیشی كردەوە، هۆكارێكی بەرچاوی تێکچوونی ڕێگەوبانەكان، بارهەڵگرەكانن بۆیە پێویستە ڕێگەی تایبەت بۆ بارهەڵگر هەبێت.

ئاماژەی بەوەش دا، چارەسەركردنی ڕێگەوبانەكان بەو جۆرە دەكرێت، دروستكردنی ڕێگەوبان لە حكوومەتەوە بدرێتە كەرتی تایبەت، گوتیشی: "چەندین كۆمپانیای كەرتی تایبەت ئامادەن ڕێگەوبانەكان بكەنە دووساید و كاتێكیش تەواو بوون بڕێك پارەی رەمزی لە شوفێران وەربگرن، ئەوەش لە زۆربەی وڵاتان هەیە و لە بەرژەوەندیی شوفێراندایە".

ئەو پێی وایە، پلانی چاككردنی ڕێگەوبانەكان لە ئاستی پێویستدا نییە، دەشڵێت: "بۆ نموونە، 4 ملیار دینار بۆ قیرتاوكردن و فراوانكردنی ڕێگەی هەولێر- كۆیە تەرخان كراوە، 4 مانگی پێدەچێت، بۆ ڕێگەی بەدیل دەبێت ڕێگەی سماقوڵی بەكار بهێندرێت، تا ئەو كاتە بەهۆی فشار ڕێگەی ئەوێش تێكدەچێت و دەبێت دووبارە پارەی بۆ خەرج بكرێتەوە، بۆیە بەم جۆرە ڕێگەوبانەكان خراپتر دەبن".

لە ساڵی 2010 ماستەرپلانی جووتسایدكردنی ڕێگەوبانی دەرەوەی شارەكان لە هەرێمی كوردستان دەستی پێ كرد، ئەو پرۆژەیەش‌‌ 2 ملیار‌ و 500 ملیۆن دۆلاری‌ بۆ تەرخان كرا، كە هەرساڵە و بەشێكی‌ ئەو بودجەیەی‌ بۆ خەرج بكرێت.

ئەو ماستەرپلانەی ڕێگەوبان، كە لە لایەن كۆمپانیا و كەسانی پسپۆر داندرابوو، بڕیار بوو تاوەكوو ساڵی 2030 بەردەوام بێت، بەپێی ماستەر پلانەكە، لە ساڵی 2017 هەموو ڕێگەی شار و شارۆچكەكانی كوردستان دەبوونە جووتساید، بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی ئەو پلانە شكستی هێنا.

زانا مستەفا، بەڕێوەبەری‌ گشتیی‌ پلاندانان لە وەزارەتی‌ ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن بە (باس)ی ڕاگەیاند، بە گشتی كاركردن لە پڕۆەژەكانی ڕێگەوبان دەستیان پێ كردووەتەوە، بەڵام لە ئاستی خواستدا نین.

روونیشی كردەوە، پێشووتر پلانیان هەبوو لە ساڵی 2010 بۆ ساڵی 2017 بەشێكی زۆری ڕێگەكان بكرێن بە جووتساید، بەڵام نەیشاردەوە، بەهۆی نەبوونی بودجە ئەو پلانەیان وەستاوە، بەڵام ئەو پلانەیان خستەوە ساڵی 2019.

پێوەند بە هەمان پرس، عەقید ئەسعەد مەلا کەریم، بەڕێوەبەری ئامار لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان بە (باس)ی راگەیاند، رووداوەکانی هاتوچۆ چەندە زیاد بن، زیانە گیانی و ماڵییەکانیش زیاتر دەبن.

ساڵانە لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە 8 بۆ 10 هەزار هاووڵاتی بەهۆی رووداوەکانی هاتوچۆوە بریندار دەبن، هەروەها 850 کەسیش گیان لەدەست دەدەن.

بەپێی ئامار و داتاکان، ساڵانە بەهۆی روداوەکانی هاتوچۆوە، هەرێمی کوردستان زیاتر لە 20 ملیۆن دۆلار زیانی پێ دەگات، بە جۆرێک، بەپێی قەبڵاندنەکان لە ڕۆژێکدا 55 هەزار دۆلار زیانی ڕووداوەکانی هاتوچۆیە، هەروەها هەموو سەعاتێک دوو هەزار دۆلار زیانی ڕووداوەکانی هاتوچۆیە.

عەقید ئەسعەد دەڵێت: "رووداوەکانی هاتوچۆ و قوربانییەکان زۆر لەوە زیاترن کە لە ئامارەکاندا تۆمار کراون، مەزەندە دەکرێ‌ ساڵانە نزیکەی 20 هەزار رووداوی هاتوچۆ روو بدەن".

 

 

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending