English | عربي

د. ئارام: ئەمساڵ ھیچ ھەڵبژاردنێك لە عێراق ئەنجام نادرێت


د. ئارام: ئەمساڵ ھیچ ھەڵبژاردنێك لە عێراق ئەنجام نادرێت

2019/05/16 | 10:30

(هەواڵ كوردستان)-

 

بەغدا-KDP.info- بڕیار بوو كۆتایی ئەمساڵ پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق بەڕێوە بچێت، گوتەبێژی فڕاكسیۆنی پارتیش لە پەرلەمانی عێراق دەڵێ، ئەمساڵ ھیچ ھەڵبژاردنێك لە عێراق  ئەنجام نادرێت.

 

دكتۆر ئارام باڵەتەیی، گوتەبێژی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "بڕیار بوو پڕۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە كۆتایی ئەمساڵدا بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەویش چەند مەرجێكی بۆ دانرابوو، یەكێك لەو مەرجانەی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق ئەوە بوو، كە تا مانگی نیسانی رابردوو یاسای ھەڵبژاردنەكان ھەموار بكرێتەوە لە لایەن پەرلەمانەوە، بە گوتەی ئەوكاتی كۆمسیۆن ئەگەر یاساكە لە مانگی  نیساندا ھەموار نەكرێتەوە، ئەوە كۆمسیۆن توانای بەڕێوەبردنی پڕۆسەی ھەڵبژاردنی نابێت لە ساڵی ٢٠١٩ـدا".

 

گوتەبێژی فڕاكسیۆنی پارتی دەشڵێت: "لە ئێستادا پێشنیاز كراوە لە ٢٠ی نیسانی ساڵی داھاتوودا ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئەنجام بدرێت، بەڵام ھەندێك ھێزی سیاسیی عێراقی داوایان كردووە وادەی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكان پێش بخرێت بۆ ١٥ی شوباتی ساڵی ئایندە".

 

باڵەتەیی روونیشی كردەوە: "ئەمساڵ ھیچ ھەڵبژاردنێك لە عێراق بەڕێوە ناچێت، چونكە كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق ناتوانێت رێكارەكانی بەڕێوەبردنی پڕۆسەكە ببڕێت و ئامادەكارییەكان كاتی زیاتری دەوێت بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن، راستە لە بەرنامەی پەرلەماندایە یاسای ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق ھەموار بكاتەوە، بەڵام تا ئێستا لە كارنامەی كۆبونەوەی داھاتوودا نەھاتووە، ئینجا نازانین كەی پەرلەمان ئەو پرسە یەكلا دەكاتەوە".

 

قائید میرۆ

 








نیشانەکردن



زۆرترین






ڤیدیۆ- وێنە





Trending