English | عربي

لەناوخۆی کوردستانەوە هەوڵێکی مەترسیدار لە دژی مووچەخۆران دەدرێت


لەناوخۆی کوردستانەوە هەوڵێکی مەترسیدار لە دژی مووچەخۆران دەدرێت

2019/05/16 | 10:20

(هەواڵ كوردستان)- چاودێران: ئەوانەی هەوڵەکە دەدەن جۆرێک لە هەماهەنگییان لەگەڵ عەبادی هەیە

لە ناوخۆی کوردستانەوە، ژمارەیەکی بەرچاو لە میدیاکان، بەتایبەتیش بەشێک لە میدیای سەر بە بەرپرسانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەوڵێک لە دژی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەدەن، لەبارەی مووچەکانیان.

 

لە دوای ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە لە مانگی ئاداری ٢٠١٩ بەپێی یاسای بودجە و کۆتاییهاتنی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە، بە شێوەیەکی بەردەوام ژمارەیەک میدیا هەموو هەلێک بۆ ترساندنی مووچەخۆران و بڵاوکردنەوەی دەنگۆی بڕینی مووچەکانیان دەقۆزنەوە، لە کاتێکدا چەندانجار تەواوی ئەندامانی کوردی لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و بەرپرسانی دیکە جەختیان کردووەتەوە کە بەپێی یاسا، حکوومەتی عێراق ناتوانێت مووچەی فەرمانبەران دووبارە ببڕێت.

 

لەبارەی هۆکاری بڵاوکردنەوەی ئەو دەنگۆیانە، جەلال محەمەد ئەمین، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”ئەو بابەتە هێندەی سیاسییە، ئەوەندە یاسایی نییە، بڕیاریش دراوە لەگەڵ دەست بەکاربوونی حکوومەت و ڕێڕەوەکانی پەرلەمان، کار بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک بکرێت و ھەموو لایەک دڵنیابن لەگەڵ دەست بەکاربوونی حکوومەت، پرسی گەڕاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە و مووچە فەوتاوەکان یەکێک دەبێت لەبەرنامە گرنگەکانی بەردەممان، بۆ ئەوەی ئەم دڵەراوکێییە لەدڵی خەڵک نەمێنێت".

 

جەختیشی کردەوە کە بڵاوکردنەوەی ھەواڵێک لە کاتێکدا بنەمای نەبێت، کارێکی خراپە و ”دەبێت بە یاسا خەڵکی گەرەنتی بکرێن کە بەم جۆرە هەواڵانە دڵەڕاوکێیان لەلا درووست نەکرێت“.

 

لەلایەن خۆشیەوە جەواد سوار، چاودێری سیاسی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "مووچەی ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسای بودجەی ٢٠١٩ عێراق رێک خراوە، لە ڕوانگەی یاساییەوە گرفتی نییە، ئەوەی ناخۆشە دەنگ و رەنگێک پەیدا بووە کە بەداخەوە ھەندێک لایەن و پەرلەمانتار بۆ ئەوەی دەمیان شیرین بکرێت، یان پۆست لەبەغدا وەربگرن، دەستیان بە بڵاوکردنەوەی شتی ناڕاست کردووە و دەیانەوێت دڵەڕاوکێ لەناو خەڵک بڵاو بکەنەوە، بەشێکی ئامانجی سیاسییە بەتایبەت لێدانە لە دروشمی کوردستانێکی بەھێز و دەیانەوێت فشار لەسەر حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دروست بکەن، چونکە ترسیان لەوە ھەیە حکوومەتێکی بەھێز دروست ببێت، بەڵام بۆیان ناچێتە سەر، چونکە رەنگ بێت گەرەنتی ھەندێک شت کرابێت بۆیە دەیانەوێت لەوەش بدەن والە خەڵک بگەیەنن گەەرنتی نییە".

 

بە پێویستیشی زانی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵ بێت بۆ ئەوەی کەلێن نەکەوێتە نێوانیان.

ئەوەشی نەشاردەوە کە ئێستا حەیدەر عەبادی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق، بەرەیەکی لەدژی عادل عەبدولمەھدی و کوردستان  کردووەتەوە و نایەوێت پەیوەندیی نێوانیان باش بێت، بۆیە جۆرێک لە ھەماھەنگی لەنێوان حەیدەر عەبادی و ئەو گرووپەی ناوخۆی کوردستان هەیە کە دەنگۆکان بڵاو دەکەنەوە.

 

هەر لەمبارەیەوە د.

مەدحەد سلێمان، چاودێری سیاسی بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”لەبودجەی عێراقدا دوو شت لە یەکتری جیاکراوەتەوە، خودی بودجەکە لە (مووچە و بودجە و بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان) پێکھاتووە، هەر لەو یاسارەدا بڕیار دراوە کە مووچە لە بودجە جیا بکرێتەوە، مووچە ئێستا دێت، بەڵام بودجە پەیوەست کراوە بە ناردنی ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، کەواتە ئەگەر ئەو نەوتەش نەڕوات، مووچە ھەر دێت، بەداخەوە ئێستا ھەندێک پەرلەمانتاری کورد دەیانەوێت ئەو دەستەواژەیە بەھەڵە بەکار بھێنن، چونکە تائێستا بودجە نەنێردراوە تا ببڕدرێت، لێدوانی وەزیری نەوتی عێراقیش کە دەڵێت بودجەی کوردستان دەبڕین کە ئەگەر نەوت ڕادەست نەکات، دەی دەبێت خەڵک بزانن بودجە نەھاتووە تا ببڕدرێت“.








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending